Alternate Text

زۆرترین بینراو

Alternate Text

عەمید سەرحەد قادر: بڕیارى گرتنەکەمم لە جام گرتووە و لە ماڵەکەمدا هەڵمواسیوە

کوردستان

بینراو 100

پێش 4 هەفتە

Alternate Text
+ -

عەمید سەرحەد قادر رایگەیاند،  وەزارەتى ناوخۆى عێراق، نوسراوێکى ترى ئاراستەى پۆلیسى کەرکوک کردووە، تێیدا داواى دەستگیرکردنى و رادەستکردنى بەدادگا کردووە، بەتۆمەتى بەشداریکردنى لە پرۆسەى ریفراندۆمدا.

لەلێدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمریکا، عەمید سەرحەد قادر، بەرێوەبەرى پێشووى پۆلیسى قەزاو ناحیەکانى کەرکوک رایگەیاند، " تەنها ئەفسەرە بریارى گرتنى بۆ دەرچووە، هاوکات رەخنە لەکابینەى پێشووى حکومەتى هەرێمیش گرت بەوەى شەرمنانە مامەڵەیان لەگەڵ دۆسیەکەى کردووە، چەند جارێک لەگەڵ بەرپرسانى پێشووى حکومەتى هەرێم دانیشتین، پێموتن کێشەى ئێمە سیاسیە، من بڕیارى ریفراندۆمم نەداوە، ئەوانەى ریفراندۆمیان ئەنجامدا، ئێستا لەبەغدا جێگرى سەرۆک وەزیران و پەرلەمانتارن، بەڵام هەڵوێستیان لاواز بوو".

ئەوەشی بەدەنگی ئەمریکا وتووە کە بڕیارى گرتنەکەى لە جام گرتووە و لە ماڵەکەیدا هەڵیواسیووە و وتیشی، "گەر دادگایەکى بێ لایەن هەبێت، بەشانازیەوە دەچمە بەردەمى، تەنانەت گەر بریارى لەسێدارەدانیشم بۆ دەربکات، بەڵام کێشەکە سیاسیە و هەرێم هەڵوێستى پێویستى نەبووە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، " ٢٢ ئەفسەرى تر بڕیارى گرتنیان هەیە، بەڵام تەنها من لەسەر ریفراندۆم بڕیارى گرتنم هەیە، ئەوانیتر لەسەر جێهێشتنى دەوام و رۆیشتنیان بۆ هەولێر، بریارى گرتنیان بۆ دەرکراوە".

لە بارەی وەرگرتنی پۆستی ئەمنی لە شەری کەرکوک لە لایەن پارتییەوە ئەوەی ئاشکراکردوو دەڵێت، "ئەوەندەى ئاگادارم خاڵێک لە خاڵەکانى کۆبوونەوەى ئەمڕۆى نێوان وەفدى هەرێم و بەغدا ئەوەبووە، پارتى داواى ٣٠ پۆستى ئەمنى کردۆتەوە کە پێشتر لایبووە و ئێستا بەدەست عەرەب و تورکمانەوەن".

لەبارەی ئەوەی کە پێشتر پارتی بووە و ئێستا سەنگەر لە پارتی دەگرێت بە دەنگی ئەمریکای وتووە، "پەیوەندیم بە هیچ لایەنێکەوە نەکردووە، لە ماڵى خۆم دانیشتووم و چاودێرى دۆخەکە دەکەم، سەردانى دۆست و لایەنەکانم کردووە و ئەوانیش سەریان لێداوم، بەڵام نەچوومەتە نێو هیچ لایەنێکەوە، ئەوە دوورە لەراستیەوە".

ئەوەشی روونکردووەتەوە چەند ڕۆژێک دواى ١٦ ى ئۆکتۆبەر، لەسەر داواى کەریم سنجارى وەزیرى پێشووى ناوخۆى هەرێم، کۆبوونەوەى بەسەدان ئەفسەر ئەنجامداوە بەمەبەستى گەرانەوە بۆ کەرکوک، ئەوەشی وت، "کەریم سنجارى پێیوتم کاک نێچیرڤان هەماهەنگى لەگەڵ عێراق کردووە بۆ گەرانەوەتان".

لە بارەی گەڕانەوەی ئەفسەرانیشەوە ئاماژەی بەوەکرد، "دواى کۆبونەوەکە بەسەدان ئەفسەر بۆ کەرکوک گەراونەتەوە، ئەوانەى پلەى مولازمیان تا موقەدەم هەبووە، گەرێنراونەتەوە بۆ جێگەکانى خۆیان، بەڵام پلە بەرزەکان تا ئێستا پۆستەکانیان پێنەدراوەتەوە".

Copyright 2019 BMC TV. All right reserved

Designed and Developed by AVESTA GROUP