پلانی جەژنی قوربان لەلایەن قائیمقامەوە راگەیەندرا
کوردستان
بینراو 100
06/08/2019
قائیمقامییەتی سلێمانی، پلانی جەژنی پیرۆزی قوربان راگەیاند و قائیمقامی شارەكەش دەڵێت، " هەموو رێوشێنێكی پێویست گیراوەتەبەر بۆ ئەوەی هاوڵاتیان و گەشتیاران لە بارودۆخێكی ئارامدا پێشوازی لە رۆژانی جەژن بكەن, لەپێناو تەندروستی هاوڵاتیانیشدا رێوشوێنهكانی قوربانیكردن رێكدهخرێت" .
ئەمڕۆ سێشەممە ٦ ئابی ٢٠١٩ قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ لیژنەی ئەمنی سلێمانی و بەڕێوەبەری فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی سلێمانی كۆبووەوە، دواتر ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند، " بۆ ئەوەی هاوڵاتیان و گەشتیاران لە بارودۆخێكی ئارام و بێ گرفتدا پێشوازی لە جەژنی پیرۆزی قوربان بكەن هەموو ئامادەكارییەكی پێویست كراوە" .
قائیمقامی سلێمانی ووتیشی، لە رۆژانی پێش جەژن و رۆژانی جەژن هیچ شەقامێك بەڕووی هاتووچۆی شۆفێراندا داناخرێت, بەڵكو تیمەكانی هاتووچۆ هاوكار دەبن بۆ رێكخستنی شەقام و رێگەو بانەكان بۆ ئەوەی هاوڵاتیان بەبێ گرفت سەردانی هەر شوێنێك بكەن كە دەیانەوێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد لیژنەهاوبەشەكان لە رۆژانی جەژن و پێش جەژندا بە ئامانجی پاراستنی تەندروستی هاوڵاتیان و رێگری كردن لە هەر جۆرە سەرپێچیەك سەردان و چاودێریكردنیان زیاتر دەكەن بەتایبەت چاودێری وردی شوێنەكانی فرۆشتنی ئاژەڵ دەكەن بۆئەوەی رێگە بگرن لە سەربڕینی ئاژەڵ لە دەرەوەی كوشتارگەكان .
لەبارەی كارئاسانی بۆ ئەو گەشتیارانەی كە روو لە پارێزگای سلێمانی دەكەن ئاوات محەمەد رایگەیاند، لە بازگەكان و شوێنە گەشتیارییەكانی سلێمانی تیمەكان راسپێردراون هەموو كارئاسانی و هاوكارییەك پێشكەش بە گەشتیاران و ئەو میوانانە بكەن كە روودەكەنە سلێمانی.
روونیشیکردەوە، خاوەنی رێستۆرانت و چێشتخانەكانی سلێمانی ئاگادار كراونەتەوە پێویستە لە رۆژانی جەژنیشدا شوێنەكانیان كراوەبن بەڕووی هاوڵاتیان و گەشتیاراندا و هەر شوێنێك پابەند نەبێت رووبەڕووی سزای یاسایی دەكرێتەوە .
ئاوات محەمەد راشیگەیاند سەرجەم تیمە خزمەتگوزارییەكان و هێزە ئەمینەكان لە رۆژانی جەژندا لە سەنتەری شاری سلێمانی و هەموو شوێنە گشتیەكان لە ئەركدا دەبن بۆ پارێزگاری كردن لە هاوڵاتیان و ئەو گەشتیارانەی كە روو لە پارێزگای سلێمانی دەكەن .
جارێكیتریش داوای لەو هاوڵاتیانە كرد كە دەیانەوێت قوربانی بكەن بەمەبەستی دڵنیابوونەوە لە تەندروستی ئاژەڵەكە و نەبوونی نەخۆشی, ئاژەڵەكان لە كوشتارگە یاساییەكاندا سەرببڕن بۆ ئەوەی هەموو پشكنینێكی بۆ بكرێت .