Alternate Text

زۆرترین بینراو

Alternate Text

سێ ئەندامی سەركردایەتی گشتی یەكێتی لادەبرێن؟

کوردستان

بینراو 2773

پێش 2 هەفتە

Alternate Text
+ -


وا بڕیارە یەكەم كۆبوونەوەی سەركردایەتی گشتی یەكێتی لەڕۆژانی حەوت تا ١٥ی ئەم مانگە ببەسترێت، راهبەر سەید ئیبراهیم، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی-ش لەسەر ئەو بابەتە بە بی ئێم سی راگەیاند، ئەوەی هەیە لەسەر لابردنی سێ سەرکردایەتی یەکێتی تەنیا بۆچوونە، ئەوە لە کۆبوونەوە بریاری لێدەدرێت، چونکە پێشتر هەمووی لەسەر ١٢١ کۆک بوون بەڵام ئێستا ١٢٤، یان دەبێت لەکوێ خۆیان هەلبژاردووە لەوێ دیارییان کەن یان دایانگرن.

مستەفا چاوڕەش، بەتەمەنترین ئەندامی هەڵبژێردراوی سەركردایەتی كۆنگرەی یەكێتیی  بە تۆڕی میدیایی بینەری راگەیاند، "بە شەرەفێكی گەورەی دەزانم كە سەرۆكایەتی یەكەم كۆبوونەوەی سەركردایەتی گشتی بكەم، هۆكاری دواكەوتنەكەش پێم وانیە هۆكاری سیاسی بێت، پشووەكانی سەری ساڵ بەشێكە لە هۆكارەكەی".

لەسەر هەمان پرسی بۆچی یەكەم كۆبوونەوەی سەركردایەتی گشتی دواكەوتووە؟ ، رەهبەر سەید ئیبرایم ئەندامی هەڵبژێردراوی سەركردایەتی كۆنگرەی یەكێتی بە تۆڕی میدیایی بینەری راگەیاند، "هۆكاری دواكەوتنەكەش پێم وانییە هۆكاری سیاسی بێت، تەنیا هۆکەرەکەی پشووەكانی سەری ساڵە و لەگەڵ هۆكاری سەفەرکردنی ئەوانەی چوونەتە دەرەوە".

مستەفا چاورەش لەسەر ئەوانەی دەنگی پێویستیان نەهێناوە لە کۆنگرەداو باس لەوە دەکەن یاری بە دەنگەکانی ئەوان کراوەو هەندێك لەوانەی دەرنەچوون بەتایبەتی چەند سەركردایەتیەك باسیان لەوەکردووە هێز لە كۆنگرەدا حوكمی هەڵبژاردنەكەی كردووە، روونیکردەوە، "ئەوانە دیارە دڵیان گەرمەو هەرچیان وتووە خۆیان لێی بەرپرسن، من ناچمە ئەو وردەكارییەوە، هەموومان بەرپرسین لەوەی ئەگەر كەموكوڕییەك هەبووبێت هەوڵدەین ئەوانە غەدریان لێنەكرێت‌و دەورو مەكانەی خۆیان هەبێت، هیچیان كەمیان نەكردووە لە بەشێک لەوانەی كە ئێستا هاتونەتە پێشەوە زۆر ماندووترن، لەبەرئەوەی دەبێ بە رێزو حورمەتەوە جێگەو مەكانەیان لە جاران زیاتر نەبێت كەمتر نەبێت".

لەسەر هەمان پرس راهبەر سەید ئیبراهیم جەختیکردەوە، "من نە پارەم داوە بە کەس نە پارەشم لەکەس وەرگرتووە، دەریشچووم بۆ سەركردایەتی گشتی یەكێتی".

