Alternate Text

وتارەکانی نوسەر

ئاكۆ محه‌مه‌د

گەڕانەوەی هەیبەتی كورد و لەخۆبایینەبوون

Alternate Text

12/2/2019 6:10:00 AM

هاتنی مایك پێنس، جێگری سەرۆكی ئەمریكا بۆ هەولێر و نەچوونی بۆ بەغدا، خەڵك و بەرپرسان لە كوردستان و عێراق و ناوچەكە زۆریان لەسەر گوت و شرۆڤەكارانیش لە داهاتوودا زیاتری لەسەر دەڵێن، بەڵام بەشێكی ئەو سەردانە لە لێدوانی "بەرپرسێكی پلەبەرز"ی ئەمریكادا بۆ ئاژانسی (ئەسۆشێیتد پرێس) پوخت دەبێتەوە كە گوتوویەتی سەردانی جێگری سەرۆكی ئەمریكا بۆ هەولێر " ئامانجەكەی دڵنیاكردنەوەی كوردە هاوپەیمانەكانی ئەمریكای دژی داعشە، هەروەها دڵنیاییدانە بەو ئەمریكیانەی ماوەیەكی درێژە پشتیوانی لە كێشەی كورد دەكەن".

بەشەكەی دیكە ئەوەیە، ئەمریكا لە دۆخی عێراق و شێوەی بەڕێوەبردنی عێراق رازی نییە. لەبەرئەوەش پەیامەكانی جێگری سەرۆكی ئەمریكا لەعێراق و لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەیدا لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق زیاتر داواكاری بوون و كەمتر پشتیوانی بوون. بەڵام پەیامەكانی لە كوردستان تەواو پێچەوانە بوون. 

ئەمریكا زۆر خوێن و پارەی بۆ عێراق خەرجكرد، بەڵام عێراق بووە نموونەیەكی شكستخواردوو، بەرهەمهێنەری مەترسیدارترین رێكخراوی تیرۆریستی بۆ جیهان. دۆخی عێراقیش بە مۆدێل و بەڕێوەبردنێكی زۆر خراپەوە بووە مایەی ئەوەی كە تەنانەت بە پێداگیری زۆری حكومەتی ئەمریكاش، كۆمپانیا نەوتی و كۆمپانیا جۆراوجۆرە ئەمریكییەكان ئەو متمانەیەیان بۆ دروست نەبوو كە عێراق ئەو شوێنەیە بتوانن تێیدا كاربكەن و عێراقی ئێستا بكەنە هاوبەشی ئابووریی خۆیان، چونكە وڵاتێكی شڵەژاو و نائارامە و نەبووەتە هاوبەشی سیاسی ئەمریكا و رۆژئاوا. 

كورد لەم ناچەیەدا بۆ خۆپاراستن لە دەست كۆمەڵكوژی و چەوساندنەوەی دەوڵەتانی ناوچەكە پەنای بۆ دەرەوە بردووە و چاوی لە پاراستنی دەرەوەیە. لەوانەیە زۆرجار سەرۆكەكانی ناوچەكە و سیاسییەكانیان ئەوەیان وا لێكدابێتەوە كە كورد بووەتە داردەستی بێگانە و كارتی دەستی وڵاتان لە دژی دەوڵەتانی ناوچەكە. بەڵام بەر لەو قسەیە، دەبێ ئەو پرسیارە بكرێت بۆچی كۆنترین نەتەوەی ئەم ناوچەیە چاوی لە پاراستنی دەرەوەیە؟. لە باشووری كوردستان چوار هەزار گوند وێرانكران بە مزگەوتەكانیانەوە، بەڵام بە پاراستن و پشتیوانی وڵاتانی رۆژاوایی ئەو گوندانە بە مزگەوتەكانیانەوە ئاوەدان كرانەوە، ئەوانەی ئاوەدانیش نەكراونەتەوە بەهۆی قبوڵنەكردنی پێكەوەژیانی ئاشتیانە و چارەسەركردنێكی سیاسیانەی كێشەی كوردە لەلایەن دەوڵەتانی ناوچەكەوە. 

لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا، بە ستراتیژێكی هاوبەش، دەسەڵات و هەیبەتی كورد تێكدەشكێنرا، دەست بە گۆڕینێكی دیمۆگرافی لە دژی كورد كرا، بەمەبەستی نەهێشتنی دەسەڵاتدارێتی و گۆڕینی ناسنامەی جوگرافی و لەهەموویشی مەترسیدارتر بۆ شكاندنی هەیبەتی كورد. 

ئەو ستراتیژە رەنگدانەوەیەكی زۆر خراپی بەسەر دۆخی كەمینەكانی كوردستانیشەوە هەبووە، چونكە ئەو ناوچەیە كە لەمێژوودا مۆزایكێكی هەمەڕەنگی ئایین و نەتەوە جیاوازەكان بوو، هەمووی لەنێوبرا، ئەوەی ماوەتەوە تەنیا لە ناوچە كوردییەكاندایە، ئەویش بەهۆی ئەو ستراتیژە ناوچەییەوە لەژێر هەڕەشەیەكی زۆر گەورەدایە و، لە دواڕۆژدا مەترسی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەسەر ئاسایشی جیهان زۆر زیاتر دەكات. 

كە كۆشكی سپی دەیەوێت دڵنیایی بداتە ئەو " ئەمریكیانەی ماوەیەكی درێژە پشتیوانی لە كێشەی كورد دەكەن"، نیشانەی ئەوەیە پشتیوانی كورد ئەوەندە فراوان بووە، گەیشتووەتە رادەی كاریگەرییەكی زۆر بە دەسەڵات و تاڕادەیەكیش دەكرێ ببێتە مژارێكی دیاری ململانێی نێو هەڵبژاردنی سەرۆكەكان، كە ئەوە پێشكەوتنێكی زۆر گەورەیە. بەڵام دیسانەوە دەبێ ئەوە وانەكات كورد هێوریی خۆی لەدەستبدات و لەخۆبایی ببێت، چونكە هێشتاش لەو جیهانەدا ئەوانەی رێكدەكەون دەوڵەتەكانن نەك نەتەوەكان. لەبەرئەوەش دەبێ كورد بەهێزبوونەوەی پێگەی سیاسی خۆی بۆ رێككەوتن لەگەڵ پایتەختی ئەو دەوڵەتانە بەكاربێنێت كە كوردستانیان پێوە لكێنراوە. لەهەمانكاتدا پەیوەندییەكانی لەگەڵ دەوڵەتان و گەلانی جیهان بەهێزتر بكات. 

 قسەكانی مایك پێنس جێگری سەرۆكی ئەمریكا دوای سەردانەكەی بۆ هەولێر، زۆر جێگەی سەرنج بوون لە زۆر رووەوە، بەڵام ئەوەی كە دڵنیاییەكەی لە هەولێر و لە "رێگەی سەرۆك بارزانییەوە" بۆ هەموو كورد و، ئەو " ئەمریكیانەی ماوەیەكی درێژە پشتیوانی لە كێشەی كورد دەكەن" و جیهان نارد، خاوەن گرنگی و واتایەكی زۆر گەورەیە. ئەوە بۆ هەولێر و سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش، بەبیرهێنانەوەیەكی تازەی ئەركێكی گەورەیە. ئاستێكی زۆری ئاوەدانی و سەقامگیری سیاسی و رێككەوتنی سیاسی نێوان لایەنەكانی هەرێمی كوردستان، هەولێری لە بەغدا جیاكردووەتەوە. ئەوە دەبێ بۆ رۆژاوای كوردستانیش پەیامێك بێت كە دەبێ لایەنە سەرەكییەكانی بە ناسنامە و بەبڕیاری خۆیان و بەبێ دەستێوەردانی دەرەوەی كورد، رێككەوتنێكی سیاسییان هەبێت، بۆ ئەوەی كاركردن لەگەڵیان بپەڕێتەوە بۆ كاركردنێكی سیاسی نەك تەنیا سەربازی. هاوپەیمانیی دژی داعش، ئێستا پەیامەكانی خۆی لە رۆژئاوای كوردستان و باكووری سووریا بە كوردی بڵاودەكاتەوە، بەڵام پەیامی سیاسی ئەمریكا بۆ كورد لە رۆژئاوای كوردستان هێشتا بە ئاشكرا نییە.

Copyright 2019 BMC TV. All right reserved

Designed and Developed by AVESTA GROUP