Alternate Text

زۆرترین بینراو

Alternate Text

به‌هار مه‌حمود: ریفراندۆم وەک شتێکی عەشایەریانە کرا‌

کوردستان

بینراو 69

26/09/2019

Alternate Text
+ -

به‌هار مه‌حمود، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌ فراكسیۆنی گۆڕان رایگه‌یاند، كاتی خۆی رێكخه‌ری گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆچوونی كه‌سی خۆی هه‌بوو كه‌ به‌ به‌ڵێ ده‌نگی دا له‌ ریفراندۆم.

بەهار مەحمود، په‌رله‌مانتاری گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی عێراق بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند، لەڕاستیدا ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ دروستکردنی دەوڵەتی کوردی یەکێکە لە ئامانجەکانی هەموو کوردێک، بەڵام ئامانج جیایە و ئەوەی لە واقیعدا هەیە جیایە، ئەوەی کە کرا لەهەرێمی کوردستان من پێشتر هەموو ئەنجامەکانیم وەک خۆی پێشبینی کردبوو، چونکە ئامادەکاری بۆ نەکرابوو کات و ئامادەکارییەکەی پێویست نەبوو.

وتیشی، ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی پێویستی بە ژینگەیەکە کە لە رووی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی و هەرێمیەوە ئامادەکاری بکەیت ئەوجا دەست پێبکەیت، جگەلەوەی کەدەبێت لەناوخۆدا لەڕێگای دامەزراوە دەستورییەکانەوە کە پەرلەمانە ئەنجام بدرێت ئەمانە هیچی نەکرابوو وەک شتێک بوو عەشایەرانە کرا ئەوەبوو لە 51%ی خاک لەدەست درا دۆخی کورد زۆر زۆر هاتوەتەوە دواوە خۆی کورد سێ- چوار کێشەی هەیە لەبەغدا، کێشەی خاک، نەوت، بودجە، پێشمەرگە، شەراکەتی راستەقینەیی) ئەگەر سەیر بکرێت کێشەی خاک کە هەرە کێشە گەورەکانە بەیەکجار هاتوەتەوە دواوە سەیری ریفراندۆم بکرێت کورد لەناوچە دابڕێنراوەکان چەند موسەیتر بوون، بەڵام ئێستا هەمووی لەدەست دراوە.

روونیشیكرده‌وه‌،"خۆی مادەی ١٤٠ لە واقیعدا جێبەجێ کرابوو، لەمەسەلەی نەوت و بودجە و ئەوانەدا ئێمە پێشتر دۆخمان زۆر زۆر باشتربوو هەڵوێستمان بۆ قسەکردن و رێککەوتن لەگەڵ بەغدادا بەهێزتر بوو وەک لەوەی کە ئێستا هەمانە بۆیە لە ئێستادا ریفراندۆم ئێمەی خستوەتە هەڵوێستێکی لاوازەوە لەگەڵ بەغدا، واتە سەیر بکە لەجیاتی ئەوەی کێشەی خاک-مان هەبێت و داوای جێبەجێ کردنی مادەی ١٤٠ بکەین، هەموو کێشەمان بوەتە ئەوەی بەغدا بودجەی ٢٠٢٠ دەنێرێت یا نانێرێت؟! واتە بەڕاستی ئەوە کارەساتە.
بەهار مه‌حمود په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان وتیشی، "ریفراندۆم وای لە عیراق نەکرد کە بترسێت کە هەرێمی کوردستان هەرکاتێک بیەوێت جیابێته‌وه‌ و نەبووە کارتێکی فشار، بە پێچەوانەوە عیراق دڵنیا بوو لەوەی کە کورد ئەگەر ریفراندۆمیش بکات ناتوانێت جیا ببێتەوە، ئیلا مەگەر ئەو ریفراندۆمە ئامادەکاری بۆ کرابێت بەتایبەتی ریفراندۆم لە هەموو وڵاتاندا وایە، دەبێت کە ریفراندۆم بکەیت بۆ جیابونەوە لەگەڵ دەوڵەتی دایک-دا رێکەوتن بکەیت واتە ئێستا ئەگەر ئێمە بمانەوێت رێکەوتن بکەین دەبێت یەکەم شت لەگەڵ بەغداا رێکبکەوین خۆ نابێت بەشەڕ بێت، لەوڵاتانی تریش هەروابووە، ئەگەر سەیری مێژوو بکەین ئەو وڵاتانەی کە بە رێککەوتن ریفراندۆمیان کردووە و گەڕاونەتەوە بۆ دەوڵەتی دایک سەرکەوتوو بوون ئەوەی کە بەوە نەیانکردووە بە رێگای تر کردویانە سەرکەوتوو بوون.

