Alternate Text

زۆرترین بینراو

Alternate Text

دیندار زێباری وەڵامی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ دەداتەوە

کوردستان

بینراو 74

پێش 2 هەفتە

Alternate Text
+ -


لە ماوەی رابردوودا رێکخراوی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ لەسەر زاری بەرپرسی توێژینەوەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاندبوو، بە سەدان ئاوارەی عێراقی لە کەمپێکی حەمام عەلیل بە زۆر دەگەڕێنرێنەوە سەر شوێنەکانی خۆیان لە حەویجە سەرەڕای مەترسییە ئەمنییەکان و نەبونی خزمەتگوزاری پێویست لەو شوێنانە.

دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم لە وەڵامی  ئەوەدا رایگەیاند، هێزە ئەمنیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان  هیچ کەسێک بە زۆر ناگەڕێننەوە سەر شوێنەکانی خۆیان لە هەمان کاتدا رێگریش نین لە گەڕانەوەی خەڵکی ئەو ناوچانە بۆ سەر زێدی خۆیان.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "بەشێک لەو گوندانەی کە خەڵکەکەی ئاوارە بوون دەکەونە هێڵەکانی پێشەوە و بەهۆی بارودۆخی ئەمنی و بونی مینی چێندراو لەو ناوچانە و نەبونی خزمەتگوزاری پێویست وەک ئاوی پاک، فریاکەوتنی سەرەتایی، خوێندن و کارەبا گەڕانەوەیان لە ئێستادا ئەستەمە".

زێباری وتیشی، "سەرەتا پێویستە ئەو ناوچانە لەو مینە چێندراوانە پاک بکرێنەوە و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک ئاوی پاک، فریاکەوتنی سەرەتایی، خوێندن و کارەبایان بۆ دابین بکرێت ئینجا بگەڕێنەوە، لە لایەکی دیکەشەوە ژمارەیەکی زۆر شانەی نوستوی داعش لەو ناوچانە بونیان هەیە و مەترسیان بۆ رەوشی ئەمنی و سەقامگیری ناوچەکە دروست کردوە".

دیندار زێباری باسی لەوەشکردووە، "دانیشتوانی هەندێک لە گوندەکانی نەینەوا و ناوچەکانی ترى ماددەی ١٤٠ بەشێکی خەڵک ناتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، هۆکاری سەرەکیش بونی مینی چێندراو، بونی شەڕی تایفی، نەبونی خزمەتگوزارییە لەم ناوچانە، بەڵام لە هەندێک لە گوندەکانی دیکەی دەشتی نەینەوا کە بارودۆخ بۆ گەڕانەوە لەبارە".

هێمای بۆ ئەوش کردووە، "سەرەڕای ئەوانەش بەپێی راپۆرت و داتاکانی نەتەوەیەکگرتوەکان تا ئێستا نزیکەی یەک ملیۆن و ٦٠٠ هەزار ئاوارە نەگەڕاوەنەتەوە سەر زێدی خۆیان، کە ژمارەیەکی زۆریان لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان نیشتەجێن، ئەمەش بارگرانییەکی زۆری لەسەر هەرێمی کوردستان دروستکردوە، چونکە بەهۆی کەمی کۆمەکەوە نەتەوەیەکگرتوەکان یارمەتییەکانی کەمیکردوە و ئەم ئاوارانەش پێویستیان بە هاوکاری زیاتر هەیە".

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان رونیشیکردەوە، "هەمو ئاوارەکان لە هەرێم ئاگادار کراونەتەوە لەوەی ئازادن لە گەڕانەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان جگە لەو کەسانەی تۆمەتبارن بەوەی پەیوەندیان بە داعشەوە هەبو بێت، کە ئەوانیش بەپێی یاساکانی هەرێم مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت".

Copyright 2019 BMC TV. All right reserved

Designed and Developed by AVESTA GROUP