Alternate Text

زۆرترین بینراو

Alternate Text

دوو ساڵ به‌سه‌ر كۆچی مام جه‌لالدا تێپه‌ڕده‌بێت

کوردستان

بینراو 47

پێش 2 هەفتە

Alternate Text
+ -

ئه‌مڕۆ سێی تشرینی یه‌كه‌می ٢٠١٩ دوو ساڵ به‌سه‌ر كۆچی مام جه‌لال سه‌رۆككۆماری پێشووی عێراق و سكرتێری گشتی یه‌كێتی و یەكێك لە رابەرە دیارەكانی بزوتنەوەی كوردایەتی لەباشوری كوردستان  تێپه‌ڕده‌بێت.

ساڵی (١٩٣٣) له‌ گوندی كه‌لكانی بناری چیای كۆسره‌ت له‌ دایكبوه‌، كه‌ ده‌ڕ‌وانێته‌ سه‌ر ده‌ریاچه‌ی دوكان.

چه‌ند ساڵێك ته‌مه‌نی منداڵی له‌و گونده‌ به‌سه‌ر بردوه‌ و له‌ كۆیه‌ چوه‌ته‌ قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی و خوێندنی ته‌واوكردوه‌.

له‌ چالاكی قوتابخانه‌وه‌ بیرۆكه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی لای ئه‌و چه‌كه‌ره‌ی كردوه‌، كه‌ گه‌یشته‌ پۆلی چواره‌می سه‌ره‌تایی یه‌كێك بو له‌ پێشه‌نگه‌كانی خوێندكاران و به‌شداری له‌ چالاكیه‌كانی قوتابخانه‌ و وتار خوێندنه‌وه‌ و شانۆدا كردوه‌.

ساڵی (١٩٤٥)  كه‌ له‌ ته‌مه‌نی سیانزه‌ ساڵیدا بو، به‌شداری له‌ ئاهه‌نگی نه‌ورۆز كردوه‌ له‌ كۆیه‌ و وتاری خوێندوه‌ته‌وه‌، كه‌ بوه‌ته‌ مایه‌ی سه‌رسوڕ‌مانی ئاماده‌بوان.

له‌ساڵی (١٩٤٦)دا له‌گه‌‌ڵ چه‌ند هاوڕ‌ێیه‌كی خوێندكار و به‌ ئامۆژگاری یه‌كێك له‌ مامۆستاكانی كۆمه‌ڵه‌یه‌كی فێركاری نهێنیی دامه‌زراند به‌ ناوی كۆمه‌ڵه‌ی پێشخستنی خوێندنه‌وه‌ و به‌ سكرتێر هه‌ڵبژێردراوه‌، كه‌ ئامانجێكی كۆمه‌ڵه‌كه‌ هاندانی خوێندكاران بو بۆ خوێندنه‌وه‌ی ده‌ره‌كی.

هه‌ر له‌ ساڵی (١٩٤٦)دا و دوای دامه‌زراندنی پارتی دیموكراتی كورد له‌ (١٦) ی ئابی (١٩٤٦) له‌ چوارچێوه‌ی رێكخستنه‌كانی پارتیدا چالاكی خوێندكارانه‌ی كردوه‌.

دوای چونه‌ناو كاری سیاسییه‌وه‌، رۆژنامه‌ی رزگاری كه‌ پارتی دیموكراتی كورد به‌ نهێنی ده‌ریده‌كرد، كورته‌ وتاری له‌ژێر نازناوی  ئاگردا بۆ بڵاوده‌كرده‌وه‌.

ساڵی (١٩٤٧) بو به‌ ئه‌ندام له‌ پارتی دیموكراتی كورد و چالاك و لێهاتو بوه‌ له‌و ئه‌رك و فه‌رمانانه‌ی پێی سپێردراوه‌.

ساڵی (١٩٤٨) خوێندنی سه‌ره‌تایی ته‌واوكردوه‌ و له‌ ناوه‌ندی كۆیه‌ بوه‌ته‌ خوێندكار و به‌ نوێنه‌ری خوێندكارانی كۆیه‌ هه‌ڵبژێردراوه‌ و به‌شداری له‌ یه‌كه‌مین كۆنگره‌ی خوێندكارانی عێراقدا كردوه‌، كه‌ له‌ نیسانی (١٩٤٨) له‌ گۆڕ‌ه‌پانی  (ئه‌لسباع)ی شاری به‌غدا به‌ستراوه‌.

ساڵی (١٩٤٩) و له‌ سایه‌ی حوكمی عورفی و تۆقاندن كه‌ كوردستان و عێراقی گرته‌وه‌، مام جه‌لال بوه‌ به‌ ئه‌ندامی لیژنه‌ی ناوچه‌ی كۆیه‌ی حیزب.

له‌ شوباتی (١٩٥١)دا و له‌ كۆنگره‌ی دوه‌می پارتی دیموكراتی كورد، به‌ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی‌ ناوه‌ندی هه‌ڵبژێردرا.

