Alternate Text

زۆرترین بینراو

Alternate Text

واشنتۆن بە رەسمی لە پەیماننامەی چەکی نەوەویی لەگەڵ روسیادا کشایەوە

جیهان

بینراو 483

02/08/2019

Alternate Text
+ -

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە رەسمی کشانەوەی ئەمریکای لە پەیماننامەی چەکی نەوەوی لەگەڵ روسیا لەبارەی مووشەکی ناوەند مەودا راگەیاند.

مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکان بەرەسمی کشانەوەی لەو پەیماننامەیە راگەیاند کە لە کاتی جەنگی ساردا لە ساڵی ١٩٨٧دا لەگەڵ روسیادا ئەنجامیدابوو.

پۆمپیۆ لە سەردانەکەیدا بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی هەرێمایەتی لە بانکۆکی پایتەختی تایلەند رایگەیاند، کشانەوەی ئەمریکا لەو رێککەوتننامەیە لە ئەمڕۆوە دەستپێدەکات و جێبەجێدەکرێت، ئاماژەی بەوەشکرد، "روسیا بەرپرسی یەکەمە لە هەڵوەشاندنەوەی پەیماننامەکە".

لە بەرامبەردا وەزارەتی دەرەوەی روسیا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، لە ٢-٨-٢٠١٩ رێککەوتن لەگەڵ واشنتۆن کۆتایپێهات لەبارەی مووشەکە ناوەند مەودا و کورت مەوداکان.

سێرگی ریباکۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا داوای لە ویلایەتە یەکگرتووەکان کرد بڵاوکردنەوەی مووشەکە ناوەند مەوداکان رابگرێت بەو پێیەی رێککەوتنەکە کۆتایپێهاتووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕیاری راگرتنی ئەو مووشەکانە هاوشێوەی بڕیارەکەی فلادیمێر پۆتن، سەرۆکی روسیایە کە وتبووی، ئەگەر ویلایەتە یەکگرتووەکان بڕیاریدا بڵاوە بەو مووشەکانە نەکات، روسیاش بەهەمان شێوە ئەو کارە ناکات.

لای خۆشیەوە ناتۆ بەرپرسیارێتی کۆتاییهێنان بەو پەیماننامەیە بۆ روسیا گەراندۆتەوە، ئەوەش لە کاتێکدایە روسیا و ئەمریکا یەکتری تۆمەتباردەکەن بە شکاندنی پەیماننامەکە.

چاودێرانیش پێیان وایە مەترسی کۆتاییهێنان بە رێککەوتنەکە کێبڕکێیەکی نوێ لە نێوان ئەو دوو وڵاتە لەرووی پڕچەککردن دروستدەکات، لەگەڵ ئەوەشدا هەڕەشە لەسەر رێککەوتننامەی "ستارت" لەبارەی ستراتیجی چەکی نەوەوی کە بڕیارە ساڵی ٢٠٢١ کۆتاییپێبێت دروستدەکات.

بەپێی پەیماننامەکە مووشەکە ناوەند مەوداکان کە ناسراوە بە "ئەی ئێن ئێف"، لە نێوان روناڵد ریگن، سەرۆکی ئەمریکا و میخائیل گۆرباتشۆف، سەرۆکی روسیا واژوو کراوە، دوای ئەنجامدانی ئەو پەیماننامەیە بە رێککەوتنێکی "مێژووی" ناونرا، کە دەرگایەکی نوێی بەرووی پەیوەندییەکانی هەردوو وڵاتدا کردەوە لە رۆژهەڵات و رۆژئاوادا لە کاتی جەنگی سارددا.

گرنگرترن خاڵەکانی پەیماننامەکە

پێویستە هەموو ئەو مووشەکانەی هاویشتنیان ٥٠٠ بۆ ٥٥٠٠ کیلۆمەتر تێدەپەڕێنێت لە ماوەی سێ ساڵی یەکەمی جێبەجێکردن رێککەوتنەکە لەناوببرێت.

بەگشتی لە پێش ساڵی ١٩٩١ بڕیاردراوە ٢٦٩٢ مووشەکی ناوەند مەودا و کورت مەوداکان لەناو ببرێت، ئەوەش ٤٪ی کۆی چەکە نەوەوییەکانی ئەو دوو وڵاتە بووە لە ساڵی ١٩٨٧.

لە نوێترین ئەو خاڵەکانی لەناو پەیماننامەکەدا هاتووە، بڕیاردراوە لەڕێگای چاودێرەکانی هەردوو وڵاتەوە لێکۆڵینەوە و پشکنین بۆ دڵنیابوونەوە لە لەناوبردنی مووشەکانی ئەمریکا و روسیا ئەنجامبدرێت.

بەپێی پەیماننامەکە کە ئەو مووشەکە ئەمریکییانەی کە دەبوو لە ناوببرێت بریتیبوون لە "بیرشینگ 1 A " و "بیرشینگ 2" ئەو کارەش لە گەرمەی قەیرانی مووشەکە ئەوروپییەکاندا بووە لە هەشتاکانی سەدەی رابردوو.

Copyright 2019 BMC TV. All right reserved

Designed and Developed by AVESTA GROUP