Alternate Text

زۆرترین بینراو

Alternate Text

بارزانى بۆ وڵاتانى نێوده‌وڵه‌تی: شه‌رم بکه‌ن له‌گه‌لی کورد

کوردستان

بینراو 339

پێش 3 هەفتە

Alternate Text

مه‌سعود بارزانى سه‌رۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان له‌ یادى ئه‌نفالى بارزانیه‌کان ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 31ى ته‌موزى 2019 په‌یامێکى بڵاوکرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، "یادکردنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ ویژدانى کۆمه‌ڵى نێوده‌وڵه‌تى به‌خه‌به‌ر بێت و کاتێک تازه‌ وا گۆڕى به‌کۆمه‌ڵى ئازیزانمان له‌ بیابانه‌کانى عێراق ده‌دۆزرێنه‌وه‌، شه‌رم له‌ گه‌لى ئێمه‌ بکه‌ن".


ده‌قى په‌یامه‌که‌ى مه‌سعود بارزانى
به‌ناوى خوداى به‌خشنده‌ و دلۆڤان

ئه‌مڕۆ یادى ڕۆژێکى تاریکه‌ له‌ مێژووى گه‌له‌که‌ماندا. به‌ر له‌ سى و شه‌س ساڵ ڕژێمى به‌عس به‌شێوه‌یه‌کى دڕندانه‌ هه‌شت هه‌زار پیاوى پیر و گه‌نجى بارزانیی، هه‌ر له‌ ته‌مه‌نى نۆ ساڵى هه‌تا به‌ساڵاچووى نه‌وه‌د ساڵه‌، ڕاپێچى بیابانه‌کانى باشوورى عێراق کرد و به‌شێوه‌یه‌کى نامرۆڤانه‌ کۆمه‌ڵکوژى کردن.

ئه‌و تاوانه‌ ئه‌ڵقه‌یه‌ک بوو له‌و زنجیره‌ کاره‌سات و قوربانیدانانه‌ى به‌سه‌ر ڕۆڵه‌کانى گه‌لى کوردستاندا هاتووه‌، هه‌ر له‌ بێسه‌روشوێنکردنى دوازده‌هه‌زار گه‌نجى فه‌یلى و ئه‌نفالى گه‌رمیان و کیمیابارانکردنى هه‌ڵه‌بجه‌ بگره‌ هه‌تا ته‌عریب و ڕاگواستن و په‌لامارى تیرۆریستان و تاوان له‌دژى خوشک و برا ئێزیدییه‌کانمان.

ئه‌گه‌رچى به‌درێژایى مێژووى خه‌باتى ڕزگاریخوازى گه‌له‌که‌مان، ته‌واوى گه‌له‌که‌مان تووشى کاره‌سات و نه‌ھامه‌تى بووه‌، به‌ڵام دوژمن به‌تایبه‌ت ڕقێکى زۆڕى به‌رانبه‌ر بارزان ھه‌بوو، وه‌ک مه‌ڵبه‌ندى شۆڕش و به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ى داگیرکارى و کانیى ڕێبازى سه‌ربه‌خۆییخوازی، لێى ترساون.

دوژمن ھه‌شت ھه‌زار بارزانى ئه‌نفال کرد، به‌ڵام نه‌ک ھه‌ر نه‌یتوانى ئه‌و ڕێبازه‌ بشکێنێت، به‌ڵکوو تا ئێستاش ئه‌و ڕێبازه‌ نوێنه‌رایه‌تیى کوردایه‌تى ده‌کات.

به‌داخه‌وه‌، له‌کاتێکدا سى و شه‌ش ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و تاوانه‌ گه‌وره‌یه‌دا تێده‌په‌ڕێت، ئێستاش ناوه‌ ناوه‌ ڕه‌نگداوه‌ى بیرى شۆڤینى و ئه‌نفالچى له‌ ھه‌ڵسوکه‌وت و ڕه‌فتارى ھه‌ندێ که‌س و لایه‌ندا ده‌بینین، که‌ ئه‌وه‌ کێشه‌ى سه‌ره‌کیى گه‌لى ئێمه‌ بووه‌ له‌گه‌ڵ حکوومه‌ته‌ یه‌ک له‌دواى یه‌که‌کانى به‌غدا.

له‌یادى ئه‌نفالى بارزانییه‌کاندا، ده‌مه‌وێ جه‌خت بکه‌مه‌وه‌ که‌ یادکردنه‌وه‌ ته‌نھا بۆ وه‌بیرھێنانه‌وه‌ى ئازاره‌کان نییه‌. بۆ ئه‌وه‌یه‌ ھه‌موو تواناکان بۆ ڕیشه‌کێشکردنى ئه‌و ھزره‌ى ئێمه‌ى ئه‌نفال کرد بخرێته‌ گه‌ڕ. بۆ ئه‌وه‌یه‌ ویژدانى کۆمه‌ڵى نێوده‌وڵه‌تى به‌خه‌به‌ر بێت و کاتێک تازه‌ وا گۆڕى به‌کۆمه‌ڵى ئازیزانمان له‌ بیابانه‌کانى عێراق ده‌دۆزرێنه‌وه‌، شه‌رم له‌ گه‌لى ئێمه‌ بکه‌ن و بزانن چ زوڵمێکمان لێ کرا و ئه‌وان بێده‌نگ بوون.

بژى کوردستان
نه‌مرى بۆ شه‌هیدانى ڕێگه‌ى ئازادی

مسعود بارزانی
٣١ىته‌مموزی ٢٠١٩

Copyright 2019 BMC TV. All right reserved

Designed and Developed by AVESTA GROUP