Alternate Text

زۆرترین بینراو

Alternate Text

عادل عەبدولمەهدی فه‌رمانی راگرتنی هەموو جۆرە گەشتێکی فڕۆکەوانی لە عێراق دەرکرد

عێراق

بینراو 1878

15/08/2019

Alternate Text
+ -

فەرماندەی گشتی هیزەچەکدارەکانی عێراق فەرمانی کرد لێکۆڵینەوەی ورد لە تەقینەوەی کۆگای سەربازی سەقەر بکرێت و قەرەبوی ئەو کەس و شوێنانەشبکرێتەوە کە بەهۆی ئەو رووداوەوە زیانیان پێگەیشتووە.

عادل عەبدولمەهدى، سەرۆک وەزیران و فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکانى عێراق ئەمڕۆ پێنج شەممە ١٥ی ئابی ٢٠١٩ لە راگەیەندراوێکدا فەرمانیکرد بە لێکۆڵینەوەیەکى تەواو و گشتگیر لەسەر رووداوى تەقینەوەى کۆگاى سەربازى سەقەر کە دەکەوێتە باشورى شارى بەغدا و قەرەبوکردنەوەى زیانلێکەوتوانى ئەو رووداوە.

عەبدولمەهدی لە راگەیەندراوەکەدا داوایکردووە، درێژە بدرێت پلانى بردنەدەرەوەى سەرجەم کۆگا سەربازیەکان بۆ ناوچەکانى دەرەوەى شارەکان وجەختیشیکردووەتەوە، "بونى هەر کۆگا یاخود گەنجینەیەکى سەربازى لە دەرەوەى ئەو پلانە و رێککەوتنە فەرمیەکان بە نایاسایى لە قەڵەم دەدرێت".

هەر لەو راگەیەندراوەدا ئەوەش هاتووە، دوێنێ چوارشەممە لەمیانى کۆبونەوەى ئەنجومەنى ئاسایشى نیشتیمانى عێراق بە سەرۆکایەتى سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیران، ماوەى هەفتەیەکى وەک مۆڵەت دیاریکراوە بۆ بەرزکردنەوەى راپۆرت لەسەر بردنەدەرەوەى کۆگا و گەنجینە سەربازیەکانى ناو شارەکانى عێراق بۆ دەرەوەى شارەکان.

باسی لەوەشکردووە، "لە کۆبونەوەکەدا بڕیاردراوە لەسەر پێکهێنانى لیژنەیەکى گشتگیر لە هەموو لایەنە بەرپرسیارەکان تا لێکۆڵینەوە لەسەر تەقینەوەى کۆگاکانى چەک و تەقەمەنى سەقەر بکرێت".

هەر لەو راگەیەندراوەدا، عادل عەبدولمەهدى فەرمانیکردوە بە راگرتنى گەشتى فڕۆکە لە عێراق بە هەموو جۆرەکانى تایبەتى و گشتى و سەربازى و هەلیکۆپتەر و چاودێرى، ئەگەر عێراقى بن یاخود بیانى، راشگەیەندراوە، "لە ئەگەرى فڕینى هەر فڕۆکەیەکدا تا کاتى هەڵگرتنى فەرمانەکە، دەستبەجێ لە لایەن هێزە دژە ئاسمانیەکانى عێراقەوە بە ئامانجدەگیرێت".

ئەمەش لە کاتێکدایە دووشەممەى رابردوو، وەزارەتى بەرگرى عێراق رایگەیاند، "کۆگاکانى چەک و تەقەمەنى لە سەربازگەى سەقەر لە باشورى بەغدا تەقیەوە و لە ئاکامدا ژمارەیەک چەکدارى حەشدى شەعبى و پۆلیسى فیدراڵى عێراق برینداربون".

لە هەندێک سەرچاوەدا باس لەوەشکراوە، "تەقینەوەى ئەو کۆگا سەربازیە بەهۆى بۆردومانکردنیەوە بووە لە لایەن فڕۆکەیەکى نەناسراوەوە".

Copyright 2019 BMC TV. All right reserved

Designed and Developed by AVESTA GROUP