Alternate Text

زۆرترین بینراو

Alternate Text

ئەندازیاری کوشتنی قاسم سولەیمانی ئاشکرابوو

جیهان

بینراو 9100

پێش 2 هەفتە

Alternate Text
+ -

رۆژنامەیەکی ئەمەریکی له‌ راپۆرتێكیدا تیشكی خستووه‌ته‌ سه‌ر رۆڵی مایك پۆمپێیۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ بڕیاری كوشتنی قاسم سوله‌یمانی، فه‌رمانداری پێشووی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و ئه‌بومه‌هدی موهه‌ندیس.

رۆژنامه‌ی واشنتن پۆستی ئه‌مه‌ریكی، له‌ راپۆرتێكدا تیشكی خستووه‌ته‌ سه‌ر رۆڵی مایك پۆمپێیۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ بڕیاری كوشتنی قاسم سوله‌یمانی، فه‌رمانداری پێشووی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و ئه‌بومه‌هدی موهه‌ندیس، جێگری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی و یاوه‌رانیان.

ئەو رۆژنامەیە ئاماژەی بەوەشکردووە،" بڕیاری كوشتنی قاسم سوله‌یمانی به‌هۆی جه‌ختكردن و سووربوونی مایك پۆمپێیۆە وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا دراوه‌، چونكه‌ تا ده‌ركردنی بڕیاره‌كه‌، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ چه‌ندینجار په‌یوه‌ندی به‌ دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكاوه‌ كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی سوله‌یمانی له‌ عێراق بكوژن".

واشنتن پۆست له‌سه‌ر زاری ئه‌و به‌رپرسه‌ ئه‌مه‌ریكییانه‌وه‌ نوسیوویه‌تی "مانگی ته‌مووزی رابردووش پۆمپێیۆ زۆر ماندوو بوو به‌ پرسی وه‌شاندنی گورزی سه‌ربازیی له‌ ئێران، به‌ڵام نه‌یتوانی سه‌رۆك تره‌مپ قایل بكات، چونكه‌ ئه‌وكاته‌ تره‌مپ له‌ دوا ساتدا بڕیاری نه‌دا به‌هۆی خستنه‌ خواره‌وه‌ی فڕۆكه‌یه‌كی بێفڕۆكه‌وانی ئه‌مه‌ریكی له‌ كه‌نداو هێرشی سه‌ربازیی بۆ سه‌ر ئێران ئه‌نجام بدات، به‌ڵام گۆڕانكارییه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی تیمی تایبه‌تی تره‌مپ و دوو دڵییه‌كانی تره‌مپ له‌ وه‌شاندنی گورزی سه‌ربازی له‌ ئێران، ده‌رفه‌تێكی باشی بۆ پۆمێیۆ ره‌خاساندووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی سووربێت له‌سه‌ر پلانه‌كه‌ی كه‌ بۆ كوشتنی سوله‌یمانی هه‌یبووه‌".

به‌رپرسێكی دیاری ئه‌مه‌ریكی به‌ رۆژنامه‌ی واشنتن پۆستی گوتووه‌: "پۆمپێیۆ مانگێ پێش كوشتنی سوله‌یمانی بۆ یه‌كه‌مجار له‌وباره‌یه‌وه‌ قسه‌ی له‌گه‌ڵ دۆناڵد تره‌مپ كردووه‌، به‌ڵام ئه‌وكاته‌ سه‌رۆك و پێنتاگۆن ئاماده‌ نه‌بوون ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر پرۆسه‌یه‌كی سه‌ربازیی له‌و جۆره‌ بده‌ن".

سه‌رچاوه‌ی رۆژنامه‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كه‌ گوتوویه‌تی،" یه‌كێك له‌و هۆكاره‌ سه‌ره‌كیانه‌ی تره‌مپی هانداوه‌ كوشتنی سوله‌یمانی په‌سه‌ند بكات و لای هه‌ندێك له‌ به‌رپرسانیش بووه‌ به‌ مایه‌ی شۆك، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ هه‌ماهه‌نگی نێوان پۆمپێیو و ئیسپه‌ر و ئه‌و دووانه‌ش پێكه‌وه‌ له‌ ئه‌كادیمیای سه‌ربازیی ئه‌مه‌ریكا خوێندوویانه‌، پێكه‌وه‌ش ئه‌و پرسه‌یان له‌گه‌ڵ تره‌مپ باسكردووه‌. به‌گوته‌ی به‌رپرسه‌ باڵاكه‌ی ئه‌مه‌ریكا، مایك پێنس، جێگری سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكاش پاڵپشتیی له‌و بژارده‌یه‌ كردووه‌".

لەکۆتایشدا ئەوەیان خستووتەڕوو  تره‌مپ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی راسپاردووه‌ به‌رگریی له‌ بڕیاری كوشتنی سوله‌یمانی بكات له‌ میدیاكان و له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، چه‌ند دیپلۆماتكارێكی ئه‌وروپیش گوتوویانه‌، پۆمپێیۆ پیشبینی ده‌كات هاوپه‌یمانه‌ بیانییه‌كانی واشنتن، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌ بڕیاری كوشتنی سوله‌یمانی پرسیان پێنه‌كراوه‌، به‌ڵام دواجار پاڵپشتیی خۆیان بۆ ئۆپراسیۆنه‌ ئاسمانییه‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكا ده‌رده‌بڕن.

Copyright 2019 BMC TV. All right reserved

Designed and Developed by AVESTA GROUP