Alternate Text

وتارەکانی نوسەر

شوان ئەحمەد

بۆ مەریوان وریا و ئاراس فەتاح و ڕێبین هەردی

Alternate Text

10/9/2019 12:52:00 PM

- هەر ئێوە بوون ئەردۆگانتان لێکردین بەخوا


یەک چارەکە سەدەی ڕەبەقە، ئەم پێڕە لەڕۆشنبیرانی کورد (مەریوان وریا، ئاراس فەتاح، ڕێبین هەردی) کەمن لای خۆمەوە ماوەیەکە بە(ڕۆشنبیرانی ڕوداوە کتوپڕەکان) ناودێرم کردوون، خەریکی کەمپەین و بەیاننامە دەرکردن و واژۆ کۆکردنەوەو هەڵوێست نواندنن، لەسەر یەک بەیەکی ئەو ڕوداوە جۆراو جۆرانەی ، لەباکورو باشورو ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای کوردستان ڕوو دەدەن.


لەهەر بەیاننامەیەکیشدا(کەدواهەمینیان بەیاننامەیەکە بۆ ڕای گشتیی جیهانیی) و لەپای لەشکرکێشییە چاوەڕوانکراوەکەی ئەردۆگان و سوپاکەیەتی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، دێن و ناوی خۆیان (بەپیتی درشت) وەک سەر تۆپ و پێشەواو دەمڕاستی نوسەران و ڕۆشنبیرانی کورد لەسەری سەرەوەی بەیاننامەکاندا تۆمار دەکەن و لەدامێن و خواروی خوارەوەشدا (سەت ناوێک کەلەباشترین حاڵەتدا وەک کۆمبارس و عەریزە نوسی مۆدێرن و ئینشانوسی بێ فیکر و قوڵایی لەلایەن ئەوانەوە سەیر دەکرێن)، لەڕۆژنامەنووس وئەکتیڤیست و چاودێری سیاسی و چالاکی کۆمەڵگەی مەدەنی و هونەرمەند و کۆمەڵێک نازناوی عەنتیکەی دیکەدا، ڕیزدەکەن و دەوری خۆیانی پێ قەڵەباڵغ دەکەن.


ئەمەش ناو دەنێن هەڵوێست نواندن و تۆماری نیشتمان پەروەری و هەست بەپرسیارێتی کردن و پاشان کڵێشەی بەیاننامەیەکی دووبارەو حازر بەدەست و سواو کەکەس گوێی لێناگرێت و تاسنوری بەردەڕەش و زەڕەیان بڕدەکات ، بەزمانێکی شیعریی دادەڕێژن.
سەیر لەوەدایە ئەم پێڕە بێ ماندو بوون و بەردەوام ، بۆ هەموو ڕووداوێک لەسەر پێن، بۆ هەموو بۆنەیەک بەیاننامەو بۆ هەموو دەمەقاڵێیەک کەمپەین و واژۆیان حازرو ئامادەیە.