مستەفا چاورەش لەسەر زۆرترین دەنگی کۆنگرە رایگەیاند، "دیارە هێنانی دەنگی یەكەم شتێكی خۆشە بۆئەو كەسەی دەیهێنێت هەم لەناو خەڵك‌و میللەت‌و یەكێتییەكاندا دەورو مەكانەی خۆی دەردەخات، جاری واهەیە كەسێك دەنگی زۆری هێناوە رەنگە لە كەسەكەی تر بەتواناتر نەبێت، ئەو برادەرانەی تر دەنگیان هێناوە هەموویان خەڵكی ماندوو تێكۆشەرن‌و حەقی خۆیانە، ئەمەش كۆنگرەیەو كەس ناتوانێت لە گرنگی دەنگ كەمبكاتەوە دیارە ئەو كەسە خۆی شایستەی ئەوەبووە، ئینجا لە رابردوو و لە داهاتوو هەركەسێك بێت دەبێت پیرۆزبایی لێبكەین‌و پشت‌و پەنای بین، من پیرۆزبایی لەوە دەكەم كە یەكەم دەنگی هێناوەو لەوەی ئاخر دەنگی هێناوەو لەوانەیشی كە دەرنەچوون".

لەسەر پرسی ئەوەی کە سێ ئەندامی سەرکرایەتی گشتی یەکێتی دووردەخرێنەوە لاشوێنی ئەوان هەریەک لە بەرهەم‌ ساڵح و  قوباد‌ تاڵەبانی و رێواز فایەق دەچنە شوێنیان مستەفا چاورەش روونیکردەوە، "كاك بەرهەم‌ و كاك قوباد‌و رێوازخان دەچنە سەر ئەو ژمارەیەو لە ژمارەكە دەردەكرێت واتە ١٢١ ئەبێت بە ١١٨ ئەو سێ كەسە دەخرێتە شوێنیان، بەڵام جگە لەو سێ كەسە ناوی ١٢١ كەس راگەیەنراوە؟ مستەفا چاورەش وتیشی: من ئەوە یەكەمجارە دەیبیستم زۆر لایشم موهیم نییە ئەوەیان چارەسەر دەكرێت، با نۆش لە بانی دە بێت، ئەگەر یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی ئیشەكان باش بەڕێوەبچێت گلەیی نەكرێت ئەوە شتێكی ئاساییە، دیارە لەنێو ئەوانەیشدا ئەنجومەنی سەركردایەتی هەڵدەبژێردرێت بزانین چۆن دەبێت".

لەسەر هەمان پرس راهبەر سەید ئیبراهیم جەختیکردەوە، "ئەوەی هەیە لەسەر لابردنی سێ سەرکردایەتی یەکێتی تەنیا بۆچوونە، ئەوە لە کۆبوونەوە بریاری لێدەدرێت، چونکە پێشتر هەمووی لەسەر ١٢١ کۆک بوون بەڵام ئێستا ١٢٤، یان دەبێت لەکوێ خۆیان هەلبژاردووە لەوێ دیارییان کەن یان دایانگرن".

لەسەر پرسی  گرنگی ئەو ئەنجومەنە (٤٥) یان (٥٠) كەسیە، مستەفا چاوڕەش وتی، "پێشەكی من پابەندم بە بڕیاری كۆنگرە، بەڵام پێموایە ناكرێت هەموو جارێك ١٢١ كەس كۆببێتەوە، لەبەرئەوە ئەو ئەنجومەنە (٥٠) كەسییە كە هەڵئەبژێردرێت دروست دەكرێت، ناكرێت هەموو كاتێك بەو قەرەباڵغییە ١٢١ كەس دابنیشین، ئەو ٥٠ كەسە دەبن بە كۆمیتەی سەركردایەتی لەناو ئەو ٥٠ كەسەشدا مەكتەبی سیاسی هەڵدەبژێردرێت، ئیجا هێشتا نازانرێت ئەو ئەنجومەنە ٥٠ یان ٦٠ دەبن، لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی گشتی قسەی لەسەر دەكرێت، ئەوانەیشی دەمێننەوە لەدوای دروستكردنی ئەو كۆمیتەیە ئیشوكاریان بۆ دیاری دەكرێت حەتمەن بەشێكیان ئێستا ئیشوكاریان هەیە، بەڵام وەك زیاتر لە ٤٠ ساڵە ئەم حیزبە هەیەو ئیشی تیا ئەكەین و لەدنیاشدا هەروایە، ئەبێت ئەنجومەنێكی سەركردایەتی هەبێت‌و مەكتەبی سیاسی هەبێ و ئیشی رۆژ رایی بكات".

Copyright 2019 BMC TV. All right reserved

Designed and Developed by AVESTA GROUP