Alternate Text

زۆرترین بینراو

Alternate Text

قوباد تاڵەبانی: گفتوگۆکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا جددین

کوردستان

بینراو 74

پێش 1 هەفتە

Alternate Text
+ -

 جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، گفتوگۆکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا (جددین) و هیوادرە بگەنە ئەنجامێک کە بۆ هەموو لایەک باش بێت.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنوسان رایگەیاند، "لیژنەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر گفتوگۆکان و کاری خۆیان لەگەڵ حکومەتی عێراق بەردەوامن، شاندێکمان لە بەغدا بو و گفتوگۆی باش لەنێوان هەردولادا هەبو".

باسی لەوەشکرد، "ئەمڕۆش شاندەکە جارێکی دیکە چوەتەوە بەغدا و گفتوگۆکانیش گفتوگۆی جددین، هیوادارین بگەینە ئەنجامێک کە بۆ هەمو لایەک باش بێت".
 
بۆ جاری دووەم شاندی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە سەردانی بەغدای کردەووە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ شاندی حکومەتی عێراق، لەبارەی پرسی نەوتی هەرێمی کوردستان و بودجەی ٢٠٢٠ی عێراق.

جێگری سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، "لە وەزارەتی دارایی بەدواداچون بۆ ئەو پرسە دەکرێت، وەک هەرێمی کوردستان دەتوانین پرۆژەیاسای بودجەی خۆمان ئامادەبکەین، بەڵام بەبێ یەکلایی کردنەوەی تەواوی داهاتی هەرێمی کوردستان کە بەشێکی زۆری لە بەغداوە بۆمان دێت ئاسان نابێت، ئەگەر ئەوە لای ئێمە رون نەبێت کە بەغدا دەینێرێت".

تاڵەبانی ئەوەشی خستەڕوو، "دەبێت پرۆژەیاسای بودجەی عێراق یەکلایی ببێتەوە تاوەکو ئێمە بزانین داهاتی هەرێمی کوردستان چەندە و بتوانین پرۆژە یاسایەکی گونجاو بۆ هەرێمی کوردستان دابینبکەین". 

 

ئەوە لە کاتێکدایە ٢٣ی ئەم مانگە، شاندی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای پایتەختی کرد و لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوەوە، بەپێی وتەی ئەندامانی شاندەکە، گفتوگۆکانی نێوان هەردوولا، "قۆناغێکی گرنگ و پێشکەوتویان بڕیووە"، لە کەشێکی ئەرێنی بەڕێوەدەچن.

تؤڕی میدیایی بینەر ئەوەشی زانیوە، لە کۆبونەوەی رابردوی شاندی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقدا گفتوگۆیان کردووە لەبارەی ئەوەی هەرێم ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا بکات و لەبەرامبەر شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.
 
بەپێی یاسای بودجەی ٢٠١٩ی عێراق، لە مانگی نیسانی ئەمساڵەوە حکومەتی عێراق مانگانە بڕی ٥٢٢ ملیار دیناری بۆ مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان رەوانەکردوە، تا ئێستاش بەردەوامە.

رەوانەکردنی ئەو بڕە لەکاتێکدابوو بڕیاربوو، حکومەتی عێراق پشکی لەسەدا ١٢.٦٧ بۆ هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق بنێرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی هەرێمی کوردستان نەوتی رادەستی بەغدا نەکرد، پارەکە بۆ ٥٢٢ ملیار دینار کەمکرایەوە، وەک ئەوەی لە یاسای بودجەدا هاتبوو.

Copyright 2019 BMC TV. All right reserved

Designed and Developed by AVESTA GROUP