(هەر لەجەدوای ئابوری فەریزەی حەجەوە، بۆ خەتەنەکردنی ژنان. هەر لەشەڕی ناوخۆوە ، بۆ هوهاکێشان لەکچانی مەدەنی پۆش. هەر لەڕیفراندۆمەوە ، بۆ دیاردەی فرە ژنی . هەر لەبێکاری و هەژارییەوە، بۆ کێشەو گرفتەکانی سەندیکاو ڕێکخراوەکان. هەر لەبەسەر چوونی مادەی ١٤٠ ، بۆ نزمی ئاستی فیلم و دراما کوردیەکان. هەر لەنەبوونی هێزی ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینەوە، بۆ سوڵتانیزم و دیکتاتۆریەت و کورسیەکەی سەرۆکی هەرێم. هەر لەماکیاژکردنێکی بێ تامی ڕوخساری ئاک پارتی و مۆدێلی ئۆردوگان و یەکگرتووی ئیسلامی و ڕابیتەو محەمەد خاتەمییەوە، بۆ جانتاکەی ئاشتی هەورامی و تەزویری هەڵبژاردنەکان. هەر لەسیستمی خوێندنی سویدیەوە لەکوردستان ، بۆ تراژیدیای بەرهەم ساڵح وەک سەرەک وەزیرانێکی بێ دەستەڵاتی حکومەتی هەرێم. هەر لەکوڕەکانی نەوشیروان مستەفاو بنەماڵەی تاڵەبانی و بنەماڵەی بارزانییەوە، بۆ ژنهێنانەوە شەرم ئاوەرەکەی مەلا عەبدوللەتیفی سەلەفی و چارەسەرکردنی نەخۆش و دەردەدارانی ئەم هەرێمە، بەمیزی حوشترەکەی مەلا عەلی کەڵەک. هەر لەسوریالیزمەکەی فەرهاد پیرباڵەوە، بۆ باڵا پۆشی خانمان و مانگی ڕەمەزان. هەر لەباڵباڵێنی نێوان حیزبەکان ، بۆ نەخۆشکەوتنی تاڵەبانی و خۆ سوتاندنی ژنان و پرسی ژێندەر. هەر لەحەڤدەی شوبات و سەرای ئازادییەوە ، بۆ دیاردەی بەرخۆری لەکۆمەڵگەی کوردی و خوتبەی مەلا توڕەکانی ڕۆژانی هەینی. هەر لەسازش و نەرمی نواندنی گۆڕان و عومەری سەید عەلی بۆ پارتی ، تاسوتاندنی کەناڵی ئێن ئاڕ تی و هاتنە دەرەوەی کاوە محەمەد لەیەکیەتی و پەسەندانی ڕیفراندۆم و بەڵێ کردن بۆ سەر بەخۆی و تەقەکردن لەشاسوار عەبدولواحید و............... هتد).


ئەم برادەرانە بێ ئەوەی ئێستێک بکەن و چرکە ساتێک بسرەوێن و بێدەنگ بن و بزانن چییان وتووەو چی دەڵێن، وەک (گروپی ڕۆشنبیرانی خاوەن هەڵوێستی کورد زوبان)، بەڕاست و چەپدا واژۆ دەبەخشنەوەو بەییانامە دەردەکەن و کوشتەی کەمپەین و گردبوونەوەن .

ئاخر هەر ئەمانە بوون(خۆ ئەرشیفی نوسینەکانیان لەهاوڵاتی و ئاوێنەدا بەردەستە)، ئەردۆگان و ئەکەپەو خاتەمی وڕیفۆرمیستەکانی جمهوری ئیسلامی و یەکگرتوو و عەلی قەرەداغیان، لێکردبووین بەنمونەی جوانی و پاکی و خوداناسی ڕاستەقینەو هیومانیست و لێبوردەی و ئیسلامی مۆدێرن و پێرفێکت و ئیدیاڵ.


ئەمانە ڕۆژێک بزوتنەوەی گۆڕان و ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانیمان لێدەکەن بەفریشتەو فریاد ڕەس و کلیلی چارەسەری تەواوی کێشەکان، کەچی ڕۆژێکی دی لێمانیان دەکەن بەهەلپەرست و سازشکار و ترسنۆک و برا بەشی دەسەڵات.
تاوێک ئۆردۆگانمان وەک مۆدێلێکی ناوازەی ئیسلامی لەناوچەکەدا نیشان دەدەن و گۆرانی بەباڵای ئاک پارتی و ڕیفۆرمە موعجیزە ئاساکانی خاتەمیدا دەڵێن ، کەچی دەمێکی تر نەفرەتیان لێدەکەن و وەک نمونەی بەدی و فاشستی و دڕندەیی و دیکتاتۆری باسیان دەکەن.


دواجار دەڵێم : ( خودایە کارێک بکە ئەمانە تۆزێک بێدەنگ بن، ڕۆژێک بێت و بەیانامەیەک ببینین و ناو و واژۆی ئەمانەی لەسەر نەبێت. ئیلاهی کەمپەینێک ساز بدرێت و قسەکەرانی ئەوەڵ و ئاخیری ئەمانە نەبن. باری تەعالا وابکەیت ئەمانە بەو سەخاوەتەی خۆیانەوە ، ئەو هەموو ئیمزا جوانە مەسرەف نەکەن).


ئاخر خۆ هێشتا دنیا زۆری ماوەو بیرێکی بەیانیتان بێت.

Copyright 2019 BMC TV. All right reserved

Designed and Developed by AVESTA GROUP