Alternate Text

زۆرترین بینراو

Alternate Text

شۆڕش حاجی: ده‌بێت ته‌نها په‌رله‌مان مه‌رجه‌ع بێت

کوردستان

بینراو 48

پێش 3 هەفتە

Alternate Text
+ -

ئه‌ندامێکی خانه‌ی راپه‌ڕاندنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان باس له‌ بۆچوونی خۆی ده‌كات له‌باره‌ی پێكهێنانی ئه‌نجومه‌نێك بۆ حیزبه‌كان له‌هه‌رێمی كوردستانی عیراق و ئاشكرایده‌كات، "لای ئێمه‌ ته‌نها په‌رله‌مان مه‌رجه‌عه‌".


شۆڕش حاجی ئه‌ندامی خانه‌ی ڕاپه‌ڕاندنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌باره‌ی دامه‌زراندنی ئه‌نجومه‌نێك بۆ حیزبه‌ سیاسیه‌كان بەدەنگی ئەمریکای راگەیاندوە،" ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ جڤاتی نیشتمانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان باس نه‌كراوه‌ تا به‌ناوی جڤاتی نیشتمانی یان بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه‌ باسی بكه‌م، ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌یڵێم بۆچونی تایبه‌تی خۆمه‌، به‌ڵام بۆچونه‌كه‌ی خۆشم بۆچونێك نییه‌ له‌خۆوه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتبێت وه‌ك ده‌زانرێت یه‌كێكین له‌ دامه‌زرێنه‌ری بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و پره‌نسیبه‌كانی گۆڕان".


وتیشی، " به‌پێی ئه‌و پره‌نسیبانه‌ ئێمه‌ له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه‌ی هاوچه‌رخین بۆ به‌ڕێوه‌بردنی هه‌رێمی كوردستان وه‌ له‌وه‌شدا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ین كه‌ دامه‌زراوه‌ی هاوچه‌رخ كه‌ په‌رله‌مانی كوردستان مه‌رجه‌ع بێت هه‌م بۆ ده‌ركردنی یاسا و چاودێریكردنی حكومه‌ت و هه‌م بۆ باسكردنی هه‌ر مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك له‌سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی یا هه‌ر به‌رنامه‌یه‌كی تر كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی دواڕۆژی گه‌له‌كه‌مان، ئه‌و سه‌رده‌مه‌مان به‌ڕێكردوه‌ كه‌ سه‌رده‌می شاخ بوو له‌ غیابی په‌رله‌مان و حكومه‌ت هه‌موو حیزبه‌كان ئه‌وه‌ی كه‌ پێی ده‌وترێت ئه‌نجومه‌ن ئێستا".


شۆڕش حاجی باس له‌وه‌ده‌كات،  لەسەردەمی شاخ به‌ره‌ی كوردستانی بوو بۆ رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی ئه‌و مه‌ترسییانه‌ی كه‌ رووبه‌ڕووی گه‌له‌كه‌مان ده‌بووه‌وه‌ تا یه‌ك هه‌ڵوێست و یه‌ك ده‌نگ بین، كه‌ ئه‌وه‌ ٢٨ ساڵ تێپه‌ڕی به‌سه‌ر پێكهێنانی حكومه‌ت و په‌رله‌مان بۆیه‌ ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ین كه‌ په‌رله‌مان ببێته‌ مه‌رجه‌ع."

شۆڕش حاجی هێما بۆ ئه‌وه‌ده‌كات، "مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ به‌ره‌ی كوردستانی له‌وكاته‌دا گرنگ بوو بۆ یه‌كخستنی رای لایه‌نه‌كان، به‌ڵام ئه‌و سه‌رده‌مه‌ تێپه‌ڕی سه‌رده‌می ئێستا، سه‌رده‌می په‌رله‌مان و حكومه‌ت و هه‌ڵبژاردنه‌ له‌ ده‌وڵه‌ته‌كانی دنیا ئه‌نجومه‌نی سیاسی له‌نێوان لایه‌نه‌ سیاسیه‌كاندا نییه‌، من خۆم وه‌ك شۆڕش حاجی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌م كه‌سی یه‌كه‌م و دووه‌می حیزبه‌كان یان له‌ناو په‌رله‌مانی كوردستان یان له‌ناو حكومه‌تدا بن له‌ده‌ره‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ی حكومه‌ت و په‌رله‌مان هیچ كه‌س مه‌رجه‌ع نه‌بێت".

هاوكات رۆژی سێشه‌ممه‌ محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود لەمیانی چاوپێکەوتنێکدا رایگه‌یاندبوو، " پێكهێنانی ئه‌نجومه‌نێك بۆ كۆكردنه‌وه‌ی حیزبه‌كان گرنگه‌، چونكه‌ هه‌ندێك حیزب هه‌یه‌ له‌ناو حكومه‌ت نه‌ له‌ناو په‌رله‌مان نوێنه‌رییان نییه‌".


