Alternate Text

زۆرترین بینراو

Alternate Text

بریارەکەی یەکێتی پێچەوانەی دەستوورەکەیەتی

کوردستان

بینراو 151

پێش 2 هەفتە

Alternate Text
+ -

کادرێکی پێشکەوتوی یەکێتی، لەسەر بڕیاری دانانی پێنج کادیری پێشکەوتوی یەکێتی بەسەر خستنیان بۆ ئەندامانی سەرکردایەتی کە لەرۆژی (۲۰۱۹/۹/۸) لەلایەن جێگری سکرتێری گشتییەوە بەبڕیاری ژمارە(۹۸۲) بڕیاری لەسەر دراوە رایدەگەیەنێت ئەو بریارە دەرچوونە لە پەیرەوی ناوخۆی حیزب.

حەبیب موحەمەد جاف کە کادرێکی پێشکەوتوی یەکێتی نیشتیمانییە رەخنە لەو بریارە دەگرێت و دەڵێت، "بڕیارەکەی یـەکێتی پێچەوانەی دەستورەکەیەتی، ئاماژە بەوەش دەکات، لەرۆژی (۲۰۱۹/۹/۸) جێگری سکرتێری گشتی بەبڕیاری ژمارە(۹۸۲) بڕیاریدا بەدانانی (پێنج) کادیری پێشکەوتوی یەکێتی بە ئەندامانی سەرکردایەتی کە من بۆخۆم زۆربەیان دەناسم خەڵکی بەتوانان و تێکۆشەر ولەبنەماڵەی خاوەن شەهیدن، بەڵام لێرەدا تێڕوانینێکی یاسایی دەکەین بۆ بڕیارەکە بە پێی دەستوری حیزبەکە کە (بەرنامە وپەیڕەوی ناوخۆی ی.ن.ک) ،بڕیارەکە پاڵپشت بە بڕگەی (پێنج) لە مادەی (۲۷) ومادە (۲۹)ی پەیڕەوی ناخۆ دەرچووە.


حەبیب موحەمەد جاف لەسەرەتای نوسینەکەیدا باسی لەوەکردووە، ئەم نوسینە تێڕوانینێکی یاسایی رووتە وهیچ مەبەستێکی سیاسی و شەخسی لە پشتەوە نییە تیاییدا ئاماژە بە چەند خاڵێک دەکات...


١-  لە مادەی (٥/۲۷ )لە دەسەڵاتەکانی سکرتێری گشتیدا هاتووە(فەرمانی دانانی ئەندامانی کومیتەی سەرکردایەتی ولێپرسراوانی دەزگاکان لەپۆستەکانیان دەردەکات) ئەم دەقە زۆر روونە بە مانای ئەوە نایە کە سکرتێری گشتی دەسەڵاتی دانانی ئەندامی نوێی هەیە بۆ سەرکردایەتی، بەڵکو بەو مانایە دێت کە (سکرتێری گشتی فرمانی دانانیان لە پۆستەکانیان دەردەکات) واتە کاتێک کەسێک دەبێت بە ئەندامی سەرکردایەتی ئەرکێکی بۆ دیاریدەکرێت بۆنمونە دەکرێت بە لێپرسراوی یەکێک لە مەڵبەندەکان یان مەکتەبەکان یان هەر دەزگایەکیتری حیزبەکە ، سکرتێری گشتی کە ئێستا دسەڵاتەکانی جێگرەکەی مومارسەی دەکات فرمانی دانانیان لەو پۆستانە دەردەکات.

