Alternate Text

زۆرترین بینراو

Alternate Text

ساڵح موسلیم: ئەوەی شەڕی دەکرد ئێمە بووین نەک ئەمریکا

کوردستان

بینراو 252

6 رۆژ پێش ئێستا

Alternate Text
+ -

ساڵح موسلیم، هاوسه‌رۆكی په‌یوه‌ندییه‌ گشتیه‌كانی ته‌ڤده‌م لەمیانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمریکا باس لە بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوکات وەڵامی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دەداتەوە و راگەیاندووە، "توركیا ئه‌زمونی پێشتری هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ كورده‌كان ئه‌ویش ئه‌وه‌بوو هێرشیكرده‌ سه‌ر عه‌فرین، ئه‌وه‌ی توركیا له‌ عه‌فرین كردی له‌ كوشتن و له‌ سێداره‌دان و چه‌ته‌یی ده‌ركردن و دزیكردن هیچ شتێكی پیستر  نه‌ماوه‌ كه‌ توركیا له‌ ئه‌رزی واقیعدا به‌كردار نەیکات، كه‌چی سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ئه‌مریكا هات گڵۆپی سه‌وزی بۆ هێرشی توركیا هه‌ڵكرد كه‌ ئه‌مه‌ به‌لای كورده‌كانی رۆژئاواوه‌ جێی قبوڵ نیه‌".

ساڵح موسلیم باسی لەوەشکردووە، "بابه‌ته‌كه‌ لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ كه‌وتوینه‌ته‌ رێ و گه‌ڕانه‌وه‌مان نییه‌ به‌ڵام توركیش ئه‌وه‌ی ده‌وێت كه‌ كورد له‌ماڵ و شوێنی خۆی ده‌ربكات و خه‌ڵكی تر بهێنێته‌ جێگای، به‌ڵام كورد راناكات و له‌وڵاتی خۆی ده‌رناچێت و له‌ به‌رخۆدانی خۆی به‌رده‌وامه‌ هه‌تا ئه‌و جێگایه‌ی دوژمن بشكێنن، به‌ڵام پێویسته‌ له‌سه‌ر هه‌موو كوردێك كه‌ یه‌ك ده‌نگ و یه‌ك هه‌ڵوێست بن دیاره‌ من به‌وانه‌ ناڵێم له‌گه‌ڵ ئه‌وان هه‌ماهه‌نگ و هاوسۆزن".

ساڵح موسلیم ئاماژەی بەوەشکردووە، "وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌موان ده‌یزانن له‌هه‌مو دنیاشدا دیاره‌ ئه‌مریكا له‌چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانی دژی داعش ماوه‌ی چوارساڵه‌ لێره‌یه‌ و هاوكاریمان ده‌كات و توانیشمان سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بهێنین، بۆیه‌ به‌شێكی زۆری كورد به‌تایبه‌تی له‌ناو هێزه‌كانی سوریای دیموكرات له‌نێویاندا نایانه‌وێت زوو به‌زوو ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ توند و تۆڵه‌ی نێوانیان نه‌مێنێت و هاوكارییه‌كان ببڕن، به‌ڵكو به‌رده‌وامی په‌یوه‌ندی و هاوكارییه‌كانیان ده‌وێت".

ئەوەشی خستەڕو، "راسته‌ ئێستا ژماره‌یه‌ك له‌ هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌سه‌ر سنور كشاونه‌ته‌وه‌ به‌ڵام هێشتا مه‌ترسی داعش ماوه‌ له‌ حه‌سه‌كه‌ و دێرزور و ڕه‌ققه به‌رامبه‌ر شانه‌ نوستوه‌كانی داعش تا ئێستا پێكه‌وه‌ به‌رگری ده‌كه‌ین، ئێمه‌ هیوادارین ئه‌و بڕیاره‌ توركیا ده‌ستكراوه‌ نه‌كات له‌شه‌ڕ و ڕێگری لێبكه‌ن له‌ هێرش كردن چونكه‌ هیچ لایه‌ك نایه‌وێت شه‌ڕ بكات".

