Alternate Text

زۆرترین بینراو

Alternate Text

وەزارەتی كشتوكاڵ لەسەر ناوهێنانی هەڵەبجە بە قەزا روونكردنەوە دەدات

کوردستان

بینراو 75

پێش 2 هەفتە

Alternate Text
+ -

وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان لەسەر ناوهێنانی هەڵەبجە بە قەزا روونكردنەوە دەدات و رایدەگەیەنێت، تاكو ئێستا لە هەندێك دامەزراوەی حكومەتی ناوەندی رێكاری پێویست نەگیراوەتە بەر بۆ چەسپاندنی ناوی هەڵەبجە وەك پارێزگایەكی عێراق.

وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا كەوێنەیەكی دەست تۆری میدیایی بینەر گەیشتووەو تیایدا رایگەیاندووە، " دواى ئاراستە کردنى نووسراوێکى وەزارەتمان بۆ (وەزارەتى کشتوکاڵى حکومەتى عیراق دەستەى گشتى رووپێوى) پەیوەست بە ئیفرازکردنى چەند پارچە زەوییەک لە سنوورى پارێزگاى هەڵەبجە، کە لە نووسراوەکەماندا بە (قەزاى هەڵەبجە لە پارێزگاى سلێمانى) ئاماژەى پێکراوە، هەندێک کەس رەخنەى ئەوەیان گرت کە پارێزگاى هەڵەبجە بە قەزا ناو براوە، لەمبارەیەوە بە پێویستى دەزانین ئەم روونکردنەوەیە بخەینە بەرچاوى هەمووان.

١ – تاكو ئێستا لە هەندێك دامەزراوەی حكومەتی ناوەندی رێكاری پێویست نەگیراوەتە بەر بۆ چەسپاندنی ناوی هەڵەبجە وەك پارێزگایەكی عیراق، بەتایبەت لەو ئاستانەی فەرمانگە و دەستەن و سەربە وەزارەتەكانن.

٢ – نووسراوەكەی وەزارەتمان تایبەت بوو بە ئیفرازكردنی زەوی و ئاگایانی بواری زەوی و زار دەزانن كە تاكو ئێستا لە عیراق كار بە تەسویەی زەوی و زاری ساڵی (١٩٥٠) دەكرێت، كە لەوێدا نەك هەڵەبجە، هێشتا دهۆك وەك پارێزگا ناوی نەهاتووە، بەڵكو بە قەزای دهۆك پارێزگای نەینەوا ناوی هەیە، ئەمەش هۆكارەكەی لەبەردەست نەبوونی تەسویە و نەخشەیەكی نوێی زەوی و زاری عیراقە، ئێمەش بۆ ئەوەی كاروبارەكان بە زوویی رایی بكرێن بە هەمان ناونیشان كە لەسەر نەخشەكانی لای دەستەی گشتی رووپێوی عیراق هەیە ناونیشان و ژمارەی پارچە زەوییەكانمان ناردووە، ئەگەر بە ناونیشانە نوێیەكەی هەڵەبجە داوای راییكردنی كارەكەمان بكردایە لای ئەوان ناونیشانەكە نەدەدۆزرایەوە و كارەكان دوا دەكەوتن، یان نەدەكران.

٣- لە دید و هزری ئێمەدا هەڵەبجە ناوێكی گەورەی شكۆدارە و پارێزگایەكە جێگای شانازی هەموو كوردانە، ئەم سەرنج و رەخانانە سەرئەنجامی نەبوونی تەسویەی نوێی زەوی و زار و سستی رێكاری ئیداری پێویستن بۆ ئەو گۆرانكارییە ئیدارییانەی بەسەر وڵات دا دێن، دەبوایە دوای ئەو هەموو ماوە زۆرەی هەڵەبجە وەك پارێزگا ناسێنراوە لە هەموو دەزگا و دامەزراوە رەسمییەكاندا وەك پارێزگا بچەسپێنرایە، بەڵام بە داخەوە هۆكار و مەبەستەكە هەرچییەك بێت لە ئاستی پێویست دا نەكراوە، وەك وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دا دووپاتیدەكەینەوە كە لە كۆبوونەوەكانماندا لەگەڵ حكومەتی ناوەندی كاردەكەین بۆ ئەوەی هەڵەبجە لە هەموو ئەو دامەزراوانەی ئێمە سەر و سەودامان لەگەڵیاندا هەیە وەك پارێزگا ناوەكەی بچەسپێنرێت.

Copyright 2019 BMC TV. All right reserved

Designed and Developed by AVESTA GROUP