Alternate Text

زۆرترین بینراو

Alternate Text

ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران واده‌ی دابه‌شكردنی نه‌وتی سپی به‌سه‌ر ماڵاندا ئاشكراكرد

کوردستان

بینراو 101

پێش 2 هەفتە

Alternate Text
+ -

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی راسپارت کە  پێش وەرزی زستان نەوتی سپی بەسەر ماڵاندا دابەشبکرێن، هەروەها بەرنامەیەکیش دابنرێت بۆ چارەسەرکردنی کەموکورتی رێگە و بانەکان پێش دەستپێکردنی وەرزی بارانبارین.

ئەمڕۆ چوارشەممە ٤ی ئەیلولی ٢٠١٩ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرۆکایەتی مەسروور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران بەڕێوەچوو کە تێیدا چەندین پرسی گرنگ تاوتوێکراون.

هەردوو وەزیری پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی  لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا راپۆرتێکی بەرفراوانیان لەبارەی کێشە و گرفت و پێداویستییەکانی وەرزی خوێندنی ٢٠١٩-٢٠٢٠ پێشکەشکردووە.

لە کۆبوونەوەکەدا مەسروور بارزانی ئاماژەی بەوە کردووە، گرنگیدان و پێشخستنی بواری پەروەردە و خوێندنی باڵا لە کارە لە پێشینەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و پێویستە کار لەسەر ئەوە بکرێت کە ئاستی قوتابخانە و زانکۆکانی کەرتی گشتی بەرزبکرێتەوە بەشێوەیەک کە جیاوازی ئاستی نێوان قوتابخانە و زانکۆ حکومی و تایبەتەکان کەمبکرێتەوە.

هەروەها سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریداوە لیژنەیەک لە وەزیرانی پەروەردە، خوێندنی باڵا، دارایی و پلاندانان پێکبهێنرێت بۆ دەستنیشانکردنی پێداویستییە گرنگەکانی وەرزی ئێستای خوێندن بۆ ئەوەی بە زووترین کات دابینبکرێن.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا مەسروور بارزانی وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی راسپاردووە کە پێش هاتنی وەرزی زستان نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتیان دابەشبکرێت و سەرەتا لە ناوچە شاخاوییەکان دەستپێبکرێت. هەروەها بەرنامەیەکیش دابنرێت بۆ چارەسەرکردنی کەموکورتی رێگەوبانەکان پێش دەستپێکردنی بارانبارین.

لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا گفتوگۆی لەبارەی چەند بابەتێکی پەیوەندیدار بە وەزارەتی دارایی کراون، وەک رێگرتن لە خۆدزینەوە لە باج و رێکخستنەوەی کاری ژمێریاری یاسایی.

Copyright 2019 BMC TV. All right reserved

Designed and Developed by AVESTA GROUP