Alternate Text

وتارەکانی نوسەر

ستران عەبدوڵڵا

كورد و عەرەب لە عیراق بە تەمای چین

Alternate Text

7/30/2019 1:48:00 PM

1

نۆرەیەكی تری گفتوگۆی كورد و عەرەبمان پێویستە لە عیراق. گفتوگۆكە هەر هی كورد و عەرەبی عیراق بێت. چونكە هەندێك جار لە قەرەباڵغی گفتوگۆدا باسو خواسەكان بزر دەبن. من و تۆ كێشەمان لەگەڵ عەرەبی تونس و میسر نییە، مەگەر بۆ وەرگێڕانی ئەدەبی یەكتری نەبێت. وا دەبینم عەرەبی بەغداش كێشەی لەگەڵ كوردی شوێنی تر نییە، مەگەر لە چوارچێوەی دیمەنە گشتییەكەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەبێت، كە نەتەوەكان هەن و گەرەكە دیالۆگێكی شارستانییان لە نێودا بەرپا بێت و دایمە و دەرهەم لە جەژنی نەورۆز و جەژنی رەمەزان و قوربان و فێستیڤاڵەكاندا یەكتری بەسەربكەنەوە و رەسمی ئایندەیەكی وا بكەن شەرمی تێدا نەبێت بەرامبەر یەكتری كە سەدەی بیستەمیان لە بێ بێدادی و شۆڤێنیزم بەسەربرد و بیست ساڵی یەكەمی سەدەی بیست و یەكیش تا ئێستا نیشانەیەكی سپۆرتی و جوامێری وایان لە خۆیان دەرنەخستووە، كە حورمەتی یەكتری و لەناویشیدا حورمەتی كورد دەگرن، ئاخر کورد غەریبەی ناوچەكە نییە و وەك شاخ و داخ و رووبارەكانی هەن، رەسەن و ڕەگداكوتاوە. دێمە سەر بەشەكەی كورد و عەرەب لە عیراق.

هەردوولا بە تەمان چۆنی بگوزەرێنن؟ سەد ساڵ ئەزموونی تاڵیان پێكەوە هەیە و دەستوورێكی فیدراڵیشیان لە نێواندایە كە هەموو دونیامان بۆ هێنایە تكا و رجایە، ئینجا پڕە لە پێچە بە دەورەیی و فەتحە و زەمەی ماناهەڵگر. ئەمریكا ئینگلیز و ئیفرەنج و شارەزاكانی رێکخراوی یوئێن قسەیان تێدا كرد و ناوبژیوانی بوون. هێشتا هەردوولا پێشبڕكێی سەنگەرگرتن و جەمسەرگیرییان هەیە بەرامبەری، داخۆ كامە لایان زیاتر پێشێلی دەكەن؟.

پرسیاری هەرە جەوهەری ئەوەیە كە كورد و عەرەب لە عیراق بە تەمان چۆن لەگەڵ ئەم حەكەمە دەستوورییە مامەڵە بكەن و چ دادگایەكی دەستووری بەر مەبنای رۆحی ئەو دەستوورەی بۆ بینا بكەن؟ برا عەرەبەكان کە لەشیعری پێشەنگانی وەکو مامۆستا گۆراندا وەک برای عەرەبی چاوڕەشم ناوی ھاتووە، وا دەزانن دەرفەتی ریفراندۆمی كوردستان دەرفەت بوو بۆ خۆیان تا هەرچی كورد بەدەستیهێناوە بیماشنەوە. وەك بڵێی قەومانەكانی پێشوو بەس نەبوون لە ئەنفالی كورد و گۆڕی بە كۆمەڵی ئەھلی جنوب؟ دەیان ساڵ تەھجیر و تەعریبـی عروبی و سەدامی كە هیچی تیانەبوو بۆ نەتەوەی عەرەب بەس نییە تا ئێستا ئەرك بە پارێزگاری بە كەفالەتی وەك راكان جبوری بسپێردرێت ئەوە تەواو بكا كە ئەبوعەدای پێی تەواو نەكرا. دوو ساڵە كەركوك لەبندەستی حكومەتی مەركەزییە، كەچی لە جیاتی ئیدارەیەکی مۆدێرنی بۆ دابمەزرێنن میلیشیای حەشدی شەعبـی حوكمی دەكا كە خۆیان ئەو میلیشیایەیان بۆ بەغدا و ماباقی وڵات ناوێت، بە بەڵگەی ئەوەی ئێستا گەرەكیانە لەوێ پەڕوباڵی بكەن و ریشی بتاشن. ئەی خێرە بۆ شارێكی هەستیاری وەكو كەركوك خاوەخاوی مانەوەی حەشدیانە؟

شارێك جەیشی شەعبـی دەرەقەتی نەیات ئێستا حەشدی شەعبـی لێی دەباتەوە ؟ شارێک کە تا لەدەست ئیدارەیەکی ھەڵبژێردراو بوو چونکە رەنگدەرەوەی ئیرادەی خەڵکەکەی بوو پێیان دەوت بەرمیلی باروت کەچی ئێستا حوکمی سەربازییان پێ باروت نییە؟

