Alternate Text

زۆرترین بینراو

Alternate Text

نێچیرڤان بارزانی: نەخشەڕێگەیەکمان بۆ بەهێزکردنی پێگەی ژن داڕشتووە

کوردستان

بینراو 97

پێش 2 هەفتە

Alternate Text
+ -

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، جەخت له‌ ئیرادەی سیاسیی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە بۆ پشتگیری لەسەر پرسی دادوەریی کۆمەڵایەتی و یەکسانیی جێندەری لە هەرێمی کوردستان.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا بە بۆنەی دەستپێکردنی کەمپەینی شازدە رۆژەی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنان، رایگەیاندووە، هەڵمەتەکە لە 2007ـەوە ساڵانە رادەگیێنرێت بۆ چڕکردنەوەی کار و چالاکییەکان بە ئامانجی بنبڕکردنی تووندوتیژیی جێندەری و دابینکردنی دادوەری. دەشڵێت "وێڕاى سه‌ختييه‌كان، بەتایبەتی دوای سەرهەڵدانی داعش و تاوانه‌كانى و جینۆسایدی ئێزیدیيان، کە بوونە هۆی دروستبوونی قەیرانی گەورەی مرۆیی، هەرێمی کوردستان توانیویەتی بە شێوازێکی دروست و شايسته‌ مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکات".

کەمپەینی شازدە رۆژەی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنان، ساڵانە لە هەرێمی کوردستان لە 25-11 دەستپێدەکات، لەو پەیامەیدا نێچیرڤان بارزانی کە ئێوارەی 24-11 بڵاویکردەوە، چەند کاژێرێک پێش دەستپێکردنی هەڵمەتەکە، دەڵێت "هەموو قەیران و شەڕێک کۆمەڵگە دەشێوێنن، هەنگاوەکان دوادەخەن و دەبنە مایەی تووندوتیژی، ئافرەتانیش قوربانیی سەرەکیی ئەو دۆخه‌ن، بۆیە لەم رۆژەدا و بۆ ئه‌م ئه‌ركه‌ پێويست و گرنگه‌، جەخت لەسەر بەردەوامی و هەماهەنگيی سەرۆکایەتیی هەرێم لەگەڵ دەسەڵاتی جێبەجێکردن و کۆمەڵگەی مەدەنی و مامۆستایانی ئایینی و ئاژانسەکانی یووئێن و رێکخراوە ناوخۆيى و نێودەوڵەتییەکان ده‌كه‌ينه‌وه"‌.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆتایی پەیامەکەیدا رایدەگەیێنێت، کە لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دیدگایەکی ستراتیژیی فراوانیان داڕشتووە، "وەک نەخشەڕێگایەک بۆ پاراستنی ماف و گەشەپێدان و بەهێزکردنی پێگەی ژن لە کۆمەڵگە بە هەماهەنگی له‌گه‌ڵ لايه‌نه‌ په‌يوه‌نداره‌كان کاری لەسەر دەکەین". 

داواش لە سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستان دەکات "چالاکانە لە ئەنجامدانی کار و چالاکییەکانی شانزەڕۆژه‌ی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژیی دژی ئافرەتان، بەشداربن".

Copyright 2019 BMC TV. All right reserved

Designed and Developed by AVESTA GROUP