Alternate Text

زۆرترین بینراو

Alternate Text

له‌باره‌ی كه‌مپی مه‌خموره‌وه‌ حكومه‌ت وه‌ڵامی هیومان رایتس ۆچ ده‌داته‌وه‌

کوردستان

بینراو 70

پێش 3 هەفتە

Alternate Text
+ -

رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێم، لە وەڵامی راپۆرتی "هیومان رایتس واتچ"ـدا، رایگەیاند، ئەو قوتابیانەی كە نیشتەجێی كەمپی مەخموورن و لە زانكۆ و پەیمانگاكانی هەرێم دەخوێنن، رۆژانە بە شێوەیەكی ئاسایی هاتوچۆی خۆیان دەكەن.

راپۆرتی هیومان رایتس واتچ كە لە ٢٧/١١/٢٠١٩ بە ناونیشانی "هەرێمی كوردستانی عێراق: سنوورداركردنی هاتوچۆی ئاوارەكان" دەرچووە، باس لەوە دەكات كە دەزگا پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی هەرێم رێگری دەكەن لە هاتوچۆی پەنابەرانی كەمپی مەخموور بۆ دەرەوەی شارەكان، بە تایبەتی دوای كردەوەی تیرۆركردنی دیپلۆماتێكی توركی لە شاری هەولێر. لەم بارەیەوە، دیندار زێباری، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، رایگەیاند، لە دوای هاتنی بە لێشاوی ئاوارە و پەنابەران بۆ هەرێمی كوردستان، دەزگا پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی هەرێم چەندین رێوشوێنیان گرتە بەر بۆ حەواندنەوەیان و دروستكردنی كەمپ بۆیان، یەكێك لەو رێوشوێنانە بریتی بووە لە رێكخستنی هاتوچۆی كەمپەكان، ئەویش بۆ پاراستنی ئەمن و ئاسایشی كەمپەكان و رێكخستنی، بەڵام سەرەڕای ئەوەش رێگری لە كەس نەكراوە، تەنانەت ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و پەنابەران لەناو شارەكان دەژین.

زێباری، تیشكی خستە سەر ئەو راپۆرتەی هیومان رایتس و لەم بارەیەوە زیاتر وتی، "لە دوای تیرۆركردنی دیپلۆماتێكی كۆنسووڵخانەی توركی لە هەولێر، دەزگا پەیوەندیدارەكان پێداچوونەوەیەكیان بە رێوشوێنە ئەمنییەكاندا كرد، بەشێك لە دانیشتووانی ئەم كەمپە كێشەیان هەیە بۆ تازەكردنەوەی ناسنامەی رێپێدان كە ژمارەیان دەگاتە (٧٦٠) كەس، كە رەزامەندیی نوێكردنەوەیان لەلایەن حكوومەتی ئیتیحادییەوە دەدرێت نەك حكوومەتی هەرێم و، لەبەر نوێنەكردنەوەی ناسنامەی رێپێدان بەشێكیان كێشەیان بۆ دروست بووە لە هاتوچۆكردن بۆ پارێزگاكان، هەروەها چەند گرووپێكی سەربازیی نافەرمی لە دەوروبەر و ناو كەمپەكە بوونیان هەیە، كە دەست دەخەنە ناو بەڕێوەبردنی كەمپەكە و سەرپەرشتیی كەمپەكە دەكەن، حكوومەتی هەرێم بە هیچ شێوەیەك بەشێك نییە لە بەڕێوەبردنی كەمپەكە و هیچ هێزێكی ئەمنیش لەلایەن حكوومەتی هەرێمەوە بوونی نییە لەو ناوچەیەدا.

رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان ئەوەشی ئاشكرا كرد، كە بۆ چارەسەركردنی كێشەی هاتوچۆی پەنابەرانی كەمپەكە و كارئاسانیكردن بۆیان، لایەنە پەیوەندیدارەكان لە هەوڵدان بۆ  دۆزینەوەی رێگاچارەیەك لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی ئیتیحادی، چونكە لە ساڵی ٢٠١٤ـوە وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی ئیتیحادی لە بەغدا نوێكردنەوەی ناسنامەی نشینگەی بۆ پەنابەرانی نیشتەجێی ئەم كەمپە راگرتووە، بەڵام پێشتر دانیشتووانی كەمپەكە ئازاد بوون لە هاتوچۆكردن بۆ هەموو شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی راپەراندنی كاروباری رۆژانەیان.

زێباری ئەوەشی روون كردەوە، كە سەرەڕای پێداچوونەوە بە رێوشوێنە ئەمنییەكان، رێگری لە هاتوچۆی پەنابەرانی كەمپی مەخموور نەكراوە و لەم رووەوە گوتی: "سەرەڕای ئەو رێوشوێنانەی كە لە ئێستادا پیادە دەكرێن لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەكانەوە، بەڵام ئەو قوتابیانەی كە لە زانكۆ و پەیمانگاكانی هەرێم دەخوێنن، رۆژانە بە شێوەیەكی ئاسایی هاتوچۆی خۆیان دەكەن، هەروەها كەسانی نەخۆش كە لە بنكەی تەندروستیی كەمپەكە چارەسەر ناكرێن و پێویستیان بە سەردانی نەخۆشخانەی شارەكان هەیە بە مەبەستی چارەسەری، بە هیچ شێوەیەك رێگرییان لێ نەكراوە، بەڵكوو هاوكارییان دەكەن بۆ ئەوەی سەردانی نەخۆشخانە بكەن، تەنیا خاڵەكانی پشكنینی هەرێم داوای دڵنیابوونەوە دەكەن لە ناسنامە و بەڵگە فەرمییەكان".

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ ،پەنابەرانی كەمپی مەخموور ژمارەیان دەگاتە نزیكەی ٢١٠٠٠ كەس، بەر لە ساڵی ٢٠١٤ كەمپەكە لەلایەن كۆمیسیۆنی باڵای كاروباری پەنابەرانی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان، رێكخراوی قەندیل و فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەرانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆوە بەڕێوە دەبرا، بەڵام لە ئێستادا لە لایەن هێزە ئەمنییە نافەرمییەكانەوە سەرپەرشتی دەكرێت و سرووشتی سیڤیلیی خۆی لە دەست داوە.

Copyright 2019 BMC TV. All right reserved

Designed and Developed by AVESTA GROUP