وتیشی، "ئه‌وه‌ی كه‌باس ده‌كرێت هێزه‌كانی ئه‌مریكا كشاونه‌ته‌وه‌ به‌ته‌واوی له‌سه‌ر سنوره‌ له‌و خاڵانه‌ی كه‌ وه‌ك خاڵی پاراستن به‌كارییان ده‌هێنان و ته‌نها پێیان وتین رێنمایی هاتووه‌ و ده‌كشێینه‌وه‌، به‌ڵام له‌ شوێنه‌كانی تر له‌شوێنی خۆیانن وه‌كو خۆیان ماونه‌ته‌وه‌، وه‌ك له‌ حه‌سه‌كه‌، نزیكی كۆبانی، هه‌روه‌ها له‌ ره‌ققه‌ له‌ شوێنی خۆیانن و هیچ گۆڕانكارییه‌ك روینه‌داوه‌ سه‌باره‌ت به‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌و شوێنانه‌ كشابێتنه‌وه‌ به‌ڵكو له‌ ئه‌ركی خۆیان به‌رده‌وامن".

ساڵح موسلیم رونیشکردەوە، "ئێمه‌ ئه‌وه‌ نازانین كه‌ چ گفتوگۆیه‌ك له‌نێوان ئه‌مریكا و توركه‌كاندا رویانداوه‌؟، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێستا بۆ ئێمه‌ دیاره‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و خاڵانه‌ی له‌سه‌ر سنور چاودێرییان ده‌كرد ئه‌وانه‌ چۆڵكرابون پاشه‌كشه‌یان پێكراوه‌، واته‌ به‌ توركه‌كانیان وتووه‌ فه‌رموون ئێوه‌ ده‌توانن بێن، جا ئیتر توركیا هه‌تا كوێ دێت؟ ئێمه‌ش ئه‌وه‌ نازانین، به‌ڵام هێزه‌كانی ئێمه‌ له‌وێن هه‌ركات توركیا بیه‌وێت هێرش بكات هێزه‌كانی سوریای دیموكرات به‌رپه‌رچیان ده‌داته‌وه‌".

لەوەڵامی ئەوەی ئایا توانای ئەوەیان هەیە به‌رپه‌رچی هێرشی توركیا بده‌نه‌وه‌؟ ساڵح موسلیم وتی، "ئێمه‌ بتوانین یاخود نه‌توانین ئه‌وه‌ كاری سه‌ربازییه‌، ناتوانم قسه‌ی زیاتر له‌وباره‌وه‌ بكه‌م، ئه‌وه‌ی ئێمه‌ ده‌زانین هێزه‌كانی سوریای دیموكرات هه‌مو حساباتێكی خۆی كردوه‌، ئاماده‌كاری خۆی كردوه‌ هه‌تا بتوانن به‌رگری بكه‌ن و گه‌ل بپارێزن، به‌ڵام ئه‌وه‌ش ناشاردرێته‌وه‌ كه‌ ئێمه‌ كه‌وتوینه‌ته‌ شه‌ڕێك له‌گه‌ڵ هێزێكی ئه‌ندامی ناتۆ كه‌ خاوه‌نی چه‌كی به‌هێز و جبه‌خانه‌ی به‌هێزی هه‌یه‌، به‌ڵكو ناتۆ پێی بڵێت كه‌ چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی ناتۆ به‌كارمه‌هێنه‌ یاخود پێی بڵێ تۆ مافی هێرش كردنت نیه‌، یا نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان رێگری هێرشكردنی لێ بكات، به‌ڵام له‌سه‌ر و هه‌موشیه‌وه‌ هیچ شتێك ئێمه‌ له‌به‌رگری كردن ناوه‌ستێنێت".

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی دوای بڕیاری ئەمریکا بۆ کشانەوەی هێزەکانی ساڵح موسلیم ده‌ڵێت، "په‌یوه‌ندی و تێكه‌ڵی ئێمه‌ هه‌تا ئێستاش هه‌یه‌، بۆ نمونه‌ له‌گه‌ڵ روسیا و ئینگلته‌را، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ فه‌ره‌نسا-ش په‌یوه‌ندیمان هه‌یه‌ كه‌ دانیشتین بكه‌ین بۆ چاره‌سه‌ری، به‌ڵام ئێمه‌ داوا له‌كه‌س ناكه‌ین كه‌ هاوكاریمان بكه‌ن و چه‌كی خۆیان به‌كاربهێنن بۆ پاراستنی خۆیان، ئێمه‌ خۆمانین و باوه‌ڕمان به‌خۆمان هه‌یه‌ داوای هاوكاریمان له‌ ئه‌مریكا نه‌كردووه‌ و نایكه‌ین چونكه‌ ئه‌مریكا ئێمه‌ی دروستنه‌كردوه‌، به‌ڵكو خۆمان خۆمانمان دروست كردوه‌ له‌سه‌ر پشتی ئه‌مریكا دروست نه‌بوین".

