Alternate Text

زۆرترین بینراو

Alternate Text

گۆران عومەر: هەندێک پەرلەمانتار بۆ خانەنشینی خۆی زمانی لە ئەڵماس تیژترە

کوردستان

بینراو 206

پێش 2 هەفتە

Alternate Text
+ -


دواجار گفتوگۆکانى پەرلەمان و حکومەت لەسەر پڕۆژەى چاکسازیی، نەهێشتن یان کەمکردنەوەى خانەنشینى پلە باڵاکان، زیادکردنى موچەى خانەنشینى فەرمانبەرانى لێنەکەوتەوە، ئەوەش پڕۆژەکەى رووبەڕووى رەخنە کردووەتەوە لەلایەن هەندێک فراکسیۆنی پەرلەمانەوە.

بڕیارە ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو پڕۆژەیاسای چاکسازی لە پەرلەمانی کوردستان خوێندنەوەی دووەمی بۆ بکرێت پەرلەمانتارێکی گۆڕانیش رایدەگەیەنێت، ھەندێــک پەرلەمانتار لە کۆوبونەوەی لیژنە بۆ بەرژەوەندی خۆی و مانەوەی خانەنشینی خۆی زمانی لە ئەڵماس تیــژ ترە، کەچی لە تۆڕە کۆمەڵەیەتێکان و بەر کامیراکان بۆ مزایدە کردن کەسێکی ترە.

دوای بڵاوکردنەوەی رەشنوسی پڕۆژەیاسای چاکسازی، پڕۆژەیاساکە روبەڕووی رەخنەیەکی زۆر بووەوە، بەهۆی ئەوەی کە بەگوێرەی پڕۆژەکە، خانەنشینی پەرلەمانتار و پلەباڵاکان گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی تێدا ناکرێت و کەمترین موچەی خانەنشینیش ناکرێتە ٤٠٠ هەزار دینار.

گۆرانی ئینزیبات پەرلەمانتاری گۆڕان لەپەرلەمانی کوردستان بە تۆری میدیایی بینەری راگەیاند، "یاسای چاکسازی لەهەندێک رووەوە زۆر باشە، بەڵام ئەوەی لای من مەبەستە ئەوەیە چۆن خانەنشینی پلە باڵاکان دەهێننە خوارەوەو کەم دەکرێتەوە، بتوانرێت جارێکی تر ئەو بڕە پارەیە بخرێتە سەر خانەنشینی ئەو کەسانەی کە مووچەکایان ١٥٠ هەزارو ٢٠٠ هەزارە، لە یاساکەدا کارێکی وا بکرایە مووچەی خانەنشینی ئەوان بکرایە بە ٤٠٠ هەزار چونکە ماڵێکی هەژار بە مووچەی خانەنشینی ١٥٠ هەزاری بەرێوەناچیت".

گۆرانی ئینزیبات رەخنەی لە هەندێک پەرلەمانتاریش گرت و باسی لەوەکرد، "ئەوەی هەندێک پەرلەمانتار دەیکەن، (بانێک و دوو ھەوا)یە هەندێک پەرلەمانتار لە کۆوبونەوەی لیژنە بۆ بەرژەوەندی خۆی و مانەوەی خانەنشینی خۆی زمانی لە ئەڵماس تیــژ ترە، کەچی لە تۆڕە کۆمەڵایەتێکان و بەر کامیراکان بۆ مزایدە کردن کەسێکی ترەو خۆی دەکات بە فریشتە لای خەڵک وا خۆی پیشان دەدات کێشەی کەمکردنەوەی مووچەی خانەنشینییەکەی خۆی نییە، بەڵام ئەوانە ئەکتەرێکی باشن نەک نوێنەری گەل".

ئەو پەرلەمانتارەی گۆران راشیگەیاند، فراکسیۆنەکەیان، راشکاوانە بۆچوونی خۆی وتووەو لە راگەیاندن و کۆبوونەوەی لیژنەکان یەک قسە دەکەین، من لەگەڵ کەمکردنەوەی خانەنشینی پلە باڵاکانم بۆ زیادکردنی ئەوانەی ١٥٠ هەزار وەردەگرن مانگانە لە حکومەت، لەکاتی ئامادەکردنی راپۆرتی لیژنەی دارایی لەسەر پڕۆژەکە، لیژنەکە چەند پێشنیازێکی داوەتە حکومەت بۆ زیاکردنی کەمترین موچەی خانەنشینی بۆ ٣٥٠ هەزار دینار، بەڵام حکومەت رەتیکردووەتەوە، کە توانەی ئەو بڕە پارەیەی هەبێت بیدات بە خانەنشینی فەرمانبەران".