وتت دەبوو رێکەوتن لەگەڵ حکومەتی دایک واتە حکومەتی عیراق بکرایە بۆ جیابونەوە ئایا حکومەتی عیراق رازی دەبوو بەوەی بەکوردەکان بڵێت بڕۆ ریفراندۆم بکەن و لەمن جیاببنەوە؟

لەوەڵامدا بەهار وتی، "بەڵێ بە رێککەوتن دەکرێت و پێشتریش بووە، دەبوایە ئێمە هەوڵی بۆ بدەین".

ئایا بەته‌نها چاوەڕێ کردنی ئەوەی بەغدا بودجەی ٢٠٢٠ دەنێرێت یا نا؟ وەک خۆت دەڵێی هەموو کێشەکانی كوردستان هاتوەتەوە سەر ئەوە پەیوەندی بە ئەدای ئێوەوە وەک نوێنەرە کوردەکانەوە هەیە یا بۆچی هەموو هۆکارەکە دەکەنە ریفراندۆم؟

لەوەڵامدا بەهار مه‌حمود دەڵێت، "ئەمە بە ئەدا نیە ئەمە بە دەستوور و بە یاسایە کە لە بودجەی ٢٠١٩ هاتووە دەڵێت دەبێت هەرێمی کوردستان بڕی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا بکات کوا بۆ پابەند نابێت؟.

جه‌ختیكرده‌وه‌،"هەر لەدەستووردا لەمادەی ١١١ دا دەڵێت بەڕێوەبردنی نەوت بەهاوبەشی دەبێت، کوا بۆ بەهاوبەشی نایکات؟ بۆ کەرتی نەوت شەفاف ناکەن لەهەرێمی کوردستاندا تا من بەرگری لێبکەم؟ باشە من بەرگری چی لێبکەم لێرە کاتێک من نازانم مەلەفی نەوت لەهەرێمی کوردستان چۆن بەڕێوە دەبرێت؟! ئەی نابێت بۆم شەفاف بکات تا بەرگری لێبکەم، واتە ئێمە بەرگری دەکەین شەڕە سیاسیەکە دەکەین بەس دەبێت حکومەتی هەرێم چەک-مان بداتێ کە ئەو چەکەم نەداتێ شەڕی پێبکەم لێرە من چی بکەم لێرە؟.

واتە بە بۆچونی تۆ خەتای حکومەتی هەرێمی کوردستانە؟

لەوەڵامدا بەهار مه‌حمود  دەڵێت، "پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان مادام لەدۆخی ئێستایدا هیچ بژاردەیەکی باشتی نیە لەوەی کە رێکەوتن بکات لەگەڵ بەغدا پێویستە نیاز پاکی خۆی پیشان بدات بۆ ئەوەی کە دەیەوێت رێککەوتن بکات لەگەڵ بەغدا-دا هیچ نەبێت بڕێک لەو نەوتەی کە یاسای بودجە بۆی داناوە رادەستی بکات تا ئێمە بتوانین بەرگری لێبکەین، بەرگری لە مافی خەڵک بکەین".

تۆ كه‌ ئه‌م گلله‌ییانه‌ له‌ حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كه‌یت خۆ ئێوه‌ش ئێستا له‌ حكومه‌تدا به‌شدارن، له‌كابینه‌ی پێشوتریش دوو ساڵی یه‌كه‌م به‌شداربوون، ئایا ئه‌م گلله‌ییه‌ خۆ-شتان ده‌گرێته‌وه‌؟

په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان (د.به‌هار مه‌حمود) له‌وه‌ڵامدا وتی: "کە دەڵێت ئێوە بەشدارن لەحکومەت، ئێ قەیچێکە با بەشداربین لەحکومەتدا، من وتومە حکومەت خۆ ناوی شەخسم نەهێناوە بڵێم کاک مەسرور و وەزیری پەروەردە و ئەوە و ئەوە، من وتومە حکومەت ئەوەی خۆشمان دەگرێتەوە، بەڵام ئێمە بە ئەندازەی ئەوە دەمانگرێتەوە کە ئاگامان لە دۆخەکەیە ئەم حکومەتە تازە دروست بووە پێویستە نوێنەرانی ئێمە لەناو حکومەتدا ئەو بۆچونانە بڵێن بەو ئەنجومەنی وەزیرانەی کە تیایدا بەشدارن".

سەبارەت بە دەنگدان بە "بەڵێ" لە رۆژی ریفراندۆمی سەربەخۆیی لەلایەن رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕانەوە؟

د. بەهار مەحمود په‌رله‌مانتاری بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان دەڵێت: "یەکەمین شت دەنگدانی رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان ئەوە بۆچونێکی شەخسی جەنابی بوو، ئەوە بزووتنەوەی گۆڕان نەبوو کە بە رۆژێکی مێژووی ناوی برد و بە بەڵێ دەنگیدا بەڵام بەو شێوەیەی ئەو رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان هەموو جەستە و ژیانی خۆی بۆ خەبات و خزمەتی کوردستان پێشکەشکردووە ئاساییە و مافی خۆیەتی بەوشێوەیە سەیری ریفراندۆم بکات و گوزارشتی لێبکات، بەڵام هەڵوێستی فەرمی بزووتنەوەی گۆران هەڵوێستەکەی جڤاتی گشتی بزووتنەوە گۆڕان بوو کە وتی: "دەنگدەرانمان ئازاد دەکەین کەچۆن دەنگدەدەن بە ریفراندۆم بە بەڵێ یاخود بە نەخێر، وە من هەڵوێستی خۆم چەند مانگێک پێش ریفراندۆم راگەیاندووە".

د. بەهار مەحمود لەوەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسەکەی دەنگی ئەمریکا کە پرسی ئایا رێکخەری گشتی "تەمسیلی شەخسیەتی مەعنەوی" بزووتنەوەی گۆڕان ناکات؟ دەڵێت: "ئەرێ وتی من بەناوی گۆڕانەوە دەیڵێم؟ نەیوت من بەناوی گۆڕانەوە دەڵێم، من پێت دەڵێم هەڵوێستی فەرمی بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەبوو کە جڤات شەوەکەی رایگەیاند، تۆ جەنابت راگەیاندکاری ئایا گوێت لێ نەبوو؟! ئەوە لەبەردەم قەزادا تەمسیلی شەخسیەتی مەعنەوی دەکات، رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان دەتوانێت رای شەخسی هەبێت بەتایبەت لە بابەتی دەنگداندا تەواو رای شەخسی خۆیەتی خۆ قابیلە رێکخەری گشتی بچێت لەبری 500 هەزار دەنگدەر دەنگ بدات، نەخێر ئەو لەجیاتی خۆی دەنگ دەدات".

له‌كۆتایی قسه‌كانیدا د. به‌هار مه‌حمود ده‌ڵێت: "ریفراندۆم پڕۆسەیەکی هەڵەبوو بەڵام مانای ئەوەنیە ئێمە لەگەڵ ریفراندۆم نین بۆ سەربەخۆیی کوردستان، بەڵام ریفراندۆم کارتێکی ئەوەندە ئاسان نیە کە هەموو ساڵێک جارێک یا دووجار بێیت یاری پێبکەیت و دووبارەی بکەیتەوە و دووبارەی بکەیتەوە، دەبێت ژینگەی خۆی بۆ ئامادەبکەیت من لەگەڵ ئەوەم کە لە ئێستاوە کاربکەین بۆ ئامادەکاری کردن بۆ ریفراندۆمێکی حەقیقی کە مەبەستەکەی سەربەخۆیی کوردستان بێت چ لەڕووی نێودەوڵەتی، چ لەڕووی نێوخۆیی چ لەڕووی هەرێمیەوە، ئێمە یەکەمین شت پێویستە ناوخۆی خۆمان باش بکەینەوە، ئەو ڕیفراندۆمەی تر کارتێک بوو بەکارهێنرا و سوتێنرا بەمەبەستی شاردنەوەی چەند کێشەیەک بوو لەوکاتەدا بەمەبستی شەخسی بوو ئیتر بەهەر مەبەستێک بوبێت یا بەهەڵە بوو کە لەوانەیە بەهەڵە کاتەکەیان هەڵبژاردبێت "ئەلموهیم" ڕاست نەبوو.

Copyright 2019 BMC TV. All right reserved

Designed and Developed by AVESTA GROUP