Alternate Text

زۆرترین بینراو

Alternate Text

هاوژین عومه‌ر: سەرۆککۆماری عیراق هەر لە بەغدا ماوەتەوەو نەگەراوەتەوە هەرێم

کوردستان

بینراو 71

پێش 2 هەفتە

Alternate Text
+ -

هاوژین عومه‌ر راوێژكاری سه‌رۆككۆماری عیراق لە وتووێژیکیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا باس له‌ چه‌ند پرسێكی گرنگ دەکات لەبارەی خۆپیشاندانەوە، رەتیشیدەکاتەوە سەرۆککۆماری عیراق بەغدای جێهێشتبێت و گەڕابێتەوە هەرێمی کوردستان.


لە سەرەتای وتووێژەکەدا هاوژین عومەر رایدەگەیەنێت، "پێش رودانی خۆپیشاندانەکانیش، سەرۆککۆماری عیراق بە حوکمی ئەزموونی پێشتری لە ئیدارەدانی حکومەت و دەوڵەتدا، کاری لەسەر چەند تەوەرەیەک دەکرد بەو ئامانجەی عیراق نەگات بەم رۆژە لە توڕەیی و مەبەستی بوو پیشخواردنی خەڵکی عیراق کەم بکاتەوە، ئەگەرچی دەسەڵاتی یەکەمی جێبەجێکردنیش لای سەرۆکایەتیی حکومەتە نەک سەرۆککۆمار، چونکە دەسەڵاتەکانی سەرۆککۆمار بەپێی دەستوور سنووردارن، بەڵگەش بۆ ئەم قسانەمان چەند راستییەکە، یەکەمیان ئەوەیە کە سەرۆککۆمار ماوەیەک بەر لە ئێستا و لە میانەی کۆبوونەوەیەکی فەرمیدا رایگەیاند کە بەمزوانە بە هاوبەشی لەگەڵ حکومەت پڕۆژەیاسای ئەنجومەنی باڵای ئاوەدانکردنەوەی عێراق ڕەوانەی پەرلەمان دەکەین، کە بڕگە و ماددەی زۆر گرنگ بە مەبەستی سەرلەنوێ ئاوەدانکردنەوە و بوژاندنەوەی عێراق لەخۆ دەگرێت، هەروەها بەڵگەیەکی دیکەش ئەوەیە کە سەرۆککۆمار لە نیویۆرک و لە دیداری لەگەڵ سەرۆک ترامپ و سەرۆکانی گەورە وڵاتانی تر، جەختی لەسەر سێ تەوەر کردەوە، ئەوانیش (بیناکردنەوەی عیراق، بەهێزکردنی ئابووریی وڵات، دوورخستنەوەی عیراق لە شەڕی بەوەکالەت لە ناوچەکەدا)".

ئاماژەی بەوەشکرد، "هەندێک لەو روداوە  نەخوازراوانەشی کە لە ماوەی رابردوودا رویان دا، لە وێنەی مووشەکبارانکردنی کۆگاکانی چەک و تەقەمەنیی حەشدی شەعبی لە لایەن ئیسرائیل و رووداوی مووشەکبارانکردنی هەندێک دامەزراوەی نەوتیی شانشینی سعودیە، کە بە ناڕاستەوخۆ باس لەوە دەکرا سەرچاوەکەی لە عیراقەوە بووە و دواتر بە درۆ خرایەوە، دەرهاویشتەی ئەو هەوڵ و بارودۆخە بوون، چاوەڕوان دەکرا عیراق بکرێتە شوێنی شەڕی بەوەکالەت، بەڵام سەرکردایەتیی سیاسیی عیراق، لە سەروو هەمووشیانەوە سەرۆککۆماری عیراق لە کۆبوونەوەی بەردەوامی سێ سەرۆکایەتییەکە و هەموو سەرکردە و کوتلە سیاسییەکانی دیکەش، هەوڵی زۆریان دا عیراق لەو مەترسییە رزگار بکەن، تا راددەیەکی باشیش ئەو مەترسییە لەسەر عێراق دوور خرایەوە. هەر بەوهۆیەشەوە بوو کە لە نیویۆرک سەرکردەی گەورە وڵاتانی جیهان پێزانینیان بۆ سەرۆک کۆمار و سەرکردایەتیی سیاسیی عیراق دەربڕی، کە تا ئێستا ئەم وڵاتە توانیوێتی خۆی لە شەڕی بەوەکالەت بپارێزرێت و نەچێتە پاڵ هیچ جەمسەرێکی ململانێکانەوە".


راوێژکارەکەی سەرۆککۆماری عیراق وتیشی، "ئێمە لایەنەکان دیاریی ناکەین، بەڵام وەک دەزانرێت ئەم وڵاتەی ئێمە هێشتا لە ڕووی سەروەریی و مەرکەزییەتەوە کێشەی هەیە، هەربۆیە عیراق وەک وڵاتێکی کراوە وایە، هەندێک لایەن لە ناو عیراقدا هەن کە بە هۆکاری سیاسیی بێت یان مەزهەبیی، پەیوەندیی و ئاڕاستەیان لەگەڵ دەرەوەی خۆیاندا هەیە، هەربۆیە زۆر "حەزەر" دەکرا لەوەی ئەم لایەن و گرووپانە شەڕی بەوەکالەت بکەن، بەڵام بە هەوڵەکانی هەرسێ سەرۆکایەتییەکە و بە تایبەتیش سەرۆک کۆمار، توانرا هەموو ئەو هەوڵانە پوچەڵ بکرێنەوە و رێگە نەدرێت عیراق ببێتە گۆڕەپانی ئەو شەڕە بەوەکالەتە".

