Alternate Text

زۆرترین بینراو

Alternate Text

عیزەدین مستەفا ئەو پیاوەی تەمەنی تەرخانكرد بۆ خزمەتكردنی ئەدەب‌ و زمانی كوردی‌

کوردستان

بینراو 67

پێش 2 هەفتە

Alternate Text
+ -

عیزەدین کوڕی مەلا مستەفای سەفوەت کوڕی حاجی مەلا رەسوڵی دێلێژەیە، ساڵی (١٩٣٤) لە گەڕەکی دەرگەزێن لە شاری سلێمانی لەدایک بووە، سێیەم منداڵی باوک و چوارەم منداڵی دایکیەتی، کاتێک دایکی لە مێردی یەکەم جیا بووەتەوە، لەگەڵ مەلا مستەفای سەفوەتدا خێزانی پێکهێناوەتەوە.

سەرەتای خوێندنی منداڵی عیزەدین مستەفا، لای باوکی بووە لە مزگەوتی حاجی مەلا رەسوڵی دێلێژە، لە ساڵی (١٩٣٩) وەک گوێگر لە قوتابخانەی غازی وەرگیراوە، بەهۆی ئەوەی کە خوێندکارێکی وریابووە، کراوە بە خوێندکار و بە یەکەم دەرچووە.

چووەتە کۆلێژی شەریعە لە بەغدا، بەڵام بەهۆی تێکەڵبوونی بە کاری سیاسییەوە، ساڵی یەکەمی شەریعەی پێتەواو نەکراوە و دەرکراوە، دواتر گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی و ساڵی دواتر چووەتە پۆلی چوارەمی بەشی زانستیی تەواو کردوە، لەو دەمەدا بەشی ئەدەبی لە شاری سلێمانی نەبوە، ساڵی دواتر کراوەتەوە، یەکێک لە مامۆستاکانی بە ناوی موسا داوای لێ کردوە بچێتە بەشی ئەدەبی لە پۆلی پێنجەم لە خوێندنی شەوانە، پاش تەواوکردنی پۆلی پێنجەم، دوبارە چوەتەوە بەغدا.

ساڵی ١٩٥١ لە خانەی ماڵی مامۆستایان وەرگیراوە، ساڵی ١٩٥٢ بەشداری راپەڕینی ئەو ساڵە بووە لە شاری بەغدا، برینداربووە و دواتر لە کۆلێژ دەرکراوە لەبەر بەشداریی کردنی لە راپەڕینەکەدا گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی و لە بەڕێوەبەرایەتی مەلاریا بە ناونیشانی کرێکار دامەزرێندراوە.

پاش گەڕانەوەی بۆ سلێمانی، بووە بە مامۆستای سەرەتایی لە قەڵادزێ، بەڵام لەوێش بە هۆی کاری سیاسییەوە گواستراوەتەوە بۆ سلێمانی، دواتر بۆ قەمچووغە، لەوێش بە کاری سیاسییەوە خەریک بووە، دووبارە گێڕاویانەتەوە بۆ سلێمانی.

بەهۆی هەڵسوکەوتی ئەو کاتی موتەسەڕیفی سلێمانییەوە، عیزەدین مستەفا هەڵاتووە بۆ شام و عیراقی بەجێهێشتووە، دووبارە لە کۆلێژی ئاداب لە شام درێژەی بە خوێندن داوە و پۆلی دوو و سێی بەشی عەرەبیی ئادابی تەواو کردووە.

تا شۆڕشی (١٤)ی تەمموزی ساڵی (١٩٥٨) گەڕاوەتەوە بۆ بەغدا و لە قۆناغی سێیەمی خانەی مامۆستایان دانراوە، دواتر کۆلێژی تەواوکردوە و هەر لە بەغدا لە بەڕێوەبەرایەتیی خوێندنی کوردی کە یەکەم ساڵ بوە کراوەتەوە، دامەزرێنراوە.

لەوسەردەمەدا عەبدولکەریم قاسم دەستی بە ناردنی خوێندکاران کردوە بۆ سەکێتی سۆڤیەت لەسەر ئەرکی دەوڵەت، عیزەدین مستەفا رەسوڵیش یەکێک بوە لەو خوێندکارانەی چوەتە سۆڤیەت، دوای تەواوکردنی زمان، لەگەڵ د.کەمال مەزهەر و نەسرین فەخریدا چوەتە باکۆ.

لە (٢٤/٦/١٩٦٣) بڕوانامەی دکتورای وەرگرتوە و پاشان لەسەر داوای حیزبی شیوعیی عێراق چوەتە سۆفیای پایتەختی بولگاریا بۆ سەرپەرشتیی رادیۆی نهێنیی دەنگی گەلی عێراق.

ساڵی ١٩٦٥ گەڕاوەتەوە بۆ کوردستان و چووەتە شاخ و بووە بە پێشمەرگەی حیزبی شیوعیی عێراق، بەڵام دوای ساڵێک مانەوە لە بارەگای بارزانی، ٢٦/١٢/١٩٦٦ بە هەوڵێکی مەلا مستەفای بارزانی بووەتە مامۆستا لە زانکۆی بەغدا و لە بەشی کوردی دامەزرێنراوە.


ساڵی (١٩٧٩) چووەتەوە بۆ مۆسکۆ، درێژەی بە خوێندن داوە و پلەی دکتۆرا و پڕۆفیسۆری وەرگرتووە، لە ساڵی (١٩٩٢) و لە یەکەم خولی پەرلەمانی کوردستان و وەک کەسێکی بێلایەن لەسەر لیستی سەوز بووەتە پەرلەمانتار.

عیزەدین مستەفا روسڵ یەکێکە لە دامەزرێنەکانی یەکێتیی نوسەرانی کورد، یەکەم بەیاننامەی دامەزراندنی بە قەڵەمی عیزەدین نوسراوە، ساڵی (١٩٦٥) مۆڵەتیان وەرگرتوە و جەمال بابان کراوە بە سەرۆکی دەستەی دامەزرێنەر، بەڵام دوای گەڕانەوەی نوسەرانی شاخ پاش بەیاننامەی (١١)ی ئازار، ئەم دەستەیە هەڵوەشێندراوەتەوە و لە بەغدا هەڵبژاردن کراوە، د.عیزەدین بە کۆی (٦٣) دەنگ بوەتە سەرۆکی یەکێتیی نوسەرانی کورد.

لەسەرەتای دامەزراندنەوەی زانکۆی سلێمانی و کردنەوەی بەشی کوردی لە کۆلێژی زمان، وەک مامۆستا دەستبەرکابوە و وانەی بە خوێندکاران وتوەتەوە.

نزیکەی (٩٠) کتێبی لە بوارەکانی ئەدەب و زمان و بوارە جۆراو جۆرەکانی دیکەدا نوسیوە و یەکێک بووە لە قەڵەمە دیارەکانی ناو رۆژنامەگەریی کوردی و چەندین گۆشە و ستونی رۆژانە و هەفتانەی لە زۆربەی رۆژنامەکاندا نووسیوە.

سەر لەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە (٣/١٠/٢٠١٩)، پڕۆفیسۆر عیزەدین مستەفا رەسوڵ لە تەمەنی (٨٥) ساڵیدا لە شاری سلێمانی کۆچی دوایی کرد. 






Copyright 2019 BMC TV. All right reserved

Designed and Developed by AVESTA GROUP