Alternate Text

زۆرترین بینراو

Alternate Text

كاكه‌مین نه‌جار: نابێت سه‌رۆكی حكومه‌ت ته‌نها له‌ هه‌ولێر و دهۆك ده‌سه‌ڵاتی هه‌بێت

کوردستان

بینراو 76

پێش 1 هەفتە

Alternate Text
+ -

ئه‌ندامێکی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی کوردستان رایگەیاند، حیزبه‌كه‌ی پابه‌نده‌ به‌ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ یه‌كێتی سه‌باره‌ت به‌ پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك .

كاكه‌مین نه‌جار، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند،" له‌گه‌ڵ یه‌كێتی رێككه‌وتین له‌سه‌ر كاندیدێك بۆ پارێزگاری كه‌ركوك، به‌ڵام وه‌ك ده‌زانرێت پارێزگار ده‌بێت له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگا ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت ئه‌نجومه‌نیش به‌ته‌نها كوردی تێدا نییه‌ به‌ڵكو توركمان و عه‌ره‌بی تێدایه‌ ده‌بێت هه‌ماهه‌نگی هه‌بێت له‌و ڕوه‌وه‌، ده‌بێت ئه‌نجومه‌نی پارێزگا ده‌نگی له‌سه‌ر بدات و به‌غداد-یش په‌سه‌ندی بكات".


وتیشی، له‌گه‌ڵ یه‌كێتی هیچ كێشه‌مان نییه‌ و رێككه‌وتوین، به‌ڵام ماوه‌ته‌وه‌ سه‌ر ئه‌نجومه‌ن كه‌ ده‌نگی له‌سه‌ر بدات و به‌غداد په‌سه‌ندی بكات ئه‌گه‌رنا كێشه‌ نه‌ماوه‌ له‌دانانی پارێزگاره‌كه.


كاكه‌مین نه‌جار لەوبارەیەوە  روونیشیكرده‌وه‌، " ئه‌گه‌ر بڕواننه‌ مێژو پارتی هه‌میشه‌ پابه‌ندی هه‌مو ئه‌و رێككه‌وتنانه‌ بوه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان كردویه‌تی ئێستاش پابه‌ندی ئه‌و رێككه‌وتنه‌یه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتی كردویه‌تی، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه‌ ته‌نها ئیشه‌ ئیداریه‌كه‌یه‌ كه‌ لای ئه‌نجومه‌نی پارێزگایه‌ كه‌ده‌ست بكات به‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان بۆ ڕێككه‌وتن، ئه‌گه‌رنا ئێمه‌ وه‌ك پارتی هیچ په‌شیمان نه‌بوینه‌ته‌وه‌ و به‌رده‌وامین له‌ڕێككه‌وتنه‌كان".


لەبارەی ئه‌و لێدوانەی قادر عه‌زیز لەبارەی نیگەرانیەکانی قوباد تاڵه‌بانی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی پێنادرێت وه‌ك جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت، کاکەمین نەجاڕباسی له‌وه‌كرد، "هیچ ڕێگریه‌ك له‌ كاك قوباد و وه‌زیره‌كان نه‌كراوه‌، به‌ڵام وه‌ك ده‌زانرێت حكومه‌ت یاسا و ڕێسای خۆی هه‌یه‌ بۆ كاركردن، ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران جیاوازه‌ و ده‌سه‌ڵاتی جێگره‌كه‌ش جیاوازه‌، ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی كه‌ به‌پێی یاسا كاك قوباد وه‌ك جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت هه‌یه‌تی هیچ ڕێگریه‌ك نیه‌ بۆ ئه‌نجامدانی ده‌سه‌ڵاته‌كانی خۆی به‌پێچه‌وانه‌وه‌ هاوكاری ته‌واویشی ده‌كه‌ین".

وتیشی، " به‌پێی ئه‌و یاسایه‌ی كه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران هه‌یه‌، ده‌سه‌ڵاته‌كان دیاریكراون ئه‌وه‌ی له‌یاسا به‌ده‌ر بێت ئه‌وه‌ شتێكی تره‌ ئه‌وه‌ی یاسایی بێت پارتی پابه‌نده‌ به‌ هه‌مو ده‌سه‌ڵاته‌كانی كاك قوباده‌وه‌".


كاكه‌مین نه‌جار ئه‌وه‌شی روونكرده‌وه‌، " وه‌ك  ده‌زانرێت حكومه‌تی هه‌رێم حكومه‌تی ئیئتلافیه‌، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌ له‌ زاخۆ تا خانه‌قین وه‌ جێگره‌كه‌شی به‌هه‌مان شێوه‌، وه‌زیره‌كانیش به‌هه‌مان شێوه‌ ئازادن له‌ موماره‌سه‌كردنی ده‌سه‌ڵاته‌كانی خۆیان به‌ڵام ڕێنمایی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران هه‌یه‌ كه‌ پێویسته‌ هه‌مو لایه‌ك پابه‌ند بن پێوه‌ی".


ئه‌وه‌شی خستەڕوو، "رێككه‌وتنی ئێمه‌ و یه‌كێتی به‌وجۆره‌ نیه‌، چونكه‌ خۆ هه‌ر ئێمه‌ و یه‌كێتی له‌و حكومه‌ته‌دا به‌شدارنین، گۆڕان و پێكهاته‌كانی تریش به‌شدارن، حكومه‌ت یاسا و رێسای خۆی هه‌یه‌ سه‌رۆكی حكومه‌ت ده‌بێت ده‌سه‌ڵاتی له‌هه‌مو سنوری كوردستان هه‌بێت وه‌ جێگره‌كه‌شی هه‌روا، ئێمه‌ به‌وه‌ ڕازی نابین سه‌رۆكی حكومه‌ت به‌س له‌ دهۆك و هه‌ولێر ده‌سه‌ڵاتی هه‌بێت، جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تیش به‌ته‌نها له‌ سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌سه‌ڵاتی هه‌بێت كوردستان یه‌ك حكومه‌ت و یه‌ك كابینه‌ و یه‌ك په‌رله‌مانی هه‌یه‌، هه‌مومان پێكه‌وه‌ كارده‌كه‌ین وه‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانیش به‌پێی یاسا دابه‌شكراوه‌ بۆ سه‌رۆكی حكومه‌ت و جێگر و وه‌زیره‌كانیش".


كاكه‌مین نه‌جار باسی لەوەشکرد، "ئه‌گه‌ر قوباد تاڵه‌بانی نیگه‌ران بێت ئه‌وا ئێمه‌ دانیشتن له‌گه‌ڵ مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی ده‌كه‌ین تا بزانین له‌كوێ خه‌له‌ل هه‌یه‌ چاره‌سه‌ری ده‌كه‌ین هیچ خه‌له‌لێك ناهێڵینه‌وه‌ به‌بێ چاره‌سه‌ركردن، ئێمه‌ و یه‌كێتی-ش له‌و حكومه‌ته‌ ته‌واوكه‌ری یه‌كترین پێكه‌وه‌ حكومه‌ت به‌ڕێوه‌ده‌به‌ین له‌گه‌ڵ گۆڕان و لایه‌نه‌كانی تر ئه‌وانه‌ی به‌شدارن له‌ حكومه‌ت، هیچ نیگه‌رانیه‌ك نابێت".

Copyright 2019 BMC TV. All right reserved

Designed and Developed by AVESTA GROUP