Alternate Text

زۆرترین بینراو

Alternate Text

خالید شوانی: بەڕوونی لەگەڵ تورکمان باسمانکردووە کە پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك مافی كورده‌

کوردستان

بینراو 21

پێش 2 هەفتە

Alternate Text
+ -


ئه‌ندامێکی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان باس له‌ سه‌ردانی شاندی كوردی بۆ به‌غدا و كۆبونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ لایه‌نی توركمانی و عه‌ره‌بی ده‌كات له‌سه‌ر پرسی پارێزگاری كه‌ركوك و دەڵێت، بەڕوونی لەگەڵ تورکمان باسمان کرد کە پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك مافی كورده‌، ئەگەر بەشدار بن لەگەڵ ئێمەدا ئەوا ئاماده‌ین پۆستەکانی تری، غەیری،  پارێزگای کەرکوک گفتوگۆیان لەگەڵ بکەین و بیاندەینێ وە ئیستحقاقی خۆشیانە و ئامادەین بیاندەینێ.


خالید شوانی، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمریکا رایگەیاندووە، "شاندەکەی ئێمە نوێنەرایەتی لیستی برایەتی دەکرد لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، کۆبونەوەکەمان بەمەبەستی ناساندنی کاندیدی لیستی برایەتی بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکوک بە پێکهاتەی عەرەب و تورکمانی بو کە ئەندامیان هەیە لە ناو ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکدا و داواکاریش لێیان کە متمانە بەو کاندیدە بدەن بۆ ئەوەی ببێتە پارێزگار، لەگەڵ ئەوەشدا پڕۆژەیەکی سیاسی و ئیداریشمان پێبو بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ پێکهاتەی عەرەب و تورکمان کە دەکرێت ببێتە پڕۆژەیەک لەسەری ڕێکبکەوین لەداهاتودا".

باسی لەوەشکردووە، "هەرلایەک داواکاری خۆیان خستەڕوو کە ئێمە پۆستی پارێزگاری کەرکوکمان دەوێت ئەمە ئێستحقاقێکی ئینتیخابی و یاساییە وە لەبەرامبەریشدا کورد دور خراوەتەوە لە دۆخی ئیداری شاری کەرکوکدا، بۆیە ئێمە داوادەکەین پارێزگار هەڵبژێرردرێت کەکاندیدی لیستی برایەتیە لەبەرامبەردا تورکمان و عەرەبیش داواکارییان هەبوو".

خالید شوانی ئاماژەی بەوەشکردووە، "هێشتا کۆبونەوەکانمان تەواو نەبوە و لەگەڵ چەند لایەنێکی تری تورکمانی و عەرەب کۆدەبینەوە کە بەشێک نین لە لیستێکی دیاریکراوی یەکگرتو وە ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دیکەی کەرکوک لە عەرەب و تورکمان هەیە، کە ئەوانیش داواکارییەکانیان جیاوازە، کۆبونەوەکان بەردەوام دەبن و چاوەڕیی وەڵامی ئەوان دەبین لەسەر رۆشنایی وەڵامی ئەوان ئێمە بڕیار و هەنگاوی داهاتو دەنێین".

ئەوەشی خستەڕوو، "بەڕونی لەگەڵ تورکمان باسمان کرد کە پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك مافی كورده‌، ئەگەر بەشداربن لەگەڵ ئێمەدا ئەوا ئاماده‌ین پۆستەکانی تری غەیری پارێزگای کەرکوک گفتوگۆیان لەگەڵ بکەین و بیاندەینێ و ئیستحقاقی خۆشیانە و ئامادەین بیاندەینێ".

