Alternate Text

زۆرترین بینراو

Alternate Text

نرخی غازی ماڵان دیاریکرا

کوردستان

بینراو 17621

پێش 2 هەفتە

Alternate Text
+ -


لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی لەرووی كوالێتی و بڕو نرخەوە چاودێری وردی ئەو غازە دەكەن كە بە هاوڵاتیان دەفرۆشرێت، لەكاتی بوونی سەرپێچی پێویستە هاوڵاتیان لایەنە پەیوەندیدارەكانی لێ ئاگاداربكەنەوە.

سەردار ساڵح، سەرۆكی لیژنەی غازی ماڵان رایگەیاند، "لە سنوری شاری سلێمانیدا (٢٩) كارگەی تێكردنەوەی غازی ماڵان هەیە، بەوردی چاودێری كارەكانیان دەكەین لەرووی بڕی ئەو غازەی دەیكەنە بتڵەكانەوە كە كێشكەی (١٢)كیلۆگرامە و بە كێشی بتڵەكەوە دەبێت بە (٢٨)كیلۆ و نیو، هەر بتڵێك كە تێبینی بكرێت لەو كێشە كەمترە، رێكاری پێویست لەگەڵ كارگەكەدا دەگیرێتە بەر، رێگەنادرێت لە هیچ شوێنێك دووكان بێت یان ئۆتۆمبێلی فرۆشتنی غاز، نرخی هەر بتڵێك لە (حەوت)هەزار و (٥٠٠)دینار زیاتربێت، هەرهاوڵاتییەكیش لەو بڕە زیاتری لێوەربگیرێت دەتوانێت سكاڵا بكات".

راشیگەیاند، "رۆژانە نزیكەی (٢٧٠)تۆن غازی شل لە كەركوك و كێڵگەكانی كۆرمۆرەوە هاوردەی سلێمانی دەكرێت و لەرێگەی كارگەكانی غازەوە دەكرێنە بتڵەوە و بە هاوڵاتیان دەفرۆشرێن، بەوەش رۆژانە نزیكەی (١٤)هەزار بتڵ لە سلێمانی لەلایەن هاوڵاتییانیەوە بەكار دەهێنرێن".

 لەرووی كوالێتی ئەو بتڵانەی ئێستا بەكار دەهێنرێت، سەرۆكی لیژنەی غازی ماڵان رایگەیاند، "دوو كارگەی دروستكردنی بتڵی غاز لە سلێمانیدا هەیە، كە بە وردی چاودێری كوالێتی بەر‌هەمەكانیان دەكەین و ئەو بتڵانەی خستویاننەتە بازاڕەوە بەپێی كوالێتی و ستانداردی عیراقییە و كێشەیان نییە، بتڵەكانیان‌ لۆگۆ و ناوی كارگەكەی لەسەرە، بەدەر لەو جۆرانەش كە بەپێی ستانداردهی عیراقییە رێگەمان بە بەكارهێنانی هیچ جۆرێكی تری بتڵ نەداوە، تەنانەت ئەو بتڵانەی كە مادەی پلاستیكن و كێشیان كەمە، لەرووی كوالێتییەوە هیچ كێشەیەكیان نییە و رێگەپێدراون".

داوای لە هاوڵاتیان كرد لەكاتی بینینی هەر كێشەیەك لە بڕ و كوالێتی و نرخی غازی ماڵاندا دەستبەجێ لەرێگەی لاپەڕەی فەرمی قائیمقامیەتی سلێمانی لە فەیسبووك یان ژمارە تەلەفوونی(٠٧٧٠٥٤٨٧١٧١) لیژنەی غازی لێ ئاگادار بكەنەوە. 

Copyright 2019 BMC TV. All right reserved

Designed and Developed by AVESTA GROUP