۲- مادەی (۲۹) کە بڕیارەکە پشتی پێبەستووە دەڵێت(کۆنگرە ئەندامانی کۆمیتەی سەرکردایەتی کە پێکدێت لە (٥۰) ئەندام هەڵدەبژێرێت، لەوانە (٤٥) ئەندام بەسکرتێری گشتییەوە هەڵدەبژێرێت و (پێنج) ئەندامیان لەسەر داوای سکرتێری گشتی کۆمیتەی سەرکردایەتی دیارییان دەکات) واتە سکرتێری گشتی داوا دەکات لە سەرکردایەتی (پینج) ئەندام بۆ سەرکردایەتی دیاری بکرێت، واتە دەسەڵاتی دانانەکە هی سەرکردایەتیە وسکرتێری گشتی پێشنیار دەکات، بەڵام لەبڕیارەکە ئاماژە بەوە نەدراوە سەرکردایەتی رەزامەندبووە ودەنگی لەسەرداوە، بەڵکو ئاماژەی بەکۆبونەوەیەکی مەکتەبی سیاسی داوە کە لە (۲۰۱۹/۹/۷) کراوە، لە کاتێکدا مەکتەبی سیاسی خۆی شەرعییەتی لەسەرکردایەتی وەرگرتووە چۆن دەتوانێت کەسێک دابنێت لە خۆی باڵاتربێت.
۳-بەپێی مەنتوقی دەقەکەی پەیڕەو، سەرکردایەتی پەنجا کەسە نەک (٤٥) واتە دەبوایە دوابەدوای کۆنگرە تەکمیلەی سەرکردایەتی بکرایە، بەپێی زانیاری منیش هەر( پێنج) ئەندامەکە پێشتر دانراوە کە لەو ئەندامانەی حیزبی (ئایندە-زەحمەتکێشان)بوون وهاتنە ناو یەکێتی، ئەم بەڕێزانە بوون(قادرعزیز، نسراللە سورچی ، ئاسۆس ناوی باوکی نازانم ، یاسین ئامێدی) پێشتریش (شێرکۆ میروەیس) ، کەواتە دانانی (پێنج) کەسیتر جارێکیتر شکاندنی دەستورە و بڕیارەکە دەبێت بە بڕیارێکی مەعدوم وهیچ هێزێکی یاسایی نیە.


٤- لە مادەی (۱۸) ی پەیڕەوی ناخۆی حیزبەکەدا هاتووە ( لە بەر هەر هۆیەک بێت کۆنگرە لەکاتی خۆی نەکرا ببەسترێت تەنها پلنیۆم دەتوانێت بۆ ماوی (سێ تا شەش)مانگ بۆ یەک جار کۆنگرەکە دوابخات ،لەکاتی نەبەستنی کۆنگرە لەو ماوەیەدا سەرکردایەتی شەرعییەتی لەدەست دەدات) بەپێی مادەی (۱٤)ی پەیڕەویش کۆنگرە دەبێت (سێ)ساڵ جارێک ببەسترێت وکۆنگرەی داهاتوو پێویستە لە مانگی (۲۰۱۳/۳)دا ببەسترێت) واتە ئەم سەرکردایەتییە لەسەر تا خوار دەمێکە شەرعییەتی نەماوە ودەسەڵاتی درێژکردنەوەی تەمەنی خۆی نیە، چونکە ماددەکە دەڵێت ( لەبەر هۆیەک بێت ) کەواتە دەزگایەک شەرعییەتی نەمابێت چۆن دەتوانێت شەرعییەت بە خەڵکیتر بدات، ئەگەر سەرکردایەتی شەرعیەتی نەمابێت مەکتەبی سیاسی دەسەڵاتێکی تەنفیزی کار بەڕێکەرە وسەرکردایەتی دایناوە، چۆن دەتوانێت شەرعییەت بدات بە خەڵکیتر (فاقد الشيء لایعطیه).


٥- یەکێتی رۆژێک پێش دەرچونی ئەم بڕیارە رۆژی کۆنگرەی دیاریکرد کە لە (۲۰۱۹/۱۲/۷) دەبەسترێت، واتە ئامادەکاری دەکرێت بۆ کۆنگرەی تازەو سەرکردایەتی تازە وتەشکیلاتی نوێ، واتە بەپێی ئەو بڕیارەبێت ئەم حیزبە لەسەر وبەندی کۆنگرەدایە، ئیتر چۆن دەبێت لەو ئان ساتەدا ئەندامی سەرکردایەتی زیاد بکرێت، کە دەبوایە ئەو ماددەیەی دەستورەکە لەسەرەتاوە دەرچوبایە نەک لە کۆتاییەوە.


لە کۆتایدا ئاماژەی بەوەکردووە، بەپێی ئەو ماددە وبڕگانە بێت کە بڕیارەکە پشتی پێبەستووە ،بڕیارەکە پێچەوانەی دەستوری ناوخۆی حیزبەکەیە وتەعبیریشە لە ئیشکالیەتێک لە ئیدارەدانی حیزبدا ئەگینا هیچ مەعنایەکی نیە حیزبێک لەلایەک رۆژی کۆنگرە دیاری دەکات و لە لایەکیتر ئەندام بۆ سەرکردایەتیە کۆنەکەی زیاد دەکات وگومانی جیددیش دروست دەکات لەئەگەری بەستنی کۆنگرە ئایندەی.




Copyright 2019 BMC TV. All right reserved

Designed and Developed by AVESTA GROUP