به‌ڵام شۆڕش حاجی لەوبارەیەوە ده‌ڵێت، " ئه‌و حیزبانه‌ دامه‌زراوه‌ی رێكخراوه‌یی خۆیان هه‌یه‌، ڕێگای تر هه‌یه‌ كه‌ ئه‌و حیزبانه‌ بتوانن بۆچونی خۆیان بگه‌یه‌نن ئه‌ویش له‌ڕێگای نوێنه‌ره‌كانیان ده‌توانن له‌گه‌ڵ ئه‌و حیزبانه‌ی نوێنه‌رییان له‌ په‌رله‌مان و حكومه‌ت هه‌یه‌ كۆببنه‌وه‌ و دابنیشن و بۆچون و پێشنیاری خۆیان له‌سه‌ر پرسه‌كان بگه‌یه‌نن، ڕێزم هه‌یه‌ بۆ هه‌مو حیزبه‌كان، به‌ڵام كاتێك حیزبێك له‌و ئاسته‌دا نه‌بێت هیچ نوێنه‌ری له‌په‌له‌مان و حكومه‌ت نه‌بێت، ناكرێت ئێمه‌ بچین له‌به‌ر خاتری ئه‌وان 30 ساڵ بگه‌ڕێینه‌وه‌ دواوه‌ وه‌كو سه‌رده‌می شاخ یان وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێمه‌ بچین ئه‌نجومه‌نێك بۆ هۆزه‌كانی ئه‌مه‌زۆن دروست بكه‌ین".

محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود ئه‌وه‌شی وتبوو، "هه‌ندێك حیزب چوار ساڵه‌ پێكه‌وه‌ دانه‌نیشتون ئه‌گه‌ر ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ پێكبێت ده‌توانرێت ئه‌و حیزبانه‌ كۆبكاته‌وه‌".


شۆڕش حاجی له‌و باره‌یه‌وه‌ وتی، " خۆم له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌م كه‌ پێویسته‌ حیزبه‌كان له‌گه‌ڵ یه‌كتر دابنیشن، زۆربه‌ی زۆری حیزبه‌كان نوێنه‌رییان له‌په‌رله‌مانی كوردستان و عیراق هه‌یه‌ په‌رله‌مانتاره‌كان ده‌توانن هه‌ماهه‌نگ بن و له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه‌ی په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌ گه‌لی كورده‌وه‌ هاوهه‌ڵوێست بن، ئه‌گه‌ر دوو حیزبیش پێكه‌وه‌ دانه‌نیشتن ئه‌ركی ئه‌ندامانی ئه‌و حیزبانه‌یه‌ فشار بكه‌ن له‌ حزبه‌كانیان كه‌ كۆببنه‌وه‌، بۆچی حیزبه‌كان ئاماده‌بن بچن له‌به‌غدا كه‌ عه‌ره‌بن یا له‌ ئه‌نكه‌ره‌ كه‌ توركن، یاخود له‌ تاران كه‌ فارسن دابنیشن به‌ڵام ئاماده‌نه‌بن كه‌ كوردن پێكه‌وه‌ دابنیشن، به‌ڵام ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ نییه‌ به‌ڵكو ڕه‌نگه‌ شتی تری به‌دواوه‌ بێت چونكه‌ ده‌توانرێت له‌ڕێگای په‌رله‌مان و حكومه‌ته‌وه‌ هه‌مان شت بكه‌ن".


لە وەڵامی ئەو پرسیارەی چی لە دروستکردنی ئەو ئەنجومەنە دەخوێنیتەوە، شۆڕش حاجی له‌وه‌ڵامدا وتی، "من نازانم، به‌ڵام رێزم هه‌یه‌ بۆ بۆچونی كاكه‌ حه‌مه‌ و ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ دروستكردنی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ بۆچونی خۆم و به‌شێك له‌ پره‌نسیبه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌، كه‌ ئێمه‌ له‌گه‌ڵ شتێك نین كه‌ بمانگێڕێته‌وه‌ دواوه‌، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ین كه‌ حكومڕانیه‌كی هاوچه‌رخ په‌یڕه‌و بكرێت له‌كوردستان".

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا مه‌رجه‌عیش قبوڵ ناكه‌ن؟، ئه‌ندامه‌كه‌ی خانه‌ی راپه‌ڕاندنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌وه‌ڵامدا روونیکردەوە، "مه‌رجه‌ع لای ئێمه‌ په‌رله‌مانی كوردستان و دامه‌زراوه‌كانێتی".

Copyright 2019 BMC TV. All right reserved

Designed and Developed by AVESTA GROUP