Alternate Text

زۆرترین بینراو

Alternate Text

وه‌زیری خوێندنی باڵا: ئه‌مساڵ ده‌رفه‌تی خوێندنی ماسته‌ر و دكتۆرا بۆ ده‌رچوانی زانكۆكانمان ده‌ڕه‌خسێنین

کوردستان

بینراو 21

پێش 2 هەفتە

Alternate Text
+ -

وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی هه‌رێمی‌ كوردستان رایگه‌یاند، كه‌ ئه‌مساڵ ده‌رفه‌تی خوێندنی ماسته‌رو دكتۆرا بۆ ده‌رچوانی زانكۆكان ده‌ڕه‌خسێنن.

رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ به‌چاودێری و ئاماده‌بوونی د. ئارام محه‌مه‌د قادر وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی و پارێزگاری سلێمانی و ژماره‌یه‌ك له‌ سه‌رۆك زانكۆكان و مامۆستایان و خوێندكاران و كه‌سوكاریان، رێوڕه‌سم و ئاهه‌نگی ٣٠هه‌مین خولی ده‌رچوانی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی له‌هۆڵی یانه‌ی وه‌رزشی پێشمه‌رگه‌ به‌ناوی خولی نوێبوونه‌وه‌ به‌ڕێوه‌چوو.

له‌ وته‌یه‌كدا د. ئارام محه‌مه‌د قادر وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی رایگه‌یاند ، ئه‌م پۆله‌ گه‌نجه‌ هاوشانی ده‌رچوانی زانكۆكانی دیكه‌ی كوردستان ده‌بنه‌ به‌شێكی گرنگ له‌ سه‌رمایه‌ی مرۆیی هه‌رێمی كوردستان و به‌شدار ده‌بن له‌ بنیادنان و گه‌شه‌پێدانی هه‌رێمه‌كه‌مان، بۆ ئه‌مه‌ش ده‌ستخۆشی له‌ زانكۆكانی پۆلیته‌كنیكی ده‌كه‌م كه‌ له‌ماوه‌ی رابردوودا هه‌وڵیان داوه‌ بۆ داڕشتنی نه‌خشه‌رێگه‌ی ڕیفۆرمی خوێندنی ته‌كنیكی له‌ كوردستان.

وه‌زیری خوێندنی باڵا جه‌ختیكرده‌وه‌، له‌ ئێستاشدا هه‌رسێ زانكۆی پۆلیته‌كنیكی ئاماده‌كاری ده‌كه‌ن بۆ سه‌رله‌نوێ داڕشتنه‌وه‌ی سیستم و پرۆگرامه‌كانی خوێندن به‌ جۆرێك په‌یوه‌ندی توندوتۆڵ له‌گه‌ڵ پێداویستییه‌كانی بازاری كارو تواناكانی گه‌شه‌كردنی ئابووری وڵاته‌كه‌مان دروست بكات".

روونیكرده‌وه‌، ئێوه‌ی ده‌رچوان ده‌رفه‌تی یه‌كسانی هه‌لی كار و ژیانێكی ئارام و ئابووریه‌كی سه‌قامگیرتان ده‌وێت، به‌ڵام ده‌بێت هه‌میشه‌ ئه‌و راستییه‌مان له‌پیش چاوبێت كه‌ هیچ كات داموده‌زگاكانی كه‌رتی گشتی به‌ته‌نها ناتوانن ده‌رفه‌تی كاركردن بۆ هه‌موو ده‌رچوانی زانكۆكان فه‌راهه‌م بكه‌ن".

ئارام محه‌مه‌د ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا ، به‌شێكی ئه‌م ئه‌ركه‌ له‌ ئه‌ستۆی كه‌رتی تایبه‌ت و كه‌رتی پیشه‌سازی و كه‌رته‌كانی تر ده‌بێت، هاوكات ده‌رچوانیش ده‌بێت له‌ رێگای توانای كارسازی و بیركردنه‌وه‌ی داهێنه‌رانه‌ هه‌وڵی خولقاندنی مۆدیلی نوێی كارسازی و دروستكردنی هه‌لی كار و گه‌شه‌كردنی ئابووری بده‌ن".

 جه‌ختیكرده‌وه‌، له‌ دوای ده‌رچونتان ئێوه‌ به‌ ته‌نها نین، ئێمه‌ش پشتیوانتانین، پلانمان هه‌یه‌ كه‌ له‌ ڕێگای سه‌نته‌ره‌كانی به‌كارخستن واتا سێنته‌ره‌كانی (CDC) هه‌میشه‌ له‌ په‌یوه‌ندی به‌رده‌وامدابین له‌گه‌ڵتان، بۆ ئه‌مه‌ش وه‌ك وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی پشتیوانی له‌ سێنته‌ره‌كانی به‌كارخستن ده‌كه‌ین.
ئارام محه‌مه‌د رایگه‌یاند ، ئه‌مساڵ له‌ ڕێگه‌ی پلانه‌كانی خوێندنی ماسته‌ر و دكتۆراوه‌ ده‌رفه‌تی زیاتری خوێندنی باڵا بۆ ده‌رچوانی زانكۆكانمان ده‌ڕه‌خسێنین بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن كاته‌كانتان به‌كار بهێنن بۆ گه‌شه‌پێدانی توانای زانستی و ئه‌كادیمتان.

Copyright 2019 BMC TV. All right reserved

Designed and Developed by AVESTA GROUP