2

عەرەبی عیراق دوای سەد ساڵ لە ئەزموونی خوێن و فرمێسك، تازە دەخوازێت چاو لە نەتەوە سەردەستەكانی تر بكات و ئەویش لە شان و شەوكەتی ئیرادەی كورد كەم بكاتەوە؟ ئەی بزووتنەوەی سیاسیی عیراق بە راست و چەپییەوە پێیوایە ئەوی لە عیراق دەگوزەرێ و ئەوی بۆتە فۆبیای كوردستان تا سەر سەردەكەوێو وەك ماشەڵڵا لە شوێنی تر (سەركەوتووە)؟ ئەگەر هەنجەت كەموكوڕی كوردستان کە ھەیە و نکۆڵی لێ ناکرێت و بەشێكی چەوتی سیاسەتی كوردییە، ئێ خۆ عیراق لە بەسرەی تا بەغدای، لە موسڵی تا رومادییەکەی شایەتی بردنەوە و مۆدێلی نموونەیی نییە لە ئیدارە و لە دیموكراسی و لە گەشەپێدان و حوكمی مەدەنی؟ خەریكە بێژین لە ھەردوولاوە پێشبڕكێیە لە كەموكوڕی و پاشەكشێی دوودیودا هەردوولا وەكو یەكن؟ ئەوە بۆ بەشەكەی ئەو دیوی حەمرین، داخۆ كورد بە تەمایە چی بكات؟ گەرەكێتی مەسەلەكانی بۆ رێكەوتن و زەمان و رۆژگار بەجێبهێڵێت، یان لە بەرنامەیدایە خۆی كۆبكاتەوە و خۆی تۆكمە بكاتەوە تا ئەم نەزیفەی دوای ریفراندۆم دروست بووە لە شوێنێك رابگرێ؟ هەرچی برایانی عەرەب بیكەن هەر نەیسە، چونكە بۆ ئەوان مەسەلەیەك نییە، بۆ ئێمە مەسەلەیە، لەبەرئەوەی ئێمە خاوەن مەسەلەین کە مەسەلەی مێژوویی کوردستانە، ئایا پێمانوایە بە گۆشەگیری نەتەوەیی و لەخۆڕازی بوون هەموو شتێكمان مسۆگەر دەبێت؟ یان پێمانوایە بە هەرزانفرۆشی مەسەلەی نیشتمانی و نەتەوەییمان، قۆناغی راگوزەری ھەستیار دەبەینەسەر؟.

لە پەنا عیراقچێتییەكی بێ تامەوە كە رەهەندی كوردستانێتی و عیراقێتی مەسەلەی كورد رەچاو ناكات و ناھاوسەنگی بە ناونیشانی پراگماتییەوە دەشەمزێنێ، پێمانوایە تاسەر پارێزراو دەبین و دونیا شامی شەریفە؟ دونیای وا تەنانەت لە شامیش وەكو خۆی نەماوە، ئیتر بۆ پێمان وایە لە دراوسێكانی وا دەبێت؟.

كورد لە عیراق پێویستی بە هەڵوەستەیەكی جددی هەیە، ئەمە هەر بۆ خۆیشی نییە، لەبەر خاتری عەرەبی عیراقیشە كە نەچنەوە سەر نەریتی كۆن و بە بزووتنەوەیەکی دیموکراسیانەی شایان رێ لە گەشانەوەی رەوتی شۆڤێنی بگرن كە ماڵوێرانی بۆ ئەوانیش هێنابوو، گۆڕی بەكۆمەڵی بۆ دروستكردن و داعش و قاعیدەی كردە چارەنووسێكی نەخوازراویان.

كورد پێویستی بە گفتوگۆیەكی جددی و دانوستاندنێكی فرە لایەن ھەیە لەگەڵ عەرەب كە هەر بودجە و مووچە و كارە لۆجستییەكانی حوكمداری نەگرێتەوە، كارێك كە حكومەتی هەرێم و ئیتیحادی دەتوانن رایپەڕێنن و وا دەستیشیان پێكردووە، بەڵام گفتوگۆی جددی و چارەنووسساز ئەوە دەبێ كە بزووتنەوەی كوردایەتی و تەیفە سیاسییەكانی لەگەڵ رەوتە سیاسییەكانی عەرەب بە شیعە و سوننەیانەوە دەستیپێبکەن كە لەسەر بنچینەی ئەزموونی رابردوو و لە ئاستی دوو نەتەوەی كامڵدا ئاوا بكرێت.

تا ئەم فۆبیا بێدەنگەی لە بەرامبەر كورد تەشەنەی سەندووە و خەریكە هاواری لێ بەرز دەبێتەوە، لە شوێنێك رابووەستێ.

چارەنووسی نەتەوەكان، بەتایبەتی ئەوانەی لەچوارچێوەی یەك وڵاتدا دەژی

Copyright 2019 BMC TV. All right reserved

Designed and Developed by AVESTA GROUP