دابان محەمەد پەرلەمانتاری هەمان فراکسیۆن لە لێدوانێکیدا بۆ تۆڕی میدیایی بینەر رایگەیاند، "یەکێک لە تێبینییەکان کە هەمانە خانەنشینی پلە باڵاکانە کە دەبێت کەمبکرێتەوە، ئێمە لەگەڵ بەرزکردنەوەی خانەنشینی هەموو ئەوانەین کە مووچەکانیان ٢٠٠ هەزارە بەرز بکرێتەوە بۆ ٤٠٠ هەزار یان سەروتر، ئەگەر حکومەتی هەرێم بتوانێت برێک لەو پارەیەی لە نەوت دەیداتە وەزارەتی دارایی زیاد بکرێت مانگانە ٢٠ ملێۆن بۆ ٣٠ ملێۆن دۆلار ئەوا دەتوانرێت مووچەی خانەنشینی بەرزبکرێتەوە هاوتای عێراقی لێبکرێت".

ئەوەی تایبەتە خانه‌شینى پله‌باڵاكان هەڵوێستی ئێمە روون بووە، داوامان کردووە کەمبکرێتەوە لەسەر ئاستی پەرلەمان و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمیش، ئه‌وه‌ى ئێستا له‌ په‌رله‌مانى كوردستانه‌، هه‌نگاوى یه‌كه‌م و پاكێجێكى چاكسازییه‌، له‌ناویشیدا، زیاتر رۆشنایى له‌سه‌ر خانه‌نشینى پله‌باڵاكان و په‌رله‌مانتارانه‌، له‌م ڕوه‌وه‌ كه‌ به‌شى هه‌ره‌ زۆر كارى پله‌ باڵاكان و په‌رله‌مانتارى نوێنه‌رایه‌تى به‌رپرسیارێتیه‌، له‌ رابردو و ئێستاشدا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌بوین كه‌ خانه‌نشینى هه‌ڵوه‌شێته‌وه‌ و نه‌مێنێت".

دابان محەمەد وتیشی، "به‌شێكى زۆرى وڵاتانیش كه‌ (( له‌ دواى كارى په‌رله‌مانى و ئه‌و به‌رپرسیارێتیه‌ى له‌ پله‌یه‌كى باڵا ده‌خرێته‌ ئه‌ستۆ، ده‌توانرێت خزمه‌تى ئه‌و ماوه‌یه‌ ببرێته‌وه‌ بۆ كارى پێشو و له‌سه‌ر ئه‌و هه‌مان كارى پێشوش خانه‌نیش بكرێت، كاتێك ته‌مه‌نى ده‌گاته‌ خانه‌نشینى، ئه‌وانه‌شى كاریان نه‌بووه‌ و نیه‌، بۆ ماوه‌یه‌ك كه‌ زیاتر نه‌بێت له‌ یەک ساڵ، مووچه‌كه‌ى یان به‌شێكى له‌ مووچه‌كه‌ى پێبدرێت تا كارێكى تر ده‌دۆزێته‌وه‌، ناكرێت بۆ ماوه‌ى چوار ساڵ ئه‌ك و به‌رپرسیارێتیه‌ك له‌سه‌ر شان بێت، ئیتر تا مردن داخڵى سیستمى مووچه‌ و خانه‌نیشى حكومه‌ت و ده‌وڵه‌ت بكرێت، ئه‌م بۆچوونه‌ نه‌ك له‌ فراكسیۆنى گۆڕان، به‌ڵكو له‌ ناو فراكسیۆنه‌كانى تریشدا پشتیوانى ده‌كرێت، بۆیه‌ نه‌ك له‌ ناو په‌رله‌مان، ده‌رفه‌ت ماوه‌ له‌ روى سیاسیشه‌وه‌ به‌رپرسانى گۆڕان راشكاوانه‌ ئه‌م داوایه‌ له‌ پارتى بكه‌ن ".

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەمەی هەیە تەنیا لە خەرجکردندا چاکسازی کراوە، ئێمە دەمانەوێت لە داهاتیشدا چاکسازی بکرێت، له‌ هه‌موو بارێكدا، ئه‌و پێشنیاره‌ى له‌ یاسایى چاكسازیدا هاتووه‌ و ئه‌وانه‌شى هه‌ندێك لایه‌نى تر دواتر كردویانه‌، به‌لاى ئێمه‌وه‌ قبوڵ كراو نه‌بووه‌ (( ئه‌ندامه‌كانى ئێمه‌ له‌ لیژنه‌ى دارایى و یاسایى په‌رله‌مان، تێبینیه‌كانى خۆیان له‌سه‌ر ئیمزاكانیان نوسیوه‌)) هه‌موو پێشنیاره‌كان به‌لاى ئه‌و سه‌دان كه‌سه‌دا شكاوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ ساڵى ١٩٩٢ ه‌وه‌، وه‌ك پله‌ باڵا خانه‌نیش بوون و ئێستا ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى و مه‌كته‌بى سیاسى حزبه‌كانن كه‌ زیاتر له‌ ١٠٠٠ كه‌سن، نزیكه‌ى ٧٠ كه‌سى گۆڕانن و زۆرینه‌ى پارتى و یه‌كێتى لایه‌نه‌كانى دیكه‌ن".









Copyright 2019 BMC TV. All right reserved

Designed and Developed by AVESTA GROUP