Alternate Text

زۆرترین بینراو

Alternate Text

لە هەرێمی کوردستان كێشانی جگەره‌ له‌لایه‌ن كچانه‌وه‌ روو له‌ زیادبوونه‌

کوردستان

بینراو 295

پێش 1 هەفتە

Alternate Text
+ -

لە ئێستادا لە شەقامەکانی هەرێمی کوردستان حاڵەتێک لە نێو کچاندا سەری هەڵداوا ئەویش کێشانی جگەرەیە لەسەر شەقامە گشتییەکان بەشێوەیەکی ئاشکرا، پسپۆڕێکی بواری دەروونیش ‌رایدەگەیەنێت، هۆکاری زۆربوونی کچانی جگەرە کێش دراما تورکییەکانن.

پرۆفیسۆر كەریم شەریف قەرەچەتانی،  پسپۆڕی بواری دەروونی‌و مامۆستای زانكۆ بە تۆری میدیایی بی ئێم سی راگەیاند، "لە سەدەکانی رابردوودا لەناو کۆمەڵگای کوردی جگەرە کێشان لەلایەن ئافرەتانەوە بوونی هەبووە لەناو ماڵ و دیوەخانەکاندا، بەڵام بەهۆی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری بەردەوام لە راگەیاندنەکانەوە توانرابوو تا رادەیەکی باش ئەوە دیاردەیە نەمێنێ تا رادەی نەمان بڕوات".

پسپۆڕەکەی بواری دەروونی‌ وتیشی، "هۆکاری سەرەکی ئەوە دەگەرێتەوە بۆ دایک و باوک کە لە ئێستادا رۆڵی نەماوە لە پەروەردەکردنی منداڵدا بەهۆی کارکردنەوە کاتیان بۆ منداڵاکانیان نییە".

پرۆفیسۆر كەریم شەریف قەرەچەتانی ئاماژەی بەوەشکرد، "بوونی کۆمەڵێک فیلمی بیانی و تورکی بە شێوەی دۆبلاژ لە کەناڵە کوردییەکاندا هۆکارێکی ترە، کە تیایدا بە بێ بوونی هیچ فلتەرێک لەسەریان پەخش دەکرێت، بە ئاشکرا ئەکتەرەکانی جگەرە دەکێشن لەناویدا کە هۆکارە بۆ دروستبوونی کاریگەری لەسەرییان بۆ کێشانی جگەرە".

باسی لەوەشکرد، "بوونی هێڵەکانی ئینتەرنێت لەناو ماڵدا بە بێ هیچ چاودێرییەک لەلایەن دایکان و باوکانەوە هۆکارێکی ترە، کە لە ئێستادا بە بێ هیچ چاودێرییەک و بە بێ دیاریکردنی هیچ تەمەنێک سۆشیال میدیا لەناو هەموو تەمەنەکاندا بەکار دەهێنرێت".

لەبارەی مەترسییەکانی ئەو حاڵەتە كەریم شەریف قەرەچەتانی وتی، "مەترسی ئەم حاڵەتە بۆ سەر کۆمەڵگە ترسناکە، دەبێتە هۆی چاو لێکەری کچانی هەرزەکار بۆ کێشانی جگەرە، هەروەها دەبێتە هۆی ئەوەی کچان بەلەڕێدا ببرێن و بەرەو لادان ببرێن بەهۆی ئەوەی تا کاتێکی درەنگ شەوان لەناو کافتریاو سەر شەقامەکاندا بمێنەوە".


راشیگەیاند، "مەترسی کچانی جگەرە کێش زۆر زیاترە لە پیاو بەهۆی ئەوەی رەنگە ئەو کچانە لە کاتی ئەنجامدانی هاوسەرگیریشدا نەتوانن وازی لێبهێنن،کە ئەمەش بەشێوەیەكی راستەوخۆ كاریگەری دەبێت لەسەر رێژەی دۆپامین و هۆرمۆنی بەختەوەری و خانەكانی مێشك و بۆهێڵەكان و ئەمەش لە ژنانەوە بۆ نەوەكانی دەگوێزرێتەوە".

جەختیشکردەوە، "ئه‌و ئافرەتانەی جگه‌ره‌ ده‌كێشن ئاستی زیره‌كی منداڵ و نه‌وه‌كانیان كه‌مده‌بێته‌وه‌ له‌چاو ئه‌و ئافرەتانەی جگه‌ره‌ ناكێشن، بەهۆی ئەوەی (٣٠٠٠) سێ هەزار ماددەی ترسناک لە جگەرەدا هەیە، کە راستەو خۆ بۆ ئافرەت زیانی زیاترە، لەبەر ئەوەی ئافرەت دووگیان دەبێت کە ئەمەش مەترسیدارە بۆ سەر گیانی ئەو کۆرپەیەی ناو سکی جگە لە مەترسییەکانی سەر ژیانی خۆی".


وتیشی، "کاتێک دایکێک جگەرە کێش بێت واکو وایە منداڵەکەشی جگەرە كێش بێت، چونکە درووسبوونی منداڵی بیر کۆڵ یان خاوەن پێداویستی تایبەت ئەگەر بۆ کەسێکی ئاسایی یەک جار بێت ئەوا بۆ ئەوان چەندان جارە".


توێژینەوەیەک ئەوەی ئاشکرا کردووە، کە لە هەر (٥) پێنج ژنێکی دووگیان یەکێکیان وازیان لە جگەرەکێشان نەهێناوە کە زیانی تەندروستی زۆر گەورەی بۆ کۆرپەکانی ناو سکیان هەیە، زاناكان رێنمووی دایكان و باوكان دەكەن لە كێشانی جگەرە دوور بكەونەوە بۆ ئەوەی كاریگەری لاوەكی و بنەچی زیان بەخش لەسەر مێشكی منداڵەكانیان دروست نەكات. 

Copyright 2019 BMC TV. All right reserved

Designed and Developed by AVESTA GROUP