Alternate Text

زۆرترین بینراو

Alternate Text

هه‌موو شتێك له‌باره‌ی كۆنگره‌ی یه‌كێتییه‌وه‌

کوردستان

بینراو 371

07/08/2019

Alternate Text
+ -

ماوه‌ی نۆ ساڵه‌ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان كۆنگره‌ی ئه‌نجامنه‌داوه‌ و له‌ ئێستادا زۆرێك له‌ سه‌ركردایه‌تی و كادرانی ئه‌و حیزبه‌ له‌ هه‌مڵدان بۆ به‌ستنی كۆنگره‌ له‌م ساڵدا و ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی ئه‌و حیزبه‌ش رۆژی ٢١ی تشرینی یه‌كه‌می ٢٠١٩ كه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ رۆژی شه‌هیدی یه‌كێتی بۆ به‌ستنی كۆنگره‌ دیاریكردوه‌.

زوبێر عوسمان جێگری سكرتێری ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به‌ بی ئێم سی راگه‌یاند، به‌ پێی ئه‌و مادده‌و بڕگانه‌ی كه‌ له‌ ساڵی ٢٠١٠ كۆنگره‌ی یه‌كێتی به‌سراوه‌ و ئه‌ركی نووسینی ره‌شنووسی په‌یڕه‌وی ناوخۆ له‌سه‌ر شانی ئه‌نجومه‌نی ناوه‌نده‌ و له‌ ئێستادا ئه‌و ره‌شنووسه‌مان نوسیووه‌ و پێنج هه‌زار دانه‌مان لێ چاپكردووه‌ و به‌سه‌ر هه‌موو ئۆرگانه‌كانی یه‌كێتدا دابه‌شكراوه‌ له‌ نێویشیاندا دراوه‌ به‌ كاك كۆسره‌ت و سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی و له‌سه‌ر ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ند پێوسته‌ بیرۆكه‌كان كۆبكاته‌وه‌ و بیداته‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ند.

له‌ باره‌ی كاتی ئه‌نجامدانی كۆنگره‌وه‌ وتیشی، دوو به‌روار له‌ ساڵی ٢٠١٩ له‌ به‌رده‌مماندایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كۆنگره‌ی تیادا ئه‌نجامبدرێت، یه‌كه‌مان رۆژی مامه‌ و دووه‌میان رۆژی شه‌هیدی یه‌كێتییه‌، رۆژی مام كه‌ ده‌كاته‌ سێی تشرینی یه‌كه‌م زۆر نزیكه‌ و ناتواندرێت له‌و رۆژه‌دا كۆنگره‌ ببه‌سرێت و له‌به‌ر ئه‌و هۆكاره‌ له‌ رۆژی شه‌هیدی یه‌كێتیدا كه‌ ده‌كاته‌ ٢١ی تشرینی دووه‌م كۆنگره‌ ده‌به‌سترێت و هیچ هۆكارێك نییه‌ بۆ دواخستنی كۆنگره‌ و مه‌كته‌بی رێكخستن به‌هه‌مان شێوه‌ی ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ند له‌سه‌ر دیاریكردنی ئه‌و رۆژه‌ كۆكن و كۆده‌نگییه‌ك له‌ناو یه‌كێتی درووستبووه‌ بۆ دیاریكردنی ئه‌و رۆژه‌.

له‌ باره‌ی پۆستی سكرتێری گشتی یه‌كێتی و دارشتنه‌وه‌ی په‌یكه‌ری یه‌كێتی، زوبێر عوسمان ئاشكرایكرد، وه‌ك یه‌كه‌م ئۆرگانی یه‌كێتی پۆستی سكرتێری گشتی ته‌نها بۆ مام جه‌لال جێهێشت و له‌ ناخماندا سكرتێری گشتییه‌ و له‌به‌ر ئه‌و هۆكاره‌ سكرتێری گشتی یه‌كێتی نامێنێت، له‌و كاته‌دا یه‌كێتی به‌ په‌یكه‌رێكی نوێ و به‌ڕێوه‌بردنێكی نوێ جارێكی تر ده‌ست به‌ خه‌باتی خۆی ده‌كاته‌وه‌ و مۆدێڵێكی تایبه‌تمان ئاماده‌كردووه‌ بۆ یه‌كێتی له‌ نێوان كۆنسه‌ی سه‌رۆكایه‌تی‌ و هاوسه‌رۆكیدایه‌ واته‌ له‌ كۆنگره‌دا یه‌ك هه‌ڵبژاردن ده‌كرێت و له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا ١٢١ ئه‌ندام به‌پیێ سنووری جوگرافیای جیاواز له‌ سه‌رتاسه‌ری هه‌رێم و ناوچه‌ دابڕێندراوه‌كان و تاراوگه‌ و به‌غداشه‌وه‌ و هه‌موو ناوچه‌كان پشكیان به‌ر ده‌كه‌وێت له‌ سه‌ركردایه‌تی داهاتوو.

روونیشیكرده‌وه‌، له‌ یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی دوای ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ گشتییه‌ی كه‌ درووستده‌كرێت، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن و جێگره‌كه‌ی و بڕیارده‌رێك هه‌ڵده‌بژێردرێت و ده‌بنه‌ ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌بردن و سكرتارییه‌تی ئه‌نجوومه‌نی گشتی.

باسی له‌وه‌شكرد، له‌ قۆناغی دواتردا سێ كه‌سی دیكه‌ هه‌ڵده‌بژێردرێت و ده‌بنه‌ ده‌سته‌ی باڵای به‌ڕێوه‌بردنی یه‌كێتی و یه‌كێكیان كاروباری سیاسی حیزب ده‌كات و یه‌كێكیان كاروباری رێكخراوه‌ی و ئه‌وه‌ی دیكه‌یان كاروباری مه‌كته‌به‌كان به‌ڕێوه‌ده‌بات واته‌ ده‌سه‌ڵاتی بڕیاردان له‌ناو ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن هه‌ڵده‌بژێردرێت و ئه‌وه‌ش مۆدێلیكی تایبه‌ته‌ و تاقی نه‌كراوه‌ته‌وه‌ و ده‌مانه‌وێت چۆن ساڵی ١٩٧٥ یه‌كێتی جوابی قۆناغه‌كانی ئه‌وكاتی دایه‌وه‌ و ده‌مانه‌وێت بۆ ئێستاش ده‌مانه‌وێت وه‌ڵامی ئه‌م قۆناغه‌ی ئێستا و داهاتوو بده‌ینه‌وه و ئه‌و رێكخستنه‌ لینینیه‌ له‌ رێكخستندا نامێنێت‌.

له‌ كۆتایی وته‌كانیشیدا جه‌ختیكرده‌وه‌، هه‌ریه‌كه‌ له‌ فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد و ره‌فعه‌ت عه‌بدوڵا پرۆژه‌ی تایبه‌تی خۆیان هه‌یه‌ بۆ به‌ستنی كۆنگره‌ به‌ڵام له‌ كۆتایدا ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ند بڕیار له‌ چۆنێتی ئه‌نجامدانی كۆنگره‌ ده‌دات.

Copyright 2019 BMC TV. All right reserved

Designed and Developed by AVESTA GROUP