لەبارەی ئەوەی دەوترێت تورکمانەکان داوای پۆستی پارێزگاری کەرکوک دەکەن؟ خالید شوانی دەڵێت، "لایەنی تورکمانی نۆ ئەندامی هەیە لە ئەنجومەنی پارێزگا هەر نۆ ئەندامەکەی وەک یەک بیر ناکەنەوە و دابەش بون بەسەر چەند بەرەیەکدا، هەروەها عەرەبیش بەسەر چەند بەرەیەکدا ئەوانەی ئێمە لەگەڵیان کۆبوینەوە داوایان کرد لەکورد کە هاوکارییان بێت تا پارێزگار بدرێتە تورکمان، بەڵام ئەوە داواکارییەکی قەتعی نیە، چونکە ئەوە کۆبونەوەی یەکەمە و وەک دەزانرێت هەرلایەنە و سەقفی داواکارییەکانی بەرزە، بەڵام لەبەرامبەردا ئێمە جەختمان کردەوە، کە ئەم پۆستە مافی کوردە و ئێمە دورخراوینەتەوە لە ئیدارە و ئێمە زۆرینەین لەبەرامبەردا لەپۆستەکانی تردا توركمان و عەرەب هاوبەشی ڕاستەقینەمان دەبن".

شوانی ئەوەشی وت، "لەڕوی سیاسیشەوە ئێمە تەفاهومیان لەگەڵ دەکەین و لەم دو ڕۆژەدا کۆبونەوەمان لەگەڵ ئەندامانی لیستی برایەتی لەتورکمان و عەرەب دەبێت، چونکە تورکمان نۆ ئەندامی هەیە مەرج نیە هەمان بۆچونی بەرەی تورکمانیان هەبێت، ئەمە ساڵی ٢٠٠٣ و ٢٠٠٥ نیە، بۆیە تا کۆتایی ئەم هەفتەیە وەڵامی بەرەی تورکمانیش و ئەنجامی ئەو کۆبونەوانەش دەزانین تا بزانین نەخشە سیاسی و ئیدارییەکە بەرەو کوێ دەڕوات و لەچوارچێوەی ئەو وەڵامانە ئێمە وەک لیستی برایەتی دوا بریاری خۆمان دەدەین".

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی تورکمانەکان لەسەر چ بنەمایەک داوای پۆستی پارێزگاری کەرکوک دەکەن؟ خالید شوانی وتی، "تورکمان دەزانن زۆرینەیان نیە لەناو ئەنجومەنی پارێزگادا و دەزانن پارێزگار بەوان یەکلایی ناکرێتەوە و دەزانن لەڕوی یاساییەوە پێیان تەواو ناکرێت، ئەوان داوا دەکەن وەک ئیستحقاقی نەتەوەیی دەڵێن بۆ کورد پارێزگار بووە ١٥ ساڵ وە عەرەب نزیکەی دوو ساڵە پارێزگارە با تورکمانیش شەش مانگ پارێزگار بێت، داواکارییەکەیان زیاتر سیاسی و نەتەوەییە بێ ئەوەی پشت ببەستێت بە هیچ ئیستحقاقێکی تر."

شوانی جەختیکردەوە قورسە لایەنی کوردی بەدیلی داواکاری پارێزگاری کەرکوکی هەبێت و وتیشی، "لەبەر یەک هۆکار من لانیکەم لەڕوی شەخسی خۆمەوە ئەوەندە توندڕەو نیم ماف بەخەڵکی تر و پێکهاتەیەکی تر نەدەم، لەبەر ئەوەی دو ساڵە ئەوەندە سیاسەتێکی ناشرینی ئیداری بۆ پڕۆسەی بەعەرەبکردنی کەرکوک لەکەرکوک پیادەکراوە وایلێهاتوە کورد ئەم هەستەی لادروست بوە بەخۆشمەوە، کە دەیانەوێت کورد لەشارەکە بسڕنەوە بۆیە وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگار گەڕانەوەی شێوەیەکە لە هاوسەنگی بۆ دۆخی ئیدارەی کەرکوک و چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە ئێستا هەیە بۆیە قورسە کورد دەستبەرداری ئەو داواکارییەی ئێستای ببێت".

Copyright 2019 BMC TV. All right reserved

Designed and Developed by AVESTA GROUP