Alternate Text

زۆرترین بینراو

Alternate Text

خالید شوانی: دوو ساڵه‌ پرۆسه‌ی ته‌عریب له‌ كه‌ركوك به‌ چڕی ده‌ستیپێكردووه‌

کوردستان

بینراو 108

03/10/2019

Alternate Text
+ -

وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری به‌غدا رایگەیاند، "دوو ساڵه‌ پرۆسه‌ی ته‌عریب له‌ كه‌ركوك به‌ چڕی ده‌ستی پێكردووه‌، له‌هه‌مانكاتیش عه‌ره‌ب و پێكهاته‌كانی تری پارێزگاكانی تر له‌ دوای شاری داعش هاتونه‌ته‌ كه‌ركوك و نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ ناكرێت به‌ خه‌ڵكی كه‌ركوك هه‌ژمار بكرێن".

خالید شوانی، وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری به‌غدا ئەمڕۆ لە لێدوانێکدا رایگەیاند، "به‌داخه‌وه‌ کەرکوک و ناوچه‌ دابڕێندراوه‌كان روبه‌ڕوی پرۆسه‌یه‌كی به‌عه‌ره‌بكردنی به‌ به‌رنامه‌ بونه‌ته‌وه‌، هه‌وڵی زۆری گۆڕینی دیموگرافی شاری كه‌ركوك و بچوككردنه‌وه‌ی پێگه‌ی كورده‌ له‌و ناوچانه‌ ده‌درێت، ئه‌مانه‌ش هه‌موی دژی یاسا و ده‌ستور و دژی پێكهاته‌كانی كه‌ركوكن".

 

باسی لەوەشکرد، "له‌ داهاتودا له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌ست به‌ دانوستان ده‌كرێته‌وه‌ له‌سه‌ر چاره‌نوسی ئه‌و ناوچانه‌ و ئاساییكردنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ له‌ روwی سه‌ربازی و ئه‌منی و ئیداری و ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ی به‌سه‌ری هاتوه‌".

 

شوانی ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ئیتیحادی باس كردوه‌، بڕیاره‌ لیژنه‌كان دروست بكرێن بۆ سه‌ر له‌ نوێ چاره‌سه‌ری ئه‌و ناوچانه‌، لیژنه‌كانی مادده‌ی ١٤٠ یش كارابكرێنه‌وه‌، ئه‌وه‌ش یه‌كێكه‌ له‌و بابه‌تانه‌ی پێویسته‌ به‌رنامه‌ی بۆ دابنرێت له‌ دانوستانه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا بكرێته‌ نه‌خشه‌رێگای چاره‌سه‌ری ئه‌و ناوچانه‌.

 

وەزیری هەرێم ئەوەشی روونکردەوە، "بۆ ئێستای كه‌ركوك وه‌ك كورد رووبه‌ڕوی دوو پرۆسه‌ی چاره‌نوساز ده‌بینه‌وه‌، یه‌كه‌میان هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانه‌ كه‌ یه‌كی نیسان ئه‌نجام ده‌درێت، هه‌نگاوێكی پیرۆز نراوه‌ كه‌ لایه‌نه‌ كوردیه‌كان به‌یه‌ك لیست به‌شدار ده‌بن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێویستی به‌ خۆئاماده‌كردن هه‌یه‌ به‌ به‌رنامه‌ی سیاسی بۆ چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ یه‌كتر و مامه‌ڵكردن له‌گه‌ل پێكهاته‌كانی تری كه‌ركوك و مامه‌ڵه‌ كردن له‌گه‌ڵ به‌غدا".

 

روونیشیکردەوە، "پڕۆسه‌یه‌كی تریش ئه‌نجامدانی سه‌رژمێریه‌ و ئێمه‌ به‌روونی وتومانه‌ ناكرێت سه‌رژمێری له‌ كه‌ركوك ئه‌نجام بدرێت و له‌كاتێكدا ئه‌و واقیعه‌ی هه‌یه‌ بیسه‌پێنن و بیكه‌نه‌ واقیعی راسته‌قینه‌ی كه‌ركوك ئه‌و واقیعه‌ دوره‌ له‌ راستی".

 

شوانی لە بارەی تەعریب کردنەوە راگەیاند، "دوو ساڵه‌ پرۆسه‌ی ته‌عریب له‌ كه‌ركوك به‌ چڕی ده‌ستی پێكردوه‌، له‌هه‌مانكاتیش عه‌ره‌ب و پێكهاته‌كانی تری پارێزگاكانی تر له‌ دوای شاری داعش هاتونه‌ته‌ كه‌ركوك و نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ ناكرێت به‌ خه‌ڵكی كه‌ركوك هه‌ژمار بكرێن".

جەختیشیکردەوە، پرۆسه‌ی سه‌رژمێری پرۆسه‌یه‌كه‌ پڕه‌ له‌ مه‌ترسی پێویسته‌ به‌ به‌رنامه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بکرێت، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ركاتێك سه‌رژمێری ئه‌نجام درا واقیعی راسته‌قینه‌ی كه‌ركوك نیشانبدا نه‌ك ئه‌و واقیعه‌ی ئێستا هه‌یه‌.

Copyright 2019 BMC TV. All right reserved

Designed and Developed by AVESTA GROUP