موسیلم ئەوەشی وت، "هه‌مو كه‌س ده‌زانێت ئێمه‌ په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ كێ هه‌یه وه‌ ئازادیشین له‌و په‌یوه‌ندییانه‌، ئێمه‌ نازانین و دیارنیه‌ كه‌ ڕه‌نگه‌ له‌ماوه‌كانی داهاتو دانوستانه‌كانمان له‌گه‌ڵ ڕژێمی سوریا-دا ده‌ست پێبكاته‌وه‌ بۆ ده‌سته‌به‌ركردن و ناساندنی مافی دیموكراسی ئێمه‌ له‌ده‌ستوری نوێی سوریا بۆ ئه‌مه‌ش كه‌سێك بیه‌وێت رێگری بكات و ده‌ستمان ببه‌ستێت شتی له‌وجۆره‌ نییه‌".

ساڵح موسلیم ده‌شڵێت، "كۆبونه‌وه‌ و دانیشتن دروست ده‌بن به‌ڵام زیاتر له‌سه‌ر ئاستی سه‌ربازی له‌گه‌ڵ هێزی سوریا و دیموكراتی به‌ڵام وه‌ك هێڵی سیاسی په‌یه‌ده‌ هیچ دانوستان و ڕێككه‌وتنێك له‌گه‌ڵ ئه‌مریكیه‌كان دروست نه‌بووه‌."

ساڵح موسلیم سه‌باره‌ت بەوتەکانی دۆناڵد ترەمپ وتی، "راستە ئەمڕۆ دوژمنێکی ھاوبەش ھەبێت بێگومان پێویستە ھاوکاریش ھەبێت و چەکیش بدەن، بەڵام بەڕێز ترەمپ باسی ١١ ھەزار شەھیدی ئێمەی نەکردوە، بەڕێز ترەمپ ده‌یتوانی بڵێت چەند سەربازی ئەمریکی لێرە شەھیدبون" ؟ ئەوەی شەڕی ئەکرد ئێمە بوین ئەوەی لەپێشەوە بو ئێمە بوین".

باسی لەوەشکردووە، "سوپای ئەمریکا سەلامەتبون ھیچ زیانێکیان بەر نەکەوت، بۆیە دەبێت قوڵتر سەیری بابەته‌كه‌ بکەین ئەو شەڕەی لەسوریا ھەبو شەڕێکی زۆر گەورە بو ئەمە لەلایەک لەلایەکیتر بڕوانێت لەشەڕی عێراق چەند سەربازی ئەمریکی تیاچون؟ لەشەڕی ئەفغانستان چەند تیاچون؟ لەو شەڕانەشی لەگەڵ ئێمە کردی چەند سەربازی تیاچون؟ با ئەو بەراوردانە ببینێت ئینجا باسی چەک و پارە بکه‌ن".

ساڵح موسلیم پەیامەکەی دوێنێی مەسعود بارزانی به‌هه‌ڵوێستی باش وه‌سفی كرد و وتی، "بێگومان ئەو ھەڵوێستە بەشتێکی باش دەزانین جێی سوپاسە، پێویستە لەسەر ھەر کوردێک کە بەو شێوەیە بێت، ئومێدی ئێمە لەسەر کاک مەسعود زیاترە لەوەی کە دەتوانێت دیالۆگ و یەکێتی کوردان دروستبکات، دەتوانێت پەیوەندی خۆی لەگەڵ ھەمولایەنەکان باش بکات و لەگەڵ ئێمەشدا پەیوەندی باشی ھەبێت".

رونیشیکردەوە، "به‌بڕوای ئێمه‌ یەکێتی کوردان له‌ ئێستادا لەھەرکاتێکی تر زیاتر پێویستە نەک ته‌نها بۆ ڕۆژئاوا بەتەنھا بۆ تەواوی کوردستان بە گشتی لەبەرئەوەی ئەو مەترسیەی کە ھەیە بۆ تەواوی کوردانە".

Copyright 2019 BMC TV. All right reserved

Designed and Developed by AVESTA GROUP