Alternate Text

زۆرترین بینراو

Alternate Text

حه‌یده‌ر شه‌شۆ: تا ئێستا لایه‌نه‌ كوردییه‌كان به‌ چاوی كوردستانی بوون سه‌یرمان ناكه‌ن

کوردستان

بینراو 59

پێش 2 هەفتە

Alternate Text
+ -

فه‌رمانده‌یه‌كی ئێزدییه‌كان رایگه‌یاند، له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ كوردییه‌كان له‌هه‌ولێر له‌گفتوگۆدان تا به‌یه‌ك لیست به‌شداری له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان له‌ سنوری پارێزگای موسڵ بكه‌ین.




حه‌یده‌ر شه‌شۆ، سكرتێری پارتی ئێزیدی دیموكرات و هه‌روه‌ها به‌رپرسی هێزی ئێزیدخان بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند، "وەک سێ پارتی ئێزیدی بەناوی هاوپەیمانێتی ئێزیدی خۆمان تۆمارکرد لە فەرمانگەی لایەنەسیاسیەکان لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، بەڵام بە بۆچونی ئێمە باشترە و لەبەرژەوەندی میللەتی کورد ئەمەیە کە پەیوەندی بکەین بە هاوپەیمانی کوردستانیەوە، هەم وەک کوردی ئێزیدی هەم وەک کوردی موسڵمانیش چونکە قەزیەی ئێمە یەک قەزیەیە".



ئاماژەی بەوەشکرد، " لەدو ڕۆژی رابردودا لەگفتوگۆدا بووم لەگەڵ لایەنە کوردییەکان سەبارەت بەبەشداری کردنمان بەیەک لیستی هاوبەش لەگەڵ لایەنەکان هەڤاڵانی ئێمە لە دو لایەنەکەی تر ئاگادارن لەو گفتوگۆیانە تا ئیشەڵا بگەینە ڕێککەوتن و بەیەک لیست بەشداربین، چونکە دوای بڕیارەکەی کۆمسیۆن، خەڵکی شەنگال کە لە ٧٠%ی تا ئێستاش لەکەمپدان مافی ئەوەیان نییە دەنگ بدەن بەپێی ئه‌و بڕیارە لەبەر ئەوە کاریگەری زۆرە لەبەرژەوەندی گەلی کورد و ئێزیدی نیە کە ئەو هەموو دەنگە بڕوات بۆیە ئێمە دەخوازین لە هەر سێ-چوار پارێزگای ناوچە جێناکۆکەکان بەیەک لیست بەشداری لەهەڵبژاردنەکان بکەین".


حەیدەر شەشۆ رەخنەی لە هاوپەیمانی کوردستانی گرت و وتی، " ئێمە دەخوازین بەیەک لیست بەشداری هەڵبژاردنەکان بکەین، بەڵام ئەوە کەموکوڕی لیستی کوردستانیە کەهەتا دوو ڕۆژ لەمەوبەر هیچ پەیوەندییەکیان بە ئێمەوە نەکردوە وەک حیزبە کوردستانیەکان و حیزبە ئێزیدییەکان لەکاتێکدا پەیوەندی بەهەمو لایەنە کوردستانیەکانەوە کراوە".

وتیشی، ئەگەر بەیەک لیست بەشداری بکەین ئەوا تەنها لەناوچەی موسڵە چونکە ئێـمە لەدیالە و کەرکوک خەڵکمان نییه‌.


حەیدەر شەشۆ ئەوەشی خستەڕرو، " ئێمە نەداوای سەرۆکایەتی لیست نە هیچ ڕێژەیەکی کورسیمان نەکردوە چونکە ئێمە هیچ ئیشکالیەتمان لەسەر ئەوە نیە، داخوازی ئێمە ئەوەیە دەنگی کورد پەرت نەبێت ئێمە هیوادارین کورد دەنگی زۆر بهێنێت و بەشداربین لەو هاوپەیمانێتیەدا، بۆ ڕێژەیەکیش داوای ئەوەمان کردوە کێ دەنگی هێنا بەدەنگی خۆی بچێتە ئەنجومەنی پارێزگا بەڵام خەڵکی ئەو ناوچەیە لە ئیدارەدانی ئەو ناوچەیە بێ بەش نەبێت."

حەیدەر شەشۆ جه‌ختیكرده‌وه‌، "بەداخەوە ئەمە دەڵێم، بەڵام تا ئێستاش لایەنی فەرمی لەهەرێمی کوردستان و پارتە سەرەکییەکان بەچاوی کوردستانی بوون سەیرمان ناکەن، ئێمە چەندین جار جەختمان کردوەتەوە کە ئێمە کوردستانین".


لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا ئێوە کوردستانین یان کوردن، چونکە لەکوردستاندا نەتەوەکانی کلد و ئاشوری و تورکمانیش هەیە ئەوانیش دەڵێن کوردستانین بەس ناڵێن کوردین؟ حەیدەر شەشۆ وتی، "کاتێ سەرکردایەتی کورد، سەرۆکی هەرێم، هه‌روه‌ها بەڕەحمەت بێت جەنابی مام جەلال کە دەڵێن ئێزیدی ئەسڵی کوردانە، دابونەریت و پەرستشی ئێمە بەزمانی کوردییە دەبێت حکومەتی هەرێم پرسیاری کوردایەتی ئێمە نەکات چونکە کاتێک دەڵێن ئەسڵی ئێزیدی کوردە دەبێت جیاکاری نەکەن و ئەو پرسیارە نەکەن، ئێمە زۆر زۆرمان پێناخۆشە کە ئەو پرسیارە لە ئێمە دەکەن".

شەشۆ ئەوەی نەشاردەوە کە ئێزیدییەکان سەبارەت بەکورد بونیان سێ بەشن، لەو روەوە وتی، " لەناو میللەتی ئێزیدی هەیە دەڵێت، ئێمە ئێزیدین و کورد نین، لەناو ئێزیدیشدا ئەوە هەیە دەڵێت ئێمە کوردستانین و کورد نین، بەڵام بەڕێژەی سەرو لە 50%-60% دەتوانم بڵێم 70% دەڵێن ئێمە کوردین و ئەسڵمان کوردە، وە ئێمە وەک پارتی ئێزیدی دیموکراتی کوردستانین و زمانمان کوردییە وە کوردین و ئەسڵمان کوردە واتە وەک دین ئێزیدن وەک میللەت کوردین".

Copyright 2019 BMC TV. All right reserved

Designed and Developed by AVESTA GROUP