Alternate Text

زۆرترین بینراو

Alternate Text

محەمەدی حاجی مەحمود: بۆ ئەم قۆناغەی ئێستا پێویسته‌ عێراق ببێتە سێ بەشەوە

کوردستان

بینراو 55

پێش 1 هەفتە

Alternate Text
+ -

سکرتێری گشتی حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، بۆ ئەم قۆناغەی ئێستای عێراق، کە ببێتە سێ بەشەوە بۆ ئەوەیە کە کۆنفیدراڵی بێت..


محەمەدی حاجی مەحمود، سکرتێری گشتی حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان لەبارەی خۆپیشاندانەکانی عێراقەوە بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند،  دەبێت کورد هەڵسەنگاندنێکی هەبێت بۆ خۆپیشاندانەکان، ئەم خۆپیشاندانانە ئەنجامی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراقە کە ڕۆژانە پێنج ملیۆن بەرمیل نەوتی تێدا دەفرۆشرێت، بەڵام بەروبومەکەی بۆ حیزبەکان و پەرلەمانتاران و وەزیر و حکومەتە کە هەمو شتێکیان بۆ حەڵاڵە، بەڵام خەڵکیش برسیە، واتە ئایا خۆپیشاندانەکان ئەنجامی برسێتی و نەبونی خزمەتگوزارییە؟ یا ئەو خۆپیشاندانانە بەرنامە بۆ داڕێژراوی ئاڕاستەکراوی سیاسیە.

وتیشی، پێموایە کورد دەبێت ئەو بابەتە لێکجیابکاتەوە بزانێت خۆپیشاندانەکە هی برسێتیە یا هی سیاسیە


لەبارەی ئەوەی کورد چۆن دەتوانێت سود لەم خۆپیشاندانانە وەربگرێت؟ محەمەدی حاجی مەحمود دەڵێت، "بەداخەوە ئێمە پێمان خۆش نیە گرفت بۆ حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی دروست ببێت، چونکە هەم خۆی دۆستی کوردە و هەم ڕەنگە لەسەر کورد گرفتی بۆ دروستکرابێت، بەڵام ناتوانێت بەم شێوەیە درێژە بەمانەوەی خۆی بدات کە ڕۆژانە پێنج ملیۆن بەرمیل نەوت بفرۆشێت، بەڵام خەڵکیش لەبەر نەبونی نەخۆشخانە و خزمەتگوزاری لەسەر شەقام بێت ئەمە خاڵی یەکەمە کە کورد بتوانێت سودی لێ ببینێت".


رونیشیکردەوە، "خاڵی دوەم، ئەگەر خۆپیشاندانەکە سیاسیە و ئاڕاستە بۆ کراوە و سیاسی و بەرنامە بۆ داڕێژراوە، نێوانی شیعە و سوننە، یا عیراق و وڵاتانی تر ئەمە جۆرێکی ترە، بۆیە دەبێت کورد لەهەردو حاڵەتەکەدا کۆببێتەوە و قسەی لەسەر بکات، چونکە هەرشتێک لە عێراق روبدات بە ئیجابی و سلبی دەبێت کورد کۆبێتەوە چونکە کاریگەری لەسەر کورد هەیە و کوردیش باجی ئەوانەی داوە بۆیە کورد دەبێت ئامادەبێت و بەسەر فرسەتی خۆیدا باز نەدات لەعیراقدا".


محەمەدی حاجی مەحمود ئەوەشی وت، "حکومەتی عیراقی زۆر کاری نادەستوری لەگەڵ هەرێمدا کردوە، وەک دەزانرێت داوای لێبوردنی لە کوەیت کرد و ئێستا قەرەبوی کوەیت دەکات لەسەر حسابی کوردیش، بەڵام داوای لێبوردنی لە کورد نەکرد لەسەر هەڵەبجە کە هەزاران کوردی شەهید کرد و قەرەبوی کەسوکاری قوربانیانیشی نەکردوە، لەلایەکی تر ڕاستە ئەم حکومەتە نەبو بەڵکو حکومەتەکەی حەیدەر عەبادی بو، بەڵام حکومەتی عیراقی بەدەبابەی ئەمریکی و سەربازی خۆی هات لە کەرکوک و شه‌نگال و مەخمور و هەمو شوێنەکانی تر لە کوردی دا ئەمانە هەموی نادەستوری و نایاسایی بووه‌.    

محەمەدی حاجی مەحمود ئەوەشی وت، " کورد هیچ کات بەدوای تۆڵەدا نەگەڕاوە تا تۆڵە بکاتەوە، بێگومان من خۆم بۆخۆم لەگەڵ ئەوەم دۆخی عیراق كە ئەبێت ڕوداوێکی گەورە دروست ببێت بۆ ئەو ناوچانەی کە ئێستا لەدەستی کورددا نەماوە حکومەتی عیراقی دەستی بەسەردا گرتوە، ڕوداوەکەش وەک چۆن کاتی خۆی عیراق ڕوخا یا داعش هات ئەگەر ڕوداوێکی وا ڕویدا کورد بە ئاسانی دەتوانێت دەست بەسەر ئەو شوێنانەی خۆیدا بگرێت و بیگەڕێنێتەوە ژێر دەسەڵاتی خۆی.


محەمەدی حاجی مەحمود ئەوەشی خستەڕوو، "ئەگەر عادل عەبدولمەهدی بەرگە نەگرێت و دەست لەکاربکێشێتەوە بەڕاستی دۆخەکان تێکدەچێت، خۆ ئەگەر حکومەتەکەشی بڕوخێنن و لەناوی ببەن ئەوە دۆخەکە ئەوەیە کە من دەیڵێم".


محەمەدی حاجی مەحمود دەشڵێت، "کورد جارێکی تر پێویستی بە ڕیفراندۆم نەماوە، کورد ڕیفراندۆمی کرد و کۆتایی هاتوە، هەتا هەتایە زیندوە و دەمێنێتەوە وەک باسم کردووە لەباخەڵی هەموو کوردێکدایە و تاپۆیەکی ڕەشە، ڕیفراندۆم جارێکی تر لەمێژوی کورددا پێویست نیە، بەڵام دەتوانرێت خاڵەکانی ڕیفراندۆم جێ بەجێ بکرێت".


وتیشی، "ئێمە لەکاتی خۆشیدا کە ڕیفراندۆممان کرد بۆ ئەوەنەبو کە بڕیاری یەکسەر بدەین بۆ دەوڵەتی کوردی ئێمە مافی چارەی خۆ نوسینمان هەیە، قۆناغەکانی فیدراڵی و کۆنفیدراڵیە، بۆ ئەم قۆناغەی ئێستای عیراق، کە عێراق ببێتە سێ بەشەوە بۆ ئەوەیە کە کۆنفیدراڵی بێت، بۆ کۆنفیدراڵیش باشترین فرسەتە ئێستا حەقە دنیای دەرەوە و وڵاتان و ئەمریکا و تەنانەت عیراق خۆشی بگاتە ئەو بڕوایەی کە عێراق بەم شێوەیەی ئێستا ناتوانێت بژی دەبێت ببێتە سێ دەوڵەت بە کۆنفیدراڵی

Copyright 2019 BMC TV. All right reserved

Designed and Developed by AVESTA GROUP