هاوژین عومەر جەختی لەوەشکردەوە ، "کە داواکارییەکانی زۆرێک لە خۆپیشاندەران رەوان، ساڵانێکی زۆرە شەقامی عیراقی وەک پێویست خزمەت نەکراوە، پڕۆسەی دامەزراندن نییە، بێکاریی تەشەنەی سەندووە، قەیرانی نیشتەجێبوون هەیە، حکومەت نەیتوانیوە هەندێک بەرپرسی گەندەڵ بداتە دادگا و گەندەڵی سنووردار بکات، لە خۆپیشاندانێکی وەهاشدا کە هیچ لایەن و رەوتێکی سیاسیی بە فەرمی خۆیان نەکردۆتە خاوەن و پێشڕەو، دوور نییە دەستتێوەردان و بەلاڕێدابردن و ئاڕاستەکردنی نادروست روو بدەن، هەربۆیە چاوەڕوان دەکرێت لەگەڵ فراوانبوونی ئەم خۆپیشاندانانەدا، دەستوەردانی زیاتریش بکرێت".


هاوژین عومەر باسی لەوەشکرد، "بەڕێز دکتۆر بەرهەم ساڵح تەنها یەک ساڵە وەکو سەرۆککۆماری عیراق دەستبەکار بووە، ئەگەرچی عیراق وڵاتێکی پڕ کێشەیە، بەڵام لەم ماوە کەمەشدا چەندین هەوڵی گرنگی داوە لەو پێناوەدا، لەوانە چاککردنی پەیوەندییەکانی عیراق و هەرێمی کوردستان، هەروەها هەوڵی داوە عیراق رۆڵێکی بێلایەنانەی هەبێت لە کێشەکانی ناوچەکەدا، لەگەڵ چاککردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە بە هەوڵی سەرۆککۆمار و بە تەنسیق لەگەڵ بەڕێز سەرۆک وەزیرانی عێراق، توانرا هێزەکانی حەشدی شەعبی بە فەرمانی ئیداریی بخرێنە ناو مەنزوومەی بەرگریی عێراقەوە و هەموو مەرج و بڕیارە فەرمییەکانیان بە سەردا جێبەجێ بکرێن، ئەم بابەتانە دەچنە خانەی دروستکردنی سەروەریی و مەرکەزیەت و بەهێزکردنی ڕۆڵی دامەزراوەکانی دەوڵەت، ئەمانە کۆمەڵێک خاڵن بۆ ئەوەی لە سۆنگەیانەوە عیراق کەسایەتیی سیاسیی خۆی بەدەست بهێنێتەوە".

راوێژکارەکەی سەرۆککۆماری عیراق رەتی کردەوە، سەرۆککۆماری عیراق بەغدای جێهێشتبێت و گەڕابێتەوە هەرێمی کوردستان لەو بارەیەوە وتی، "هەموو ئەوانە درۆ و پڕوپاگەندەن لە پێناو دروستکردنی بەلبەلەی زیاتر دەکرێن، تا پێش ئەم پەیوەندییە تیلیفۆنییەی ئه‌م وتووێژه‌ بە هیچ جۆرێک بەرنامە نەبووە سەرۆککۆمار بگەڕێتەوە هەرێمی کوردستان، بەڵکو بە پێچەوانەوە ئەوکاتەی پڕوپاگەندەکە بڵاو کرایەوە، سەرۆککۆمار لە کۆشکی کۆماریی لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران لە کۆبوونەوەدا بوو بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشە و ئاڵۆزییەکان، تا دوو رۆژ پێش ئێستاش بڕیار بوو لە رۆژی شەممە ساڵیادی کۆچی دوایی "بەڕێز مام جەلال" بە ئامادەبوونی سەرکردە و بەرپرسە سیاسییە نێوخۆیی و دەرەکییەکان لە کۆشکی سەلام بەڕێوە بچێت، بۆیە ئەو دەنگۆیانە بە هیچ شێوەیەک ڕاست نین کە "بەڕێز سەرۆک کۆمار" گەڕابێتەوە هەرێمی کوردستان، ناوبراو هەر یەکەم ڕۆژ لەگەڵ دوو سەرۆکایەتییەکەی دیکە و بەرپرسانی سیاسیی عیراق کۆبوویەوە، تا دەستبەجێ کۆمەڵێک رێوشوێنی پێویست بگیرێنە بەر بە مەبەستی دامرکاندنەوەی توڕەیی خەڵک".

هاوژین عومەر لە کۆتایی گفتوگۆکەیدا وتی، "چونکە داواکارییەکان ئاڕاستەی حکومەت کراون، لە روی دەستوورییشەوە دامەزراوەی حکومەت و سەرۆک وەزیران لایەنی یەکەمی جێبەجێکردن و بەرپرس و تایبەتمەندن بەو پڕۆسەیەوە، تەنانەت لە عیراقدا رەخنەکان ئاڕاستەی سەرۆکایەتیی کۆمار و نوێنەرانی کورد لە عێراق نین، چونکە هەموان دەزانن سەرۆکایەتیی کۆمار رۆڵی ئیجابی هەبووە لە واقیعی ئێستای عیراقدا، تەنانەت بەشێک لە سەرکردە و کەسایەتییە سیاسییەکان دەڵێن ئەگەر گرفتی پشکپشکێنە نەبوایە لە عێراقدا، بۆ ئێمە گرنگتر بوو کە بەرهەم ساڵح سەرۆک وەزیران بوایە، وەک لەوەی کە ئێستا ئەم کابینەیە ئەنجامی دەدات".

Copyright 2019 BMC TV. All right reserved

Designed and Developed by AVESTA GROUP