Alternate Text

زۆرترین بینراو

Alternate Text

حکومەت کار بۆ نەهێشتنی فەرمانبەری بندیوار دەکات

کوردستان

بینراو 48

پێش 4 هەفتە

Alternate Text
+ -

حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كار لەسەر نەهێشتنی فەرمانبەری بندیوار و دوو مووجە و زیاتر دەكات.

پەریخان نووری، بەڕێوەبەری گشتیی بودجە لە وەزارەتی دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاندووە، هەرچەندە تا ئێستا ٨٤٠ هەزار مووچەخۆر بایۆمەترییان كردووە، بەڵام ژمارەی فەرمانبەران لە ٦١٢ هەزار فەرمانبەر زیاتر نییە.

وتیشی، "ڕاستە ئێستاش دوو مووچە و زیاتر هەیە، بەڵام یاساییە، چونكە كەسوكاری شەهید مووچەی خۆی هەیە و هی شەهیدانەش وەردەگرێت، یاخود زیندانیی سیاسی یان كەسوكاری ئەنفال، كە هەیە سێ كەسی ئەنفالە و بۆی هەیە مووچەی خۆی و دوو مووچەی دیكەش وەربگرێت".

بەپێی داتاكانی وەزارەتی دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ملیۆنێك و ٥٠٠ هەزار كەس وەك فەرمانبەر مووچەیان لە حكوومەت وەرگرتووە، بەڵام تاوەكو ئێستا ٨٤٠ هەزار كەس سیستەمی بایۆمەترییان كردووە و دەركەوتووە تەنیا یەك مووچە وەردەگرن.

لەلایەکی ترەوە جووتیار عادل، گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشکرایکرد: "دوای پێداچوونەوە بە میلاكی فەرمانبەران، پڕۆژەیاسایەك لای ئێمەیە و كارمان لەسەری كردووە و تەواو بووە، بۆیە دەینێرینەوە پەرلەمان بۆ پەسەندكردنی".

ئاماژەی بەوەشکرد، "پڕۆژەكە بۆ نەهێشتنی فەرمانبەری بندیوارە،  ئەوانەی كە مووچەی مانگانە لە حكوومەت وەردەگرن و هیچ دەوامێكی فەرمی ناكەن، یان وەك پاسەوان لەلایەن بەرپرسانەوە دامەزراون و دەوامیان پێ ناكرێ".

ئەمە لە کاتێکدایە، لە سەرەتای دروستبوونی حكوومەتەوە لەلایەن حزبەكانەوە ژمارەیەكی ئێجگار زۆر خەڵك وەك فەرمانبەر دامەزراون و مووچەیان پێ دەدرێت، بەڵام دەوام ناكەن و بگرە كەسانێك هەن لە كوردستان ناژین و لە دەرەوەی وڵاتن،  بەڵام كابینەی نوێی حكوومەت هەموو ئەو ناوانە دەسڕێتەوە.

Copyright 2019 BMC TV. All right reserved

Designed and Developed by AVESTA GROUP