له‌ ساڵی (١٩٥١)دا له‌گه‌‌ڵ چه‌ند هه‌ڤاڵێكدا گیراو بۆ شاری موسڵ دورخرایه‌وه‌، له‌وێش له‌ خه‌باتی سیاسیدا به‌رده‌وام بو و دواتر چوه‌ كه‌ركوك بۆ ته‌واوكردنی خوێندن و سه‌ر له‌نوێ دامه‌زراندنه‌وه‌ی رێكخستنه‌كانی حیزب و بوه‌ به‌رپرسی رێكخستنه‌كانی كه‌ركوك. له‌ هه‌مان ساڵیشدا ئه‌ركی چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی بڵاوكراوه‌كانی به‌ شێوه‌یه‌كی نهێنی گرته‌ ئه‌ستۆ تا ئه‌و رۆژه‌ی گیرایه‌وه‌.

ساڵی (١٩٥٢) چوه‌ته‌ كۆلیژی ماف له‌ به‌غدا و توانیویه‌تی رێكخستنه‌كانی ی تۆكمه‌ بكاته‌وه‌.

كانونی دوه‌می (١٩٥٣)دا به‌شداریی كۆنگره‌ی سێیه‌می پارتی دیموكراتی كوردستانی كردوه‌ و به‌ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی هه‌ڵبژێردراوه‌.

مانگی شوباتی (١٩٥٣)دا سه‌رپه‌رشتی یه‌كه‌مین كۆنگره‌ی یه‌كێتی قوتابیانی كوردستانی كرد و له‌ كۆنگره‌یه‌دا به‌ سكرتێری گشتی قوتابیانی كوردستان هه‌ڵبژێردرا و یه‌كێك بو له‌ دامه‌زرێنه‌رانی  یه‌كێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان، هه‌ر له‌و كاتانه‌دا نوێنه‌ری پارتی بو لای زۆربه‌ی حیزبه‌ نهێنێ و ئاشكراكانی عێراق.

ساڵی (١٩٥٤) به‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی هه‌ڵبژێردراوه‌.

ساڵی (١٩٥٥) چوه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ی عێراق و له‌ فێستیڤاڵی لاوان و قوتابیانی جیهانی له‌ وارشۆ به‌شداریكرد و له‌وێوه‌ سه‌ردانی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت و چینی كردوه‌.

ساڵی (١٩٥٦) به‌هۆی چالاكییه‌كانییه‌وه‌ په‌نای‌ بۆ خه‌باتی نهێنی بردوه‌ و ناچاربو له‌ پۆلی چواره‌می مافدا خوێندن به‌جێبهێڵێت.

ساڵی (١٩٥٧) سه‌ردانی سوریا و مۆسكۆی كردوه‌ و له‌ فێستیڤاڵی لاوان و قوتابیانی مۆسكۆ به‌شداریكردوه‌ و له‌ هه‌مان ساڵیشدا به‌شداری له‌ كاره‌كانی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانی یه‌كگرتو كرد و بو به‌ به‌رپرسی رۆژنامه‌ی خه‌باتی كوردستان كه‌ له‌ سلێمانی به‌ نهێنی ده‌ریان ده‌كرد.

له‌ یه‌كه‌مین رۆژی سه‌ركه‌وتنی شۆڕ‌شی (١٤)ی گه‌لاوێژی ساڵی (١٩٥٨)، سه‌رپه‌رشتی رێكخستنی خۆپێشاندانی جه‌ماوه‌ری سلێمانی كرد و پاشان چوه‌ به‌غدا و به‌شداریی له‌ كاروباری مه‌كته‌بی سیاسی و ده‌ركردنی گۆڤاری رزگاریدا كردوه‌.

ساڵی (١٩٥٩) جارێكی تر به‌ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان و مه‌كته‌بی سیاسی هه‌ڵبژێردرایه‌وه‌ و له‌ هه‌مان كاتدا ئه‌ فسه‌ری یه‌ده‌گی كه‌تیبه‌ی چواره‌می زرێپۆش بو، هه‌روه‌ها به‌شداری له‌ ده‌ركردنی رۆژنامه‌ی خه‌باتدا ده‌كرد كه‌ به‌ زمانی عه‌ره‌بی ده‌رده‌چو و به‌ ناوی پیرۆته‌وه‌ وتاری تێدا بڵاوده‌كرده‌وه‌.

ساڵی (١٩٦٠) به‌رپرسی لقی سلێمانی و ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی بوه‌.

ساڵی (١٩٦١) بوه‌ سه‌رنوسه‌ری رۆژنامه‌ی كوردستان و دوای داخستنی رۆژنامه‌ی خه‌بات دوچاری راوه‌دونان بو له‌ به‌غدا، پاشان به‌ نهێنی گه‌ڕ‌ایه‌وه‌ سلێمانی و به‌شداری له‌ رێكخستنی مانگرتنی گشتیدا كرد، كه‌ له‌ شه‌شی ئه‌یلولدا كرا.

له‌ ئه‌یلولی (١٩٦١) دا كه‌ شۆڕ‌ش هه‌ڵگیرسا، به‌رپرسی ناوچه‌ی سلێمانی بو، یه‌كه‌مین بنكه‌ی شۆڕ‌شی له‌ چه‌می رێزان كرده‌وه‌ و فه‌رمانده‌یی هێزی رزگاری پێشمه‌رگه‌ له‌ ناوچه‌كانی سلێمانی كرد تا دوایی كرا به‌ لێپرسراوی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان.

ساڵی (١٩٦٣) و دوای كوده‌تاكه‌ی شوبات، مام جه‌لال به‌ سه‌رۆكی وه‌فدی كوردی ده‌ستنیشان كرا بۆ گفتوگۆ له‌گه‌‌ڵ حكومه‌تی تازه‌دا، سه‌ردانی كۆماری میسری و جه‌زائیری كرد و چاوی به‌ عه‌بدولناسر و بن بێلا كه‌وت و له‌ هه‌مان ساڵیشدا سه‌ردانی ئه‌وروپای كرد.

ساڵی (١٩٦٤) گه‌ڕ‌ایه‌وه‌ كوردستان و ئه‌ركی خۆی له‌ فه‌رمانده‌ییكردنی هێزی رزگاری گرته‌وه‌ ئه‌ستۆ.

ساڵی‌ (١٩٦٦) به‌هۆی ناكۆكییه‌كانی ناو (پارتی دیموكراتی كوردستان – عێراق)ه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هاوڕێكانیدا له‌ مه‌كته‌بی سیاسی ده‌چێته‌ ئێران و پاشان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ عێراق.

ساڵی (١٩٦٧) به‌شداری له‌ كۆڕ‌ی سۆسیالسته‌كانی عه‌ره‌ب كرد له‌ جه‌زائیر و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی زۆر به‌پێزی ده‌رباره‌ی كێشه‌ی كورد و شه‌رعیه‌تی بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی گه‌لی كورد و دۆستایه‌تی نێوان كورد و عه‌ره‌ب پێشكه‌شكرد.

ساڵی (١٩٧٠) رۆڵی كاریگه‌ری خۆی بینی له‌ چاره‌سه‌ركردنی ناكۆكییه‌كانی ناو پارتی دیموكراتی كوردستان.

ساڵی (١٩٧٢) چوه‌ ده‌ره‌وه‌ی عێراق و ماوه‌یه‌ك له‌ لوبنان و میسر و سوریا مایه‌وه‌.

ساڵی (١٩٧٥) سه‌ردانی ئه‌وروپا ده‌كات و له‌ نه‌مسا له‌گه‌ڵ هاوڕێكانی د. كه‌مال فواد و نه‌شیروان مسته‌فا بیرۆكه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕش و دروستكردنی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان داده‌ڕێژن.

 له‌ (١)ی (٦)ی (١٩٧٥) له‌ دیمه‌شق له‌گه‌‌ڵ نه‌وشیروان مسته‌فا و ده‌سته‌یه‌ك له‌ هاوڕێكانیدا یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانیان دامه‌زراند و نه‌خشه‌یان بۆ هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شۆڕ‌شی نوێ دانا كه‌ له‌ (١) ی حوزه‌یرانی (١٩٧٦) راگه‌یه‌نرا و بوه‌ سكرتێری گشتی یه‌كێتی.


ساڵی (١٩٨٨) یه‌كێك بو له‌ دامه‌زرێنه‌رانی به‌ره‌ی كوردستانی و بو به‌ سه‌رۆكی به‌ره‌ی كوردستانی بۆ كاروباری ده‌ره‌وه‌.

دوای ئازادكردنی عێراق به‌ ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی حوكم هه‌ڵبژێردرا و له‌ مانگی نۆڤه‌مبه‌ری (٢٠٠٣) دا سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی كرد.

له‌ (6)  نیسانی (٢٠٠٥)، مام جه‌لال بو به‌ یه‌كه‌مین سه‌رۆكی هه‌ڵبژێراوی عێراق.

ساڵی (٢٠١٠) جارێكی تر بوه‌وه‌ به‌ سه‌رۆك كۆماری عێراق.

مام جه‌لال ژیانی هاوسه‌ریی له‌گه‌ڵ هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د پێكهێناوه‌ و دو كوڕیان هه‌یه‌ به‌ناوه‌كانی قوباد و بافڵ.

له‌ (١٨)ی (١٢)ی (٢٠١٢) به‌هۆی دوچاربونی به‌ جه‌ڵته‌ی مێشك گه‌یه‌نرایه‌ نه‌خۆشخانه‌كانی ئه‌ڵمانیا و دوای (١٩) مانگ مانه‌وه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ كوردستان.

رۆژی (٣)ی (١٠)ی (٢٠١٧) له‌ ئه‌ڵمانیا كۆچی دواییكرد.

Copyright 2019 BMC TV. All right reserved

Designed and Developed